شەڕ لە بەغدا تۆز لە بەردەرگاى ماڵى ئێمەیە

د. ئەرسەلان بایز

10-10-2021

5172جار خوێندراوەتەوە


کــۆڵــەپــشـــت (104)

لە وەرزى هاوینان، پێش ئاوابوونى ڕۆژ بەیەک سەعات. سەدان چۆلەکەى پاسارى لەسەر دارتووەکەى ناو باخچەى بەردەمى ماڵەکەمان کۆدەبنەوە. هەر وەکو بڵێى دواى ڕاوێژو ڕێکەوتن لە نێوان خۆیان ئەو دارەیان دەست نیشان کردبێت، ئەگینا بۆچى هەندێکیان ناچنە سەر دارەکانى تر. ئەو سەدان چۆلەکەیە هەر هەموویان بەیەکەوە دەجریوێنن. دەنگیان زیاتر لە دە خولەک ڕێگا دەڕوات. تۆ بڵێى ئەمە ڤیستیڤاڵى جۆرێک لە خوێندن، گۆرانیی، قسەى نێوان خۆیان بێت...؟ تۆ بڵێى کێبڕکێى خۆشترین دەنگ و ئاواز بێت...؟ یان گفتوگۆو قسەکردن...؟ ئێ باشە هەر کامێک لەوانە بێت. ئەبێ هەندێک قسە بکەن. گۆرانى بڵێن. هەندێکیش گوێ بگرن. بەڵام هێشتا عەقڵى ئێمەى مرۆڤ نەگەیشتۆتە ئاستى پەى بردن بەو جۆرە دیاردانەى سروشت. جا ئێمەى مرۆڤ بۆچى خۆمان سەرقاڵى بابەتێک بکەین کە جیا لەوەى لە تواناى ئێمە بەدەرە.

خۆشمان مرۆڤەکان هەریەکەمان لە ئاستى خۆمانەوە قسە دەکەین. هەشت هەشت ڕستە بەیەکەوە دەردەبڕین، پێمان وایە هەر ئێمە عاقڵ و ڕووناکبیرو ڕاستین و بەرامبەرەکەمان نەزان و هەڵەن. هەر یەکێک لە ئێمە مانان بە چاوى تیژ چاودێرى هەڵەو کەم و کوڕیەکانى بەرامبەرمان دەکەین. بە توندى ڕەخنەیان لێدەگرین و سەرزەنشیتان دەکەین. کەچى ئەگەر تەنیا پێنج خولەک لە خودى خۆمان ورد بینەوە شیتاڵى فکرو هیواو ڕەفتارەکانى خۆمان بکەین. دوور نیە خۆشمان هەڵەو کەم و کورتیمان لەوان کەمتر نەبێت. ئەگەر زیاتر نەبێت. بەڵام چاومان هى خۆم نابینێ. بۆیە ئەو خود پەرستیە. ئەو شاردنەوەیەى کەم و کوڕیەکانى خۆمان دەبێتە هۆى دروست کردنى کێشەى ناو میللەت و شەڕو دەعوا. خۆ هەر هیچ نەبێت ئەو چۆلەکانە دەرفەتى ئەوەیان هەیە بێ سانسۆرو ترسێک بۆ خۆیان بجریوێنن. کەچى ئێمەى مرۆڤ لەسەر وشەیەک یەکتر کافر، لادەر، کۆنەپەرست، خائین، دوژمنى گەل....هتد. ناوزەد دەکەین، لەوەش زیاتر فتواى قەتل بۆ یەکتر دەردەکەین. لە مێژووى ژیانى خۆماندا سەدان کەسمان دیوە لەسەر ئیجتیهاتێک قسەیەک لەسەر ئاین. سەرکردەیەکى سیاسى. جنیۆێک یەکتر دەکوژین. ئێمەى مرۆڤ هەر لە زوڵم و زۆردارى یەکتر. یەکتر کوشتنیش ناوەستین بەڵکو ڕۆژانە بەو چەکە کوشندانەى دروستمان کردووە هەزاران مرۆڤ باڵندەو ئاژەڵیش قەتل و عام دەکەین.

ئێوە سەیرتان کرد لەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى عێراق، سەرجەمى حیزبەکان کە لە کابینەى حکومەتیش بەیەکەوەن، لە پێناوى دەنگێک هەرچى سوکایەتى بوو بە یەکتریان کرد. شیاوى باسە ئەو هەڵبژاردنە بۆ شەڕى نێوان کوردیش نەبوو، بەڵکو بۆ شەڕى ماف و دەسکەوتەکانى کورد بوو لە بەغدا. نازانم ئێمەى کورد بۆچى هێندە سازو ئامادەو لەسەر پێین بۆ شەڕى یەکترى...؟! شەڕى ئێمە لە بەغدایە کەچى تۆزەکەى لە هەولێرو سلێمانى و دۆهۆکە. تۆ بڵێى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان چى بەسەر یەکتر بێنین. ئێمەى مرۆڤ ئیرەیی بەیەکتر دەبەین خۆمان لەنێو خۆمان کێشە دروست دەکەین، بزوێنەرى هەموو کێشەکان خۆمانین.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی