ھەرێم و پێوەرەکانی حوکمڕانیی دروست

ئەبوبەكر عەلی

1-10-2022

1877جار خوێندراوەتەوە


دیدی ئەرەستۆ

یەکێ لەئەرکەکانی فەیلەسوفی سیاسی  گەڕانە بەدوای باشترین شێوازو فۆرمی حوکمڕانی دروستدا، بۆ ئەوەی حکومەت لەسەر بنەمایەکی دروست دابمەزرێت ولەوێشەوە توانای باش ئەنجامدانی ئەرکە گشتیەکانی ھەبێت. ئەرەستۆش لەم چوارچێوەدا ناوێزە نیە.

ئەرەستۆ دووپێوەر بۆ دەستنیشانکردنی حوکمڕانی بنەما دروست دەخاتە ڕوو:

ا- شوێنگەو پایەی بەرژەوەندی گشتی وسوودەکانی خەڵك لە لای حوکمڕانان، واتە تاچ ڕاددەیەك توانای بەدیھێنانیانی ئەوانیان  ھەیە وکۆمەڵ لەم ڕوەوە ڕەزامەندە.

ب- بوون ونەبوونی ھاوڵاتی، واتە  تاکەکان بەدەر لەئینتیمای دینی، نەتەوەیی، نەژادی، چینایەتی وکۆمەڵایەتی، خاوەن ماف وئەرکی وەک یەك بن، سەرچاوەی  ڕەوایەتی ودەسەڵات بن وبەشداری لەژیانی سیاسیدا بکەن وبەسەر حوکمڕانانەوە چاودێربن.

بەم جۆرە ئەو مودێلە لەحوکمڕانی، وەك تاکی خاوەن ماف وکەرامەت وسەرچاوەی دەسەڵات وھاوڵاتی ئازادو یەکسان، مامەڵە لەگەڵ  ئەندامانی کۆمەڵگەدا دەکات، ھەروەھا ئامانجی سیاسەتکردنی بەدیھێنانی سودو قازانجی خەڵکی وبەرژەوەندی وچاکەی گشتی بێت، نەك بەرژەوەندی وسوودی نوخبەی حوکمڕان ، بەحوکمڕانی بنەمادروست لەقەڵەم دەدرێت.

 پێچەوانەکەشی بنەما نادروستە، چونکە، ئەوحوکمڕانیەی خەمی گەورەی گەڕانبێت بەدوای بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندا، لەسەر حسابی چاکەو بەرژەوەندی گشتی، بەلادەر لەقەڵەم دەدرێت. تۆوی زۆرداری سیاسیشی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە. چونکە کانت گووتەنی، مرۆڤ وگروپی مرۆیی کەلێرەدا کۆمەڵگەی سیاسی پێکدەھێنن، لەئامانجەوە بوونەتە ئامراز، ھەردۆخێکیش مرۆڤ تیایدا لەئامانجەوە بوو بەئامراز، بەنائەخلاقی پێناسە دەکرێت.

لەم ڕووەشەوە ئەرستۆ سەیری ھەندێ فۆرمی حوکمڕانی وڕوو کەشی سیاسی ناکات، بۆنموونە گرنگ نییە تاکێ حوکمبکات یان نوخبەیەك یاخود تەنانەت زۆرینەی خەڵکیش، چونکە گرنگ جەوھەرو بوون ونەبوونی پێوەرەکانی حوکمڕانی دروستە نەك ناوو شکڵ وشێوە.

 گەر لەم ڕوانگەوە سەیری دۆخی خۆمان بکەین، دەبینین لەھەرێمدا ،زۆرینەی خەڵك لە نوخبەی حوکمڕان ناڕازین و پێیان وایە بەرژەوەندی خۆی خستۆتە پێش بەرژەوەندی گشتی وخەڵکییەوەو سوودی خراپ لەپۆستی گشتی وپێگەی حوکمڕانی وەردەگرێت، سامان وئیمتیازاتەکانیش لەسەر بنەمای ئینتیما بۆ نیشتیمان وژیان لەسایەی دەسەڵاتێکی ھاوبەشدا، بەوجۆرەی سەرەتای ھاوڵاتێتی دەیخوازێت، دا بەش ناکرێن!

تاکەکان لەسۆنگەی جیاوازی ئایدۆلۆژی، ناوچەیی، حیزبی وسیاسی وپێگەی کۆمەڵایەتیەوە، لەبەردەم یاساو سوود وەرگرتن لەدەرفەتەکاندا یەکسان نین!  بەڕووکەش نەبێت سەرچاوەی دەسەڵات نین، واتە ھاووڵاتی بەناوەڕۆکە سیاسی وقانونی ومەدەنییەکەی ھێشتا نەخەمڵیوە. لێرەشەوە ئێمە خاوەنی حوکمڕانیەکی بنەما دروست نین وپێویستیمان بە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی سیاسی نوێ ودووبارە بیناکردنەوەی سیستم ھەیە.

ئەبوبەکر کاروانی


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی