هەواڵی ئەمڕۆ

پاڵپشتیکردنی نرخی سوتەمەنی

ئەحمەد دەروێش

18-06-2022

5186جار خوێندراوەتەوە


وڵاتانی باکوری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (جەزائیر، تونس، مەغریب، لیبیا، میسر، سۆدان، مۆریتانیا، جیبۆتی، ئێران، عێراق، سوریا، ئەردەن، کوێت، عومان، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، یەمەن) ساڵانە بەبەهای پتر لە 200 ملیار دۆلار پاڵپشتی نرخی وزە دەکەن و بەشی شێریش بۆ بەرهەمەنەوتییەکانە و نزیکەی 45%ی کۆی پاڵپشتیکردنی وزە لەجیهاندا پێکدەهێنێت، پاڵپشتیکردنی نرخی وزە (جیاوازییە لەنێوان بەهای بەکاربرنی بەنرخی خۆجێیی و بەهای بەکاربردنی بەنرخی جیهانی).

سندوقی نەخت (دراو)ی نێودەوڵەتی پێداگریی لەسەر کەمکردنەوەی نرخی وزە دەکات بەئامانجی، گەشەسەندنی ئابووری، پارەدارکردنی سێکتەرەکانی دیکە، رەخساندنی پتری فرسەتی کار، بڵاونەبوونەوەی تەمبەڵیی و هتد.

وڵاتانی ئاماژەبۆکراو (بەرێژەی جیاواز) و بەپاساوی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان و هەبوونی بێکاریی نەیانتوانیوە بڕیار و راوێژەکانی سندوقەکە بەرجەستەو پراکتیزە بکەن.

بابێینە سەرحکومەتی هەرێم و بپرسین؛ کەمکردنەوەی پاڵپشتی بۆ نرخی سوتەمەنی لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە ؟ 

ئایا بەشێکە لەفەلسەفە و سیاسەتی حکومەتی هەرێم کەخەرجییەکانی ئەم پاڵپشیکردنە ئاڕاستەی ژێرخانی کۆمەڵایەتی ( پرد و رێگاوبان و بەنداو) دەکات؟ تۆبڵێی بۆ سێکتەرەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار سەرباری بکات لەکاتێکدا ئەوەش دۆخی ئەوسێکتەرانەیە کەهەن ؟ !.

چما لەو ڕۆژەوەی ئابووری سەربەخۆ جاڕدراوە؛ وەبەرهێنان لەسێکتەرەکاندا زیادی کردووە ؟ رێژەی بێکاریی روو لەهەڵکشان نییە ؟ داهاتی نەتەوە و کۆداهاتی خۆجێیی (الناتج المحلی الاجمالی ) روو لەزیادبوونە؟.

بۆوەڵامی هەموو ئەوپرسانەی سەرەوە و هەموو ئەو هەڵە سیاسیی و ئابووررییی و ئیداریانە، لانیکەم  و لەئێستادا حکومەت ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بکاتە کاری لەپێشینەی خۆی:

یەکەم: پاڵپشتیکردنی نرخی سووتەمەنی و جێگیرکردنی هاوشێوەی وڵاتانی نەوت فرۆشی ناوچەکەو عێراق.

دوەم: رێکخستن و چاودێریکردنی سەلامەتیی خۆراک و کوالێتی دەرمان بەجۆرێک کەسەلامەتیی جەستەیی و دەروونیی تاک ببێتە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و ویژدانیی حکومەت.          


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی