دەستورێك بۆ ھەرێمی کوردستان؛ بەرکەوتەیەکی دواکەوتو، ئەرکێکی لەدواخستن نەھاتو

ئەبوبەكر عەلی

25-05-2021

4221جار خوێندراوەتەوە


ئەرکێکی لەدواخستن نەھاتوو 

 سی ساڵ بێ دەستوری، بیانوو ھۆکار ھەرچی بێت، نیشانەی ناکامڵی سیاسی و خەمساردی و لاوازی نیشتیمانپەروەرێتی کوردستانی و وەفاداریە بەسەرەتاکانی دیموکراسی و یەکێ لەپێویستیە بنەڕەتیەکانی نەتەوە سازی و بەدامەزراوەیی کردنی دەسەڵاتە لەھەرێمدا.

 لەم ڕوانگەوە وەك لایەنگرێکی پێداگری بەدەستوریکردنی ژیانی سیاسی لەھەرێمی کوردستاندا، دەخوازین، بەچەند سەرە قەڵەمێك بەشداری لەدوبارە سەرھەڵدانەوەی  مشت و مڕو گفتوگۆکانی پرسی دەستوری ھەرێم، لەچوارچێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا بکەین:

یەکەم:  بایەخی سەرخستنی ھەوڵی ئەمجارە و چیتر دوانەخستنی.

 بەبروای ئێمە لەسۆنگەی بایەخی جۆراوجۆرو گەورەی دەستور، بۆئەمڕۆی ھەرێم، نابێت ھەوڵی ئەمجارەش بەدەردی جارەکانی تر بچێت، چونکە دەبێتە ڕەمزی بێئیرادەیی و شکستێکی گەورەی سیاسی و ئەخلاقی. 

بۆیە داواکارین ھەوڵەکە خاوەندارێتیەکی بەبڕشتی لێبکرێت، ھەل و مەرجی سەرکەوتنی ھەنگاوەکە ئامادەبکرێت. ئەوەی بۆئەمەش پێویستە بونی لەیەکتر تێگەیشتنە لەنێوان تەوژم و ھێزەکان و ئامادەیی بوون بەبەشێ لەپرۆسەی نوسینەوەو ڕێکەوتنە لەسەر ڕەشنوسی دەستورەکە. ناکرێت چیتر بەدیار ھاتنی ساتەوەختێکی نمونەیی و دەستورێکی میسالیەوە دابنیشین. چونکەڕەنگە ساتەوەختێکی لەوجۆرە ھەرلەبنەڕەتەوە بوونی نەبێت. 

پێشم وایە دوای چەندین ساڵ ململانێ و ھەوڵی شکاندنی ئیرادەی یەکترو سوکایەتی و تاقیکردنەوەی چەندین بژاردەو میکانیزم و شێواز بەرامبەر یەکدی، دەبێت ئێستاکە، بەرچاوڕونترو واقیعی ترو ئەزموندارتر بین. لەزیاد لەبوارێکدا تاقی بۆوەو دەرکەوت، لەواقیعی کوردی و ھەرێمی کوردستاندا، کات بەشێك نیە لەچارەسەر، بەڵکو لێکدابرانەکان ڕیشەدارتر و ئاسایی دەکاتەوە، بێباکی و پوچگەرایی سیاسی زۆرتر دەکات، ھەرلەبنەرەتیشەوە، دواخستنی چارەسەرو ئەرکەکان، لەوانەش گەڵاڵە و سازان لەسەرکردن و پەسەندکردنی دەستور، لەپێناو زەمینەسازکردن بۆ چارەسەرو پێگەیشتنی زۆرتری بارودۆخ نەبووە، بەڵکو نیشانەی نەبوونی ئیرادەی چارەدۆزی و بەڕوەبردنی ململانێکان لەجیاتی چارەسەرو سپاردنی کێشەو پرسەکان بووە بەدواڕۆژێکی نادیاری ناڕۆشن، لەسۆنگەی بەرژەوەندی و دیدی حیزبیی و ناوچەیی خوار نیشتیمانیەوە؟! 

ناکرێت چیتر دەستور بەدیار دواڕۆژێکی نادیارو ھەندێ قەناعەتی پێشوەختەوە دابنرێت و بکرێت بەئامرازی شەڕوململانێی مێژویی و نانیشتیمانی، کەتەنھا رواڵەتەکەی پەیوەندی بەدەستورەوە ھەیەو قوڵاییەکەی لانی کەم بۆ بەشێکی، لەخاکی بوغزو رقی سیاسی و یەکتر قبوڵنەکردن و چاوبەیەکدی ھەڵنەھاتن و یەکدی رەتکردنەوەدایە 

ئەوەش روون بوەوە دواخستنی بەرکەوتەی دەستوری ھەرێم، نەبووە ھۆی لاوازبوونی ھەندێ ھێز، بەڵکو بەپێچەوانەوە ھەندێ لەبەرامبەرە سەرەکیەکان وەك ھێزی کاریگەر لەگۆرەپانەکە چونەدەرەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەگەر کاتی خۆی و لەلوتکەی بەھێزیدا بەنەفەسێکی نەرمترەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکرایە قسە ڕۆیشتوتر دەبوون. 

 دەبێت ئێمە وازلە ھەندێ ڕادیکاڵبون خەیاڵ پڵاوی فیکری و سیاسی  ناکرداری بێنین، کە ڕابردوو سەلماندی بەھۆی سنورداری توانای ھەرێم بۆئەو بۆچونانە، سەریان لە نائومێدکردنی زۆرینەی ھاوڵاتیان و بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی، لاوازبونی ڕاستگۆیی و ڕۆڵی زۆربەی ھێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەرژوەند دووپارتە حوکمرانەکە شکایەوە، واباشە دوای کۆمەڵێ ھەوڵی شکستخواردوو نائومێدکەر لەوەتێبگەین، توانستی مێژویی ھەرێم بۆ لەخۆگرتنی ھەندێ پڕۆژە لاوازو سنوردارە، بازدان بەسەر ھەندێ وێستگەو قۆناغدا بەرھەم نادات و شێوان دروست دەکات، گۆڕانکاری لەقۆناغی ئاڵ وگۆڕی گەلاندا یاساوڕێساو لۆژیکی خۆی ھەیە، بەتایبەتی بۆگەلێکی بێ دەوڵەت وھەرێمێکی پارچە پارچەو لێکدابڕاوو گیرۆدەبوو بەدەست ناکۆکی، گەندەڵی وکینەو ململانێیەکی نەزۆکی دەیان ساڵەوە. 

 واباشە وردتر بیر لەوە بکەینەوە کە نەبونی دەستور، درێژە کێشانی دۆخی ئێستا وەك دواتر زیاتر لەسەری دەوەستین، لەقازانجی ھێزە گۆڕانخوازو ڕیفۆرمخوازو خەڵکە ناڕازییەکەدانیە، باڵادەستکردنی کلتوری سوکایەتی و بەنەفرەتکردن، ململانێکە دەباتە بازنەی کێ ھێزی سەربازی و ئابوری بەدەستەو لەشەڕی ئەخلاقی دەریدەکات، لەدۆخێکی لەوجۆرەشدا ھێزە دەسەڵاتدارە بەھێزەکان براوە دەبن. 

کاتی ئەوە ھاتووە بەگیانێکی لێپرسراوێتی نیشتیمانی و یەکتر قبوڵکردنی زۆرترەوە لەنزیکەوە لەگەڵ یەکتر قسە بکەین، گوێ لەیەکتر بگرین و یەکتر تێبگەین. بزانین کوتومت چیمان دەوێت، لەچیدا ھاوڕاین؟ لەچیشدا جیاوازین، بژاردەکانی گەیشتن بەڕێکەوتن لەسەر جیاوازییەکان و کەمکردنەوەیان چین، چ ئامانجێکمان بایەخی لەپێشینەی ھەیە و چیتر لەخانەی پلە دوو سێدان؟ ئەمەش دەخوازێت، لەئاستێکیشدا بێت، بگەڕێینەوە بۆلۆژیکی سیاسەت، واتە لۆژیکی گفتوگۆ، قبوڵکردنی جیاوازی و سازش کردن و توانای ڕێکەوتن کەڕوحی سیاسەتێکی مەدەنیە.

 کەباسی دەستور دەکەین بەگیانی سازان گفتوگۆ بکەین، چونکە ھەرئێمەنین و جیاوازی جۆراوجۆر ھەن و دەبێت بگەن بەسازان، واتە ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی بەرجەستەی تێگەیشتن و بەرژوەندی ھاوبەشی ھەمومان دەکات، ھەمووخواستێکی  ھیچ لایەنێك لەخۆناگرێت، کەس سەرجەم ئەوەی دەیخوازێت نایەتەدی، بەڵکو گرنگ ئەوەیە خواستە سەرەکیەکانی ھاتبنە دی .

 ئەمە ڕێگەی کاری ھاوبەش و لێکتێگەیشتن و رێکەوتن و واقیع بینی سیاسیە. نەك پەکخستنی پرۆسەکە لەسەر بۆچونی لایەنێك، چونکەئەوەی بەجیاوازی دەمێنێتەوە دەبێت بخرێتە بەردەم قسەی گەل و ھەموان بەناوبژیوانی ئەو قایل بن، بەحوکمی لەسەروتربون و مەرجەعیەتی گەل بۆ پرۆسەی سیاسی و ھێزە سیاسیەکان و پێکھاتەکان. 

لەم پێناوەشدا دەبێت واز لەھەندێ دروشمی گشتی و ناوەڕۆک دیاریکراوی وەکو( دەستورمان نەبێت باشترە لەوەی دەستورێکی خراپمان ھەبێت) ھەرکەسێك دروشمێکی لەم جۆرەی ھەیە دەبێت، ئەوە ڕوونبکاتەوە مەبەستی لەدەستوری خراپ چیە؟ ئایە ئەمەی لەمەڕخۆمان بەو جۆرەیە؟ ئەگەر وایە لەچیدا بەرجەستە دەبێت. بەدەر لەوە بەکارھێنانی پرسی دەستور بۆململانێی حیزبیی تەقلیدی و بەرژەوەندی کەسی وگروپی چنینەوە کارێکی ناراستە. 

دەستورکردن بەکارتی فشار بۆدەستکەوتی حیزبیی دەرەوەی دەستور ڕەفتارێکی نزمە.
 لەکۆتایی ئەمبەشەشدا حەزدەکەم سەرنج بۆلای ئەم  چەندخاڵە ڕابکێشم:

١) ھێزو تەوژمەکانی کوردستان بەپارتیشەوە، لەڕووی ناوەڕۆك و؟دەقی دەستورەوە، جیاوازی گەورەیان لەنێواندا نیە. بۆیە پرسی بنەڕەتی لە پەوەندی بەدەستورەوە لەوەدا نیە ھێزە گەورەکان ئامادەی نوسینەوەی دەستورێکی مەدەنی و ھاوچەرخ نیە، بەڵکو لەوەدایە ئایە دوای پەسندکردنی لەلایەن گەلەوە، ئامادەن ھەرێم بەگوێرەی دەقەکانی دابڕێژنەوەو بینابکەنەوەو پابەندبن پێیەوەو لێکدانەوەی دەسەڵاتخوازانە بۆ دەقەکانی نەکەن؟ ئەمە ئەگەرێکە، بەڵام پەیوەندی بەقۆناغی نوسینەوەی دەستورەوە نیە، ھەرکەس و ھێزێکیش ئەم ئەگەرە بکاتە بیانوی کەمتەرخەمی و بەشداری نەکردن و خەڵك ساردکردنەوە، کارێکی نالێپرسراوانە دەکات. کەدواتر زیاتر ڕونی دەکەینەوە.

٢- ھیچ دەستورێك لەدونیادا فریشتە ناینوسێتەوەو بەبێ کەموکوڕی نایەتە بوون.
 تەنھا ئەوەیە دەبێت ھەوڵبدرێت تادەکرێت کەلێن و کەم وکورییەکانی تادەکرێت کەمتربێت، ھەندێ ڕوانگەو دەقیش دواتر لەپیادەکردندا کێشەو کەماسیەکانی بەدەردەکەون. ھەرلەم ڕوانگەوە ڕاستە دەستور بۆ نەوەکانی داھاتوشە، بەڵام بەپلەی یەکەم بۆ ئێستایەو لەدەستور سالارترینی و ڵاتانی دونیاو لەوانەش ئەمریکادا، چەندین جار ھەمواری دەستورکراوە.

 بۆیە دەستوری ھەرێم دەبێت ڕەنگدانەوەی قۆناغی بونیاتنان و بینای سیستم و دامەزراوەکان و کۆتاییھێنان بەدابەشبونەکان و نیشتیمانسازی ئەم قۆناغە بێت، کەدیارە بەشێ لەمە لە بەرجەستەکردنی سەرەتای ھاوڵاتێتی یەکسان و مافەکانی مرۆڤدا بەرجەستە دەبێت.

٣- دەبێت ھەمووان ھوشیاربن بەوئیرادە ھەرێمیەی خوازیاری بیناکردنەوەی سیستم و ھەرێمێکی یەکگرتوو بەھێز نیە.
بەرژەوەندی لەدۆخی لێکترازاوو دابەشبوی ئێستادایە، دەکرێت لەچەندین سیمادا خۆی نیشانداو دژایەتی سەرکەوتنی ھەوڵی پەسەندکردنی دەستورێك بۆھەرێم بکات.

٤- دەستور عەسای سیحری نیە چارەسەری ھەموو کێشەکانی پێوە ببەستینەوە، بەڵکو دەتوانێت چارەسەری کێشەی بێ مەرجەعی و چەتری سیستم بکات و چوارچێوەو ھەل ومەرجێکی باشترمان بۆچارەسەری کێشەکانی تریش دەخاتە بەردەست، بۆیە ڕەوانیە بوترێت ئێمە چەندن کێشەی ترمان ھەیە دەستوری چی؟! چونکە نەبوونی دەستور کێشەیەکی گەورەیە، یارمەتیدەری چارەسەرکردنی کێشەکانی تریشە، لێرەشەوە دانان و دواخستنی بەدیارکێشەکانی ترەوە عەقڵانی نیەو بێ پاساوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی