بەھەڵە سواربوین بەھەڵەش دەڕۆین

سلێمان عەبدوڵا یونس

4-02-2023

15205جار خوێندراوەتەوە


شۆڕش و شەمەندەفەری ھەڵە

 

شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرھەمەکەی خوێنڕێژی ستالین و بە سەرەخۆرەیی گۆرباتچۆف کۆتایی ھات، شۆڕشی فڕەنسا وێڕای تێزە مرۆیی و جیھانیەکانی سەبارەت بە روخاندنی پاشایەتی رەھا و زۆرداری کڵێسا، کەچی بەرھەمەکەی ناپلیۆن بو، مۆدێلەکانی شۆڕشیش لە دنیای عەرەب: موبارەک لە میسر و قەزافی لە لیبیا و عەلی عەبدوڵا و حوسیەکان لە یەمەن و عومەر حەسەن بەشیر لە سودان و لە عێراقیشدا ھەر لە شۆڕشی 14 تەموزەوە بەرھەمی کۆماریخوازی زنجیرەیەک کودەتای خوێناوی بو، کە دواجار سەدامی لێکەوتەوە.

لە ھێنانه‌وەی ئەو نمونانەدا دەمەوێت بڵێم: کوردایەتیش لە باشوردا ھەر لە کۆمەڵەی ژێ کاف و حزبی ھیواوە بۆ ئەیلول و شۆڕشی نوێ و راپەڕین، وێڕای دەریایەک خوێن و ماڵوێرانی، ئەوەتا بەرھەمەکەی ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی لێکەوتۆتەوە، کە لە دواھەمین کۆمیدیا و تراجیدیای دوانەیی خۆیدا، عەقڵی دەوڵەتداری و میکانیزمی بەڕێوەبردنەکەی کلکە ماسیحەیە.

بەھەڵە سواربوین و بەھەڵەش دەڕۆین

 

ھەرکاتێک بەھەڵە سواری شەمەندەفەر دەبیت، پێویستە لە یەکەمین وێستگە دابەزیت، چونکە ھەتا درەنگتر بێیتە خوارەوە لە شوێنی مەبەست دورتر دەکەویتەوە و تێچوی گەڕانەوە و گەیشتنیشت بە شوێنی مەبەست زیاتر دەبێت. ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانیش سواربونی ئەو شەمەندەفەرە ھەڵەیەیە و ھەتا زوتر لێی بێینە خوارەوە، لەڕوی تێچونەوە زیاتر خۆمان لە زیانمەندێتی دەپارێزین لە ڕوی زەمەنیشەوە، زوتر خۆمان بۆ چونەوە سەر رێگای ڕاست و گەیشتن بە ئامانجە دروست و داڕێژراوەکە دەگێڕینەوە، جا لێرەدا کێ کاپتنی سەرەکیە و کێ لاوەکییە یان لە چ فارگۆنێک دانیشتوین، ئەوە ھیچ لەو راستیە ناگۆڕێت، کە ھەمومان بەھەڵە سواربوین و بە ھەڵەش دەڕۆین.

ھەرێم لە نێوان مھاباد و پاریسدا

 

ئەگەر لە ئەزمونەکانی سیاسەت و مێژوی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا پشت بە تێکەڵەیەک لە (میتۆدی مێژویی) و (میتۆدی واقعی) ببەستین، دەبینین یەکەمین ئەزمونی کوردستان وەک ئەزمونی کۆماری یەکەمی فڕەنسا وایە و لە ھەمو ڕوەکانەوە ڕو لە کۆتایی ھاتنە، جا ئەم بەکۆتاھاتنە بە ڕوخانە یان بە بازادانە بەرەو ئەزمونێکی دیکە، ڕەنگە حوکمی مێژو زۆرنەبات وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئایا شۆڕشی کوردستان، وەک شۆڕشی فڕەنسا، توانای دروستکردنی کۆماری پێنجەمی ھەیە؟ یان وەک کۆماری مھاباد دەچێتە ئەرشیفەوە؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی