ئیسلامیی ڕەسەن و کراوەتر

ئەبوبەكر عەلی

2-06-2022

4210جار خوێندراوەتەوە


کێشەی لێکجیابوونەوەی فیقھ و ئەخلاق و پێوەرەکانی دیاریکردنی شەرعیبوونی کارێك لە زۆر بۆنەو کات وشوێندا، باس و خواسی شەرعی و ناشەرعی بوونی ھەندێ کردارو ھەنگاو و پرس دێتە گۆڕێ. کاتێکیش ھەندێك لە ڕوانگەیەکی مەقاسیدی و ئەخلاقیەوە رەخنە لە ھەندێك لەو کردارو ھەنگاوانە دەگرن  و بە ناشیاو و ناباش لە قەڵەمیان دەدەن و خۆزگە دەخوازن خاوەنەکانیان بەپاساو شەرعییبوونی ڕواڵەتی ئەنجامیان نەدانایە، بەوە وەڵام دەدرێنەوە ک ە ئەوە شەرعیە، مادام شتێکیش شەرعی بوو ئیتر قسە وڕ ەخنەلێگرتن ھەڵناگرێت، با قسەو ڕەخنەکانیش لەسەر ئەسڵە شەرعیەکە نەبن و پەیوەستبن بە جۆری پیادەکردن و سوودلێوەرگرتن و بەرەنجامەکانەوە! بە بیانوی ئەوەی مادام شتێك شەرعی بێت ئیتر لە ھەموو کات و شوێنێك و بۆ ھەموو کەسێك ڕەواو  ڕێگە پێدراوە!

ھەموو کەسێك لە ھەموو کات  وشوێنێکدا بێرەچاوکردنی بنەما ئەخلاقییەکان و مەبەستە باڵاکانی ئیسلام کردنی مەعروف و مونکەرەکانی سەردەم دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت. لە کاتێکدا شەرعیبوونی مەسەلەو کردارێك تەنھا پەیوەست نیە بە دەقی شەرعیەوە، زانستی ئوسوڵ و مەقاسد و ژییاننامەی پێغەمبەرو پێش ھەموو ئەوانەش خودی قورئان وامان پێناڵێن. لەبەرئەوەی پێش ھەرشتێك لە کاتی بوونی دەق و موباح و ڕێپێدراوێکی شەرعیدا، دەبێت لەوە دڵنیابین  زەمینەی وەك خۆی پیادەکردنی  دەق قڕێپێدانەکە فەراھەم و لەئارادایەو ھەیە، ئەو شتەی زاناکان بە (مناگ الحكم) گوزارشتیان لێداوەتەوە. مامۆستا ناسری سوبحانیش بە  بوونی ھەل و مەرجی دووبارە نازکردنەوەی دەقی لەقەڵەمی داوە. بیرمەندێکی توندی وەکو ئەبوئەعلای مەودودی ڕەحمەتی، پێی وایە لە ئێستادا ھەل و مەرج و زەمینەی پیادەکردنی حەددەکان و ھەندێ لە یاسای جنائی ئیسلامی لە وڵاتە موسوڵمان نشیەکاندا فەراھەم نیە، ھەربۆیە نابێت بکرێت بە داواکاری و ھەوڵی پیادەکردنیان بدرێت. 

لە ڕوویەکی ترەوە، یەکێکی تر لەو پێوەرانەی بەشدارە لە دیاریکردنی شەرعیبوون و ناشەرعیبوونی کارێك و ڕەوایەتی پیادەکردنی حوکمی شەرعی، فیقھی مەئالاتە، واتە حوکمدانە بەسەر پیادەکردن و نەکردنی حوکمی شەرعی لە ڕوانگەی ئەو بەرەنجامانەی لێیدەکەوێتەوە. چونکە ھەر حوکمێکی شەرعی لەکاتی پیادەکردنیدا ستەم و بەرەنجامی نەخوازراوو نائەخلاقیی لێبکەوتەوە،  دەبێت پیادەکردنی بووەستێنرێت، لەبەرئەوەی ناکرێت شتێ بە ئیسلامی وشەرعی پێناسە بکرێت و دژ ڕێسا ئەخلاقیەکان وسەرەتاکانی دادپەرەوەری بشکێتەوەو ستەمی لێبکەوێتەوە. نمونەش لەسەر ئەمە زۆرە، بۆ نمونە قەدەغەکردنی قسە وتن بە پەرستراوانی ئەوانی ترو لەوانەش بتپەرستەکان، نەك لەو سۆنگەوە کە ناڕەوایە، بەڵکو لە ڕوانگەی ئەو بەرەنجامانەی لێی دەکەوێتەوە لەوانەش بێئەدەبیکردن بەرامبەر بەخوای گەورە، یاخود کاتێك داوا لە پێغەمبەر (د.خ) کرا ڕێبەروی دووڕووەکان لە مەدینە بکوژێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە پیلانگێرانەکانیان بێنێت، ڕەتیکردەوە، نەك لەبەر ئەوەی ناشەرعی بوو، بە حوکمی ئەوەی کاتێ پێشنیاری کوشتنەکەی بۆ کرا، نەیفەرموو ناشەرعیە یاخود حەرامەو لەو سۆنگەوە ڕەتیبکاتەوە، بەڵکو لە ڕوانگەی ئەو بەرەنجامە چاوەڕوانکراوەی لە کردەوەیەکی وادەکەوێتەوە ئەنجامی نەدا، ھەربۆیە فەرمووی ئەگەر کاری وا بکەم خەڵکی دەڵێت موحەمەد دەستی چۆتە کوشتنی ھاوەڵەکانی خۆی. ئەوەش بەرەنجامی خراپی بۆ بانگەوازو ھەڵگرانی ئایینەکەی لێدەکەوێتەوە. 

لێرەشەوە نابێت پێمان سەیر بێت باس لەوە بکەین  پیادرکردنی ھەندێ ڕێپێدراو و موباحی شەرعی، بەرەنجامی نائەخلاقی لێبکەوێتەوە. لەبەر ئەوەی بەردەوام فیقھ و ئەخلاق بەیەکەوە کۆنابنەوە چونکە  فیقھ ڕۆڵی قانون دەبینێت، واتە ھەندێ مەسەلە، لە کاتێکدا لە ڕووی فقھیەوە کێشەی تێدا نیە، دژ بە بنەما دینی و ئەخلاقیەکانە.

بۆ نموونە، تۆ دەتوانی بە شایەتی درۆو بەڵگە نامەی ساختە ماڵی یەکێکی تر بکەی بەھی خۆت و لە ڕووی فقھیشەوە ھیچ کێشەت نەبێت، لە کاتێکدا لە ڕووی دینییەوە گوناھێکت ئەنجامداوە، لە ڕووی ئەخلاقیشەوە کارێکی نائەخلاقیت کردووە. یاخود یەکێ  فرەژنی ئەنجام بدا، بێبوونی ھیچ پاساوێکی ڕاستەقینەو گوێدان بەوەی چ بەرەنجامێکی بۆخۆی و خێزان و دەوروبەری لێدەکەوێتەوە، بە بیانووی ڕێپێدانی شەرعی، لە کاتێکدا لە زۆر دۆخدا دەرەنجامەکان لەسەر حسابی بنەما دینی و ئەخلاقیەکانە.

کەواتە شەرعی بوونی  کارێك تەنھا دەق تەحەکومی تیدا ناکات، بەڵکو: شوێن و کات و کەسەکان و چۆنییەتی مومارەسە کردن و ئەو بەرەنجامانەی لێیدەکەونەوە بەشدارن لە ناوەڕۆکپێدانیدا. بەدەر لەمە, باسی شەرع دەبێتە شەرعاندن و حیلەی شەرعی.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی