سیاسەتکردن یان لە سیاسەت خستن

فارس نەوڕۆڵی

25-11-2022

9441جار خوێندراوەتەوە


ئەرستۆ دوو هەزار ساڵ زیاتر بەر لە ئێستا لە کتێبی (پۆلەتیک)دا سیاسەتی وەک هونەری شاهانە پێناسە کردووە، هەروەها وتویەتی مرۆڤ زیندەوەرێکی سیاسییە. کەواتە پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە دەوروبەرییەوە دەبێ بە سیاسەت ڕێک بخرێت بۆ ئەوەی فەزای گشتی سیاسەت ئیدارەی بدات، نەک ساختە. 

سیاسەت لە کۆمەڵگای زیندودا ئەرگۆمێنت سازی و گفتوگۆیە بۆ ئەوەی جیاوازەکان پێکەوە هەڵکەن و ڕێگا بدۆزنەوە، کە چۆن ژیانی شەرەفمەندانە و داخوازییە کۆمەڵایەتیەکان بۆ تاک دەستەبەر بکرێت ئەگەر هاوڵاتیانی کۆمەڵگەیەک ئەخلاقیانە بژین، داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕێگەیەکی ئاسانترو دروستر بێ کێشە دەستەبەر دەبێت. 

داخوازی کۆمەڵایەتی زۆرن بەڵام پێنج داخوازی سەرەکیترینن بۆمرۆڤ وەک: 

١- ڕێکخستنی ژیان
٢- ئاسایش و ئارامی 
٣- خۆشگوزەرانی 
٤- دادپەروەری
٥- ئازادی

ئەم ئامانجانەش بە ئەقڵ دەستەبەر دەبێت. ئەفلاتون باوەڕی وابوو ژیانی مرۆڤ بەستراوە بە سیاسەتەوە، بۆیە بەشداری نەکردنی تاک لە سیاسەتدا گورز لە جڤات دەوەشێنێت.

کۆمەڵگای زیندوو سوود لە میتۆدەکانی سیاسەت و فەلسەفەی سیاسی وەردەگرێت بۆ پەروەردەکردنی کارەکتەری کارا، کە لە کایە جیاوازەکاندا کە لە خزمەتی وڵاتدابێت، تاکەکان وا پەروەردە دەکرێن گفتوگۆی یەکتر بکەن (چاوەکان بەرەو حەقیقەت  وەرگێڕدرێن نەک چاودێری ژیانی تایبەتی یەکتر بکەن) ئەمەش لە ڕەخساندنی هەلی گونجاو بۆ بیرمەندان و توێژەران و خەڵکانی ڕۆشنبیر بۆ ئەوەی بیربکەنەوە، کە چۆن تاک بە فەزیللەت بژی، چۆن نیشتیمان سازی بکەین، واتە لەم کاتەدا ڕۆشنبیران و دەسەڵات دوو دراوسێی باش و سەربەخۆبن بۆ تەواوکردنی یەکتر لە خزمەتی شاردا (وڵات)ئەگەر فەزای گشتی دەرفەتی ئازادی و گفتوگۆی تێدا نەبێت، سیاسەت دابەزی بۆ ئاستێکی نزم و تاک توانای بەشداری سیاسی نەبوو لە فەزای گشتیداو خاوەنی بیرکردنەوەی خۆی نەبوو، ئەوکات کۆمەڵگا لەبری سیاسەتکردندا دەبێتە کۆمەڵگایەک بۆ لە سیاسەت خستن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی