ئەمجارە خەتای کێیە و لەکوێدا هەڵەین؟

فارس نەوڕۆڵی

2-12-2022

15888جار خوێندراوەتەوە


جیهان لە دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوریدایە. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە جەنگدان، جەنگێکی هەمەلایەنەی نادیاری سیاسی و ئابوری ،شارستانییەتی جیهان لە سەرەو لێژبونەوەدایە، ئەمریکا لە جەنگی ناڕاستەوخۆیە لەتەک ڕوسیا، شەڕی ئۆکراینا و ڕوسیا قەیرانی ئابوری بەتایبەتی وزەی بۆ جیهان دروستکردووە. چین بەردەوام لە کۆنترۆڵکردنی بازاڕی جیهانیدایە، ئەمەش ئەمریکای تەواو نیگەران کردووە. ئەڵمانیا بە پەرۆشە پەیوەندی لەتەک چیندا بەهێز بکات، سەرەڕای نیگەرانییەکانی ئەمریکا ئەمە وایکردووە ئەمریکا کەمتر سەرقاڵی عێراق و ئەم ناوچەیە بێت. 

دەرەنجامی ئەم کێشە و شەڕانە یان بە جەنگێکی گەورەتر یان بە ڕێککەوتن و دابەشکردنەوەی نفوس کۆتای دێت. بە هەربارێکدا ئەڵقە لاوازەکان دەکرێن بە قوربانی، لێرەدا دەبێ بزانین کورد بە هەستیارترین دۆخدا تێدەپەڕێت، ئەوەتا لە هەر چوار پارچەی کوردستان شەڕو پیلانگێڕی هەیە، هەرێمی کوردستان کە خەونی سەدان ساڵەی کورد و ئومێدی هەموو کورد و ئازادی خوازێکە، بەڵام لەناو قەیرانێکی قوڵی ناوخۆیدایە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو کورد کارەساتی گەورەی بەسەردا هاتووە، تراژیدیای گەورەمان ئەزموونکردووە، بەڵام چیمان بەدەسهێناوە جگە لەم دەسکەوتەی باشور (هەرێمی کوردستان ) دواترتەنها کارمان گێڕانەوەی مێژووە بەشێوەیەکی نازانستی هەموو کەوتنەکانمان خستوەتە ئەستۆی ئەوانی دیکە (زلهێزەکان )، مەبەستمە ئەوە بڵێم ئەم دۆخەی ئێستا جیهان و ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێ ئێمەی خستوەتە دووڕیانێک، یان کەوتن یان تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بەبێ زیانی گەورە. 

ترسناکی لەوەدایە کەس قسەی کەسی قەبوڵ نیە. ئەمە نەخۆشیە مێژووییە کوشندەکەیە ئەوەندە ڕقمان لە یەکە نیو هێندە دەستی دوژمنمان بۆ ناخوێنرێتەوە. بۆیە بۆ ئەوەی ئەم جارەش نەکرێینە دەرەوەی یارییەکە پێویستە هەتا ئەم دۆخە جیهانیە تێدەپەڕێ ڕقەکانمان سڕ کەین، دۆخێکی ئارامی ناوخۆیی دروستبکەین، چ باجێکیشی دەوێ بۆی بدەین وەک دەڵێن هەندێک جار (باجی ئاشتی لە باجی شەڕ کەمتر نییە) بەڵام دەرەنجامەکەی گەش دەبێت. 

پرسیارەکە ئەوەیە کورد چی بکات؟ هەرچەندە بەداخەوە ئەو کاتەی پێویستە ئەو کارە بکات کە پێویستە  نایکات ئەمە قسەی من نیە مێژوو وادەڵێت، کەواتە پێویستە بۆئەوەی مێژوو خۆی دوبارە نەکاتەوە کەمێک بیربکەینەوە کەمێک ئەم ڕق و کینەیە کەم کەینەوە، چونکە تابلۆ گەورەکە لە مەترسیدایە، کە بە دەریایەک خوێن نەخشکراوە. بۆیە پێویستە لەسەر هێزەسیاسیەکان  هیچ نەبێ لەم دۆخەدا کێشەکان وەلانێین، ئەگینا ئەم جارە بکەوین کێ تاوانبارە؟ خۆ میللەت تاوانبارنیە میللەت لەشۆڕشدا و لە سەردەمی فەرمانڕەوایی کورددا هەموو قوربانییەکی پێشکەش کردوە ئەرکی خۆی بەرامبەر وڵات جێبەجێ کردوە دەوڵەتانی گەورەی جیهانی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوە 30ی ساڵە تۆپیان هەڵداوەتە مەیدانی ئێمە تۆپ بەقاچی کوردەوەیە سەرەڕای پیلانیگێڕی ئەم لاولا پاراستوینیان  کەواتە  هەرکەوتن و خزانێک هەڵەی هێزەسیاسییەکانە جا هەر هێزەو بەپێی قورسای خۆی، هیچلایەکیش بێ هەڵە نییە گرنگ ئەوەیە بزانین لەکوێدا هەڵەین بیشزانین میللەت بەهۆی هەڵەکانەوە ماندووە و نزیکە لەبێ هیوای بۆیە هەتاکار لە کار نەترازاوە با نەرمبین لەتەک یەکتر تازەبری دوژمن لەناوی نەبردوین و ئەم گەردەلولە جیهانییەڕاپێچی نەکردوین ئەمەش تەنها بەئەقڵ بە ڕەخنە لە خۆگرتن و بەخۆدا چونەوەودان بە هەڵەدانانی خۆمان  وازهێنان لەئینکاریکردنی یەکتر   یەکتر قبوڵکردن و بەهەند وەرگرتنی هۆشداری دۆستانمان وەک سەعدی دەڵێل: (لەتەک دۆست نەرمی و لەتەک دوژمن هەڵکردن ) باشترین کارێکە کە بیکەینە کردار ئەم نوسینەم وەک نیشتیمان پەروەرێک لێ وەرگرن  بۆئەوەی کردارەکانی خۆمان نەخەینە ئەستۆی ئەوانی دیکە ئەوە خۆمانین هەڵە دەکەین ئەوە خۆمانی لە هەر دەرەنجامێکی باش یان خراپ بەر پرسیارین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی