ھاوڵاتیانی ھەرێم، قوربانیانی دەستی گەندەڵی و لەئەستۆنەگرتنی لێپرسراوێتی نوخبەی حوکمڕان

ئەبوبەكر عەلی

16-05-2022

3964جار خوێندراوەتەوە


پێشتر کەباسی  نەبون و کەمی موچەو ماف و شایستە داراییەکانی ھاوڵاتیانی ھەرێم دەکرا، شەڕو نزمی نرخی نەوت و ھاوشێوەکانیان، دەکرانە بیانوی پاشەکەوتکردن و بێموچەیی و نەھامەتی و وەستانی پڕۆژەکان و کەمی وخراپی خزمەتگوزارییەکان.

کەچی ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە، دوای نەمانی ھیچ کام لەوبیانوانەی پێشوو یاخود زۆربەیان، دۆخەکە گۆرانێکی چۆنایەتی بەسەردا نەھاتووە!

ئەوەش دەزگای ئایدۆلۆژی و پروپاگەندەی حیزبەحوکمڕانەکانی، کەکاریان: جوانکردن، پەردەپۆشکردن وپاساوھێنانەوەیە، دووچاری  ئیحراجی وناکارایی وسەرگێژە کردووە.

بەحوکمی ئەوەی بەگوێرەی خودی پاساوەکانی رابردووی بۆ پاساودانی دۆخی قەیرانی ئابوری، ھەل ومەرج وواقیعەکەی ئێستا، قابیلی شاردنەوەو پاساو بۆھێنانەوەو بەرگریلێکردن نیە. بەتایبەتیش دوای چەندین دانپیانان لەناو ماڵی خودی حیزبەحوکمڕانەکاندا، کەدووا ھەمینیان داننانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتیە بەوەدا، کەئەگەر، پارتی ویەکێتی واز لەداھات بھێنن، ئەودەتوانێ بێسازشکردن بۆ بەغدا، کێشەی موچەچە و رەوشی دارایی چاك بکات ودۆخەکە بەم شێوەی ئێستا درێژە نەکێشێت وبەردەوام نەبێت.

ئەم لێدوانە وھاوشێوەکانی لەڕابردوودا و ڕاپۆرت وزانیاریە بڵاوکراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن و چەندین پەڕلەمانتارو ڕۆژنامەنوس چالاکوان  و دامودەزگای فەرمی و نێودەوڵەتی و میدیایی، گومانیان لەوەدا نەھێشتۆتەوە، کە ھۆکاری بنەرەتی و یەکلاکەرەوەو پلەیەکی قەیرانی دارایی و رەوشی ئێستای ھەرێم و خراپی گوزەرانی بەشێکی بەرچاو لەھاوڵاتیان و نائومێدبوونیان، بەغداو بازاڕی نەوت و پیلانگێڕی ئەملاولانیە، بەڵکو بەتەعبیری شێرکۆ بێکەسی شاعیر: خۆمانین خۆمان! پارتی ویەکیەتین.

ناکۆکی ناعەقڵانی و پوچگەرایانەی نێوان ئەوان و گەندەڵی و خراپبەکارھێنانی دەسەڵات ونەبونی حوکمی دامەزراوەکانە.

دواکەوتوویی مۆدێلی حوکمڕانی وکەمیی پیاوی دەوڵەت وسیاسەتمەداری لێپرسراوە، کەلە پێناوژیان و سەربەرزی وکەرامەتی ھاوڵاتیان و ئێستاو ئایندەی گەل وڵاتەکەی، ئامادەبێت بەشەھامەتەوە لێپرسراوێتی بگرێتە ئەستۆ،  ھەوڵبدات، سەرجەم تواناکان، لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکی چارەسەری و ھەڵسانەوەو خۆبیناکردنەوەو بەدەستھێنانەوەی سەرچاوەکانی ھێزو زیندوێتی نیشتیمانی بخاتە گەڕوو، ئاسۆیەکی نوێی موژدەبەخش بەڕووی میللەتەکەیدا بکاتەوە.

دان بەھەڵەکاندا بنێ وخۆی بەرامبەر قەیرانەکان بەلێپرسراو بزانێت وپەیمانی چارەسەرکردنیان لەماوەیەکی دیاریکراودا بدات.

خۆئەگەر نەیتوانی ئەمەبکات، لەسۆنگەی لێپرسراو لەئەستۆگرتنیەوە وەك سیاسەتمەدارێکی ڕاستگۆو نیشتیمانی، داوای لێبوردن لەگەلەکەی بکات ودەست لەکار بکێشێتەوە.

چۆمسکیش جوانی وتووە، کاتێ دەڵێت:  ھاووڵاتیانی ھیچ وڵاتێ ھەژاری دەستی کەمی  سەرچاوەوکەرەسە خاوەکانی  ولاتەکەیان نین، بەڵکو قوربانیی مۆدێلێکی خراپی حوکومڕانی وبەنازانستی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتن.

ھەربۆیە کێشەو قەیرانەکانی ھەرێمیش چیدی بە خۆ جوانکردن وپاساوھێنانەوەو پەردەپۆشکردنی راستیەکانی واقیع وتۆمەتبەخشینەوەو لێپرسراوێتی خستنە ئەستۆی ئەم وئەو ، نەك ھەرچارەسەر نابن وپاساو نادرێن، چونکە زۆر بەکورتی: زۆرینەی ھاوڵاتیان بڕوایان بەنوخبەی حوکمڕان ولۆژیك وپاساوو ڕاستگۆییان نەماوە یاخود زۆر کەم بۆتەوە.

بەنیمچە دڵنییای گەیشتوون بەو ڕاستیەی، کەئەوان  بەشێوەیەکی سەرەکی قوربانی دەستی ناکۆکی قێزەونی حیزبیی، گەندەڵی، ناعەدالەتی وخراپی جۆری حوکمڕانی و بەڕێوەبردنن.

چارەسەری دۆخێکی لەوجۆرەش، وا لێپرسراویی لەئەستۆگرتنی، سیاسی وقانونی ونیشتیمانی وئەخلاقی نوخبەی حوکمڕان، بەپێچەوانەوە  ئەگەری ئەوە ھەیەکێشەکان قوڵتر ببنەوەو ناڕەزایەتیەکان لەسەرەپێچێکدا ڕووداوی نەخوازراویان بەدوادا بێت، خودی  قەوارەکەش ھێندەیتر بکەوێتە بەردەم ھەڕەشە ومەترسی  تیاچونەوە.

اللهم هل بلغت اللهم فاشهد.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی