هەواڵی ئەمڕۆ

پرسی پیرۆزیی مەککە لای د. عەبدولواحید، چەند سەرنج و تێبینییەک

ئەحمەد دەروێش

11-08-2022

6501جار خوێندراوەتەوە


پێش چونە نێو بابەتەکە دەمەوێ ئەو دوو پێدراوەی خوارەوە بکەمە دەروازەی پرسەکە:

یەکەم/ هەریەک لە؛ زانستی مێژوو، ئەنترۆپۆڵۆجی و ئاڕکیۆلۆجی و هتد جەخت لەو سەختیی و هەوراز و نشێوانە دەکەنەوە کە مرۆڤ، بەر لەچاخی نیولیتیک (چاخی بەردینی ناوەڕاست - نزیکەی 6000 ساڵ پ . ز ) پێیدا رەتبووە، لەبازنەی مەملەکەتی ئاژەڵیدا ژیاوە، بەهاتنی ئەوچاخە ئیتر مرۆڤ بووەتە کائینێکی کۆمەڵایەتیی و نیشتەجێ بووە، خوڕافە هەموو ژیانی تەنیوە و دەستی بەهیچ حەقیقەتێکی زانستیی رانەگەیشتووە، یاساکانی گەردوونی نەزانیوەو نەناسیوە، بۆیە راستەوخۆ هەموو روداوە سروشتییەکانی بۆهێزێکی نادیار گەڕاندووەتەوە و سەرەنجام  پەنای بردووەتەبەر پەرستش و پاڕانەوە و قوربانیکردن، تادەگات بەم مرۆڤەی کەئێستا هەیە و تەنانەت قۆناغی شۆڕشی زانیارییەکانی تێپەڕاندووە و لەدەورانی ئابووری مەعریفەدایە. 

دووەم/ مێژووی ئایینەکان؛  لەشارستانییەتەکانی؛ میسر، میزۆپۆتامیا و هیند و چین، چەندان خواوەند هەبوون تەنانەت هەتاکو هاتنی ئیسلام و هەر لەسعودیەی ئێستا لات و مەنات و عزا  پەرستراون، چین و هندستان دەیان ئایینی جودا لەخۆدەگرن، کە بەهەردووکیان نزیکەی نیوەی دانیشتوانی گۆی زەوی پێکدەهێنن.

ئایینە یەکتاپەرستییەکان، پرسی خوڵقاندنی گەردوون و بوونەوەر پرسی خوڵقاندنی مرۆڤی ئاقڵ ( تێگەیشتو و پێگەیشتوو - متکامل ) ی بەچەند دەقێک و ئایەتێک بڕاندووەتەوە و دەفەرموێ (ان السموات والارض كانتا رتقا ففتقناهما) ،  كلكم من آدم وآدم من تراب) ، (وعلم الآدم الاسماء كلها ).

دەشێ ئەو دوو پێدراوەی سەرەوە وەک پارادۆکس و لەهەمان کاتیشدا جۆرێک لەتەبایی لەنێوانیاندا سازبکرێ و هەردووکیان پێکەوە مرۆڤ بکەنە سەنتەر.

لەژێر رۆشنایی ئەو دوو پێدراوەدا دەتوانیین بڵێیین؛ رەگ و ریشەی پیرۆزیی دەگەڕێتەوە بۆ میتافیزیکا، بۆ دەسەڵاتێکی باڵای ژوورسەر  کەسنووربڕ و لەعەڕشە، چەمکی پیرۆزیی تەجاوزی ئەقڵ و زانست دەکات، دەرهەستە، ئەبستڕاکتە.

پیرۆزیی؛ هێمایە بۆهەر شتێک کە؛ شکۆیەک لەدڵ و دەرووندا دروست دەکات، وابەستەیی رۆحیی دێنێتەکایەوە، لەسۆنگەی ئەوەی کەمزگەوت و پەرستگاکان ماڵی خودان، رێک دێنە نێو پەیڕەوکارانی، نەک پەیڕەوکاران دەچنە نێو ئەوشوێنانە.
         
جگە لەسەر شاشە بەرێز دکتۆر عەبدلواحیدم نەدیوە، نەئیشیشم کەوتووەتە لای؛ بەڵام زۆرینەی ئەو کەسانەی دەیناسن شاهیدی بۆدەدەن کە لەبواری زانستی پزیشکیدا ئەکادیمیست و پیشەگەرە و نەشتەرگەرێکی سەرکەوتووە ئەمە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە پیاوێکی سەخیی و بەدەست و دڵە لەبەرانبەر نەخۆشان بەگشتیی و هەژاران بەتایبەتی، دەستگرتنی بەپڕەنسیپی پزیشکیی و ئەخلاقیاتی پیشەکەی پێگەیەکی شیاوی بۆدروستکردووە و بەرزدەنرخێنرێ بەڵام: 

1- پیاوی  ئەکادیمی، دەبێ ئەو راستییە لەخەڵکی دیکە باشتربزانێ کە قوڵبوونەوە لەپنتێکدا و لەزانستێکی دیاریکراودا ئەرکی لەپێشینەی ئەکادیمیستە، کورد وتەنی؛ دووگندۆرە بەدەستێک هەڵناگیرێ ( پزیشکیی و بانگخوازیی ).

2- لەم  سەردەمەدا  زانست و زاناکان، مەودای کاری فەیلەسوف و فەلسەفەیان لەقاڵبداوە کەپێشان فەیلەسوف قسەی لەسەر هەموو شتێک دەکرد و پێیوابوو هەموو شتێکە.

3 - تیۆڵۆجی و میتۆڵۆجیی دوو پرسی گەورەن کەبیرمەندان هەر لەسەرەتاوە هەموو ژیانی جوانی خۆیان بۆتەرخانکردووە و ئینجا توانیویانە تێزێک دروست بکەن.

بەڕێزیان بەیانیان لەخەستەخانە و دوانیوەڕوان لەعیادە و رەنگەشەوانیش تاکاتژمێر نۆ و دە نەشتەرگەری بکات. ئیدی چ فرسەتێکی هەیە بۆ تۆژینەوە و هزراندن لەبواری تیۆڵۆجیا ( خودا ناسیی - ئایینناسی )؟ کورد وتەنی بۆچی سنعەتی خۆم رەزیل بکەم.

4 - حیکمەت لەو بەراووردکارییەی نێوان پیرۆزبوونی مەککەو کوردستان چییە ؟ 

بەراوردکردنی شارێک بەوڵاتێک لۆژیکیی و زانستییە؟
چ خزمەتێک بەژیان و بیرکردنەوەی خەڵکی کوردستان و ئایینداریی دەکات؟

ئەی لەبەرانبەری چ لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتیی و رەوشتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ؟ بەجۆرێک جنێودان جێگەی دیالۆگی گرتووەتەوە و مرۆڤ لەنێو سۆسیاڵ میدیا کە ئەوشەڕەجنێوە دەبینێ ئەرەقەی شەرمەزاریی دەسڕێ.

5- مرۆڤی ژیر و خاوەن پاشخانێکی رۆشنبیریی. پێویستە بەئاگاییەوە قسە فڕێ بدات. هەندێ پرس و دنیابینیی جودا. هەر لەنێوخۆی خودی فەیلەسوف و فەلسەفەکانی ئیسلامدا  و سەریانهەڵداوە و هەرلەسەردەمی موعتەزیلە و ئەشعەریی و پاشان فارابیی. ئیبن سینا. ئیبن روشد.  حەلاج و  رێبازی عیرفان و بگرە عەلی شەریعەتیی و تائێستاش ٫ ئەوانەو بەدەیانی دیکە. تەکفیر و دەرمانخوارد کراون ٫ کوژراون و لەسێدارە دراون ٫ ئەمە هەر بەدەستی موسڵمانان خۆیان.

ئەوانەی سەرەوە منەوەر و ئەقڵگەرابوون، دەیانویست ئیسلام و موسڵمانان لەخوڕافەو وەهم، لەراڤەی نادروست بۆدەقەکان دەربێنن، مرۆڤی ژیر و ژیاندۆست، مرۆڤی واقیعی و لێبوردە پەروەردە بکەن.

بۆیە باوەڕ و ئەوهێندە رۆشنبیرییە سنووردارەی لەمەڕ تیۆڵۆجی هەمانە. پێویستە بۆخۆمان بێت نەک تەعمیمی بکەیین بۆ خەڵکی دیکە و فەوزای لێبکەوێتەوە.

6- ئاسایی بوو کەبەڕێزیان بیگوتبا؛ کەعبە پیرۆزە، چونکە ماڵی خودا و قیبلەی موسڵمانانە، نەک مەککە، چونکە کەعبە پنتێکی ئەوشارەیە، ئیتر توشی ئەو ئەشکالیات و پارادۆکسەش نەدەبوو (وللە مافی السموات والارض)، هەمووی موڵکی خۆیەتی، دادپەروەریی خوداش لەوەدایە کەفەزڵی هیچ مرۆڤێکی بەسەر ئەویدیدا نەداوە، هەربۆیەشە کەبەشێک لەو گەلانەی بەبێدین یان غەیرە موسڵمان دادەنرێن لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژیین و ئێمەی موسڵمان پەنایان بۆدەبەین کەجێمان بکەنەوە (ان الله لایغیروا مابقوم حتی یغیروا مابانفسهم)، ئێ وڵاتە ئیسلامییەکان گۆڕانکاریی ناکەن و خوداش وێڵی کردوون، خوداش هی هەموانە. بۆیە پێویستە خوێندنەوەی نوێ و تێگەیشتنی نوێ بۆ هەندێک لەدەقەکان بکرێتەوە، چیدی بەڕەهایی نەڵێیین ئێمەی موسڵمان باشترینین ( خیر امه‌ اخرجت للناس )، مەککە ( ناڵێیین کەعبە) لە هیچ شارێکی دیکە پیرۆزتر نییە و هەمووی موڵکی خودایە و خوداش عەدالەتی خۆی بۆکەس تێکنادات. واشنتۆن و نیۆڕک و جنێف و پەکین و پاریس و لەچ ئاستێک و مەککەش (جگە لەکەعبە کەپیرۆزە و مناقەشە هەڵناگرێ )، لەچ ئاستێکدایە لەرووی بینا و سیستم و بڕیاری سیاسیی و هەژموونی ئابووری؟.

7 - بەدرێژایی مێژووی دوای مادەکان، هەمیشە تاکی کورد خۆی بەچوک وێناکردووە، بەڵام لەناکۆکیی و شەڕی عەشیرەتیی و شەڕی نێوخۆدا وێنای پڵنگ و شێری بۆخۆی کردووە. عوسمانیی و سەفەوییەکان ئایینیان کردووەتە کەرەستە و ئامراز بۆ بەرژەوەندیی ئیمپراتۆرییەت و دەسەڵاتی سیاسییان، عوسمانییەکان، سەد ئەوەندەی مەککە ئەستەنبوڵیان لاخۆشەویست بووە، شیعەکان لەئێران خۆیان دەبەنەوە سەر بنەماڵە و  خێزانی پێغەمبەر ( د ۰ خ )، کەچی ئێمەی کوردەبۆر بەعەلمانیی و ئیسلامیمانەوە، خۆمان بەبچوک و سەرکز نیشتمانمان بەکەمتر لەنیشتمانی ئەوانی دیکە، سەیردەکەیین.

8- لەکوردستاندا هەموو ئەوانەی بەناوی نەتەوە و ئابووری سەربەخۆ، جەستەی نیشتمان پارەپارە دەکەن، بەردەوام ویژدانی زیندووی تاکبەتاکی کۆمەڵگە ئەتک دەکەن، لەکۆتاییدا دەڵێیین؛ لەپاڵ سەرکەوتنەکانی لەبواری نەشتەرگەریی و مۆڕاڵە پیشەییەکەی (بەرێژەیی، لەچاو بەشێک لەپزیشکەبازرگانەکان) چونکە نمونەی د. جەمال ئەحمەد و هیتریشمان هەیە، جێی پێزانینە ئەمەلەلایەک و لەلایەکی دیکەوە ئەگەر بیتوانیایە لەسەرپرسێکی دیکەی وەک مەرگ و ژیان بەتێزێکی نوێ بهاتایە دەرەوە، یان پرسێکی دیکەی گەردوونی کەعارف وعیرفانییەت لەمەڕ جودایی و یەکانگیریی خودا و سروشت (کە عارفەکان پێیانوایە دەریاو شەپۆلەکانی دەریا یەک شتن) بەتێزێک هاتوونەتە نێو دیالۆگ و رۆشنبیریی و پاشان بووەتە باوەڕ و قەناعەتیان، ئاواش شتی گەورە و بەهادار لەپزیشکی ئەزیز چاوەڕێ دەکرێ کورد وتەنی پیاوی گەورە شتی گەورەی لێچاوەڕێ دەکرێ، نەک دەستەواژە و تێگەیەک کەلەئاست ئەودانەبێت، گەر بانگخوازێکی سادە و هاکەزا، بێ پاشخان، بێ میتۆدی بیرکردنەوە، قسەش فڕێ بدات لێی ناگیرێ (لایکلف اللە نفسا الا وسعها).


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی