پێشنییارە نیمچە ئەستەمە نوێکەی سەدرو ئاماژە سیاسی و فیکریەکانی

ئەبوبەكر عەلی

28-08-2022

4567جار خوێندراوەتەوە


سەدر پێشنییارێکی ئەستەم دەخاتە بەردەم ھێزەکانی ترو داوایان لێدەکات:کەسییان بەتەوژمەکەی ئەویشەوە، بەشداری ھەڵبژاردنی داھاتوو نەکەن. گەرئەوەش قبوڵبکەن، لەھەفتاو دوو سەعاتدا ئامادەیە لەگەڵیان ڕێکبکەوێت. روونە ئەم  داوایە نیمچە ئەستەمە.
واتای ئەوەشە ھێشتا سوورە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەوسیستمەی، بەبڕوای ئەو، ژیان وبەردەوامی  ئەوھێزانەی دەستەبەرکردووە. یاخود وامامەڵەی لەگەڵ کراوەو بەکارھاتووە دەستەبەری بکات.

دەشزانێ دەڵێ چی، بەکورتی دەڵێت: ئێمە ، بەناوی خەڵکەوە ئامادە دەبین ومنیش ھەرلەبنەرەتەوە خۆناپاڵێوم وئێوەش بێ دەسەڵات وەك کۆمەڵێ سیاسی تەقلیدی کۆتاییتان پێدێت. چونکە ئەوەی ئێوەی ھێشتۆتەوە پارێزبەندی یاسایی وئیمتیازاتەکانی دەسەڵات ونینۆکەکانتانە.

لەڕوویەکی ترەوە،ئامانج لە پێشنییارێکی نیمچە ئەستەمی لەم جۆرە دووخاڵی سەرەکییە:

1- وێناکردنی ھێزەکانی دەرەوەی خۆی وبەتایبەتیش ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، وەك کۆمەڵە ھێزو خەڵکێکی خۆپەرست وبەرژەوەندی پەرست. لەبەرامبەرەوە ھەوڵدان بۆ پوچەڵکردنەوەی ھەموو ئەو پڕووپاگەندەی خۆی وتەوژمەکەی بە خۆودەسەڵات پەرست وێنادەکات. وەنیشاندانی سیمایەکی بێ مەرام وبەرژەوەندی تایبەت لەخۆ، بەجۆرێك کەئامادەیە قوربانی بەھەموو بەرژەوەندییەکی خۆی بدات لەپێناوی گەل وولات وبەرژەوەندی گشتی. چونکە ئەوەی ئەو دەیەوێت چاکسازی وچاکەی گشتیە بالەسەر حسابی خۆی وتەوژمەکەشی بێت؟

2- زەمینەسازکردن وڕەوایەتیدان بە ھەنگاوەکانی داھاتووی، دوای ئەوەی بەرامبەرەکان ھەموو پێشنییارەکانییان رەتکردەوەو ئامادە نەبوون قوربانی بەھیچ شتێکی خۆیان بدەن لەپێناو عێراق وعێراقییەکاندا. ھەروەھا گوێ لەوپێشنییارانە ناگرن بەڕواڵەتیش بێت لەناوخودی سیستمدا دەکرێن وئامانج لێیان ئەوەیە، کێشە وململانێکان بەرە وھەڵکشان وتوندی وتەنانەت توندووتیژیش نەڕۆن. بەواتایەکی تر، بێ وەڵامی ئەوان ورەتکردنەوەی  ڕێگا چارە ئاشتیەکان،  رەوایەتی دەدات  بەوەی بیر لەشێوازی ناتەقلیدی خەبات بکرێتەوە بۆ گەیشتن بەئامانجە خەڵکییەکان. ئەوەی لەودۆخەش لێپرسراوە چوارچێوەی ھەماھەنگی وھەموو ئەوھێزانەن ماڵەی بێگار لەگەڵ سیستمدا دەکەن.

بەڵام بەدەر لەھەموو ئەوشتانە داخۆ  پێشنییارەکە ئاماژە نییە بەوەی، سیستمی دڵخوازی سەدر بۆ ئایندە، سیستمێکی بێ پارتی سیاسیە؟


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی