سەرۆک شکستی ھێناوە جێگر بڵێ چی؟

سلێمان عەبدوڵا یونس

20-12-2022

19530جار خوێندراوەتەوە


ھەرکاتێک بژاردەکە لەنێوان بردنی داھات و بنیاتنانی داھاتو بێت، پارتی بێ سڵەمینەوە داھات بۆخۆی ھەڵدەبژێرێ و داھاتوی کوردایەتی فەرامۆش دەکات، کتومت وەک ئەوەی لەساڵی 1994 لە پێناو دەستبەسەرداگرتنی گومرگی ئیبراھیم خەلیل کردی و داھاتی برد و داھاتوی ھەرێمەکەی لە شەڕێکی براکوژیدا دولەتکرد!

‏  ‏ لە مێژوی دروستبونی یەکێتیەوە تا ئێستا، ھەمیشە تەبایی ناو ماڵی کوردی، بە سازشی لایەنەکانی دیکە و بە زاڵبونی پارتیدا تێپەڕیوە، بە پێچەوانەوە؛ پارتی سەنگەری گرتوە و براکوژی گەڕاوەتەوە بەردەرگا! 

لەم دۆخەدا کە ھەرێمەکە نوقمی شکستە کەچی سەیرە پارتی خۆی بەسەرکەوتو دەبینێت، ئاخر ئەوە چۆن سەرکەوتنێکە تۆ لە خاوەندارێتی  ڕیفراندۆم و ستراتیژی سەربەخۆیی کوردستانەوە بگەڕێیتەوە بۆ سەروەرکردن و بوژاندنەوی ڕایەڵەکانی عێراقیبون، لە ئابوری سەربەخۆوە دەست لەسەر  سنگ بادەیتەوە بۆ حازرخۆری 200 ملیارەکەی بەغدا ؟!

لەڕاستیدا گەمارۆدانی زۆنی سەوز و بە ناڕەوا بەکارھێنانی داھاتی نەوتی کوردستان بۆ زەقکردنەوەی دوبەیەکی فەیک و کانتۆنێکی زەرد، ئەگەر لە گۆشەیەکی زۆر بچوکەوە مانای سەرکەوتنی حوکمڕانی پارتی بێت بەسەر حوکمڕانی یەکێتیدا، ئەوا لە سەیرکردنی تابلۆ گشتیەکە لە دیدگایەکی نیشتیمانیدا، شکستی بێ چەندوچونی پارتییە لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا لەسەردەمە زێڕینەکانی خۆیدا، بەتایبەت کە یەکێتی نزیک بە دەیەیەکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیرانی موکەڕەڕی دیفاکتۆی خۆی بەخۆڕایی ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی پارتی کردوە و وتویەتی من ئیدی جێگرم لە سەرۆکایەتی حکومەتدا، من بەرگری لە خراپ بەڕێوەبردنی سلێمانی ناکەم، بەڵام بەڕاستی سەرۆک شکستی ھێناوە جێگر بڵێ چی؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی