کێ دکتۆر فرسەتی شەهیدکرد؟

فارس نەوڕۆڵی

20-11-2020

897176جار خوێندراوەتەوە


بۆیە چەمکی شەهیدم بەکارهێناوە چونکە ڕەهەندێکی ئەخلاقیی هەیە. کاتێک مرۆڤ لەپێناوی مەسەلەیەکدا یان بۆ بەرژەوەندیی چاکەی گشتی دەبێتە قوربانی؛ ئەوە شەهیدە. فرسەت وەک پێشمەرگەی پارتیزان چۆن لەم گوند بۆ ئەو گوند لەم شاخ بۆ ئەو  پێدەشت، لەپێناوی پاراستنی کەرامەتی کوردستاندا لە جووڵەدا بوو، دکتۆریش ئەم شار بۆ ئەو شار ئەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەک لەجووڵەدا بوو لەپێناو هۆشیارکردنەوەی خەڵک بۆ ڕێگەگرتن لە کارەسات لە شەڕی کۆرۆنادا، لەم بەریەککەوتنەدا خۆی کردە قوربانی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، لێرەدا مەبەستمە قسە لەسەر ئەو جەنگە دەرونییە بکەم بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەڕێوە دەچێت؛

 

نمونەی ئەو جەنگە ئەوەیە کە پڕوپاگەندەی دەزگایەکی هەواڵگری کە دەڵێ فرسەت پارتی کوشتوویەتی، هەرچەندە نازانم ئەو ڕاپۆرتە، ڕاپۆرتی دەزگایەکی هەواڵگرییە یان نا و ڕەنگە هەر هەموویشی درۆ بێت؛ لە هەردووک حاڵەتەکەدا پێویستە ئەو دەزگایە  ڕوونکردنەوە بدات. تا ئێرە کێشە نیە، نیگەرانییەکە ئەوەیە کە لە ناوخۆدا بازاڕگەرمی بۆ ئەم هەواڵە چەواشەکارانەیە دەکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤی کورد بەشێکی هەمیشە لەرزۆکە. دوژمن ناناسێ، کەسایەتییەکی پارچەپارچەکراوە. بۆیە هەمیشە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دوژمنانی کورد و ئایدۆلۆجیای ئەوان ئاراستەی دەکەن، یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی گەلان پەرۆشیی هاوبەشە؛ چونکە پەرۆشیی هاوبەش بەهای هاوبەش دروست دەکات نەگبەتی بۆ ئەو گەلەی پەرۆشیی هاوبەش و بەهای هاوبەشی نیە؛ یەکێک لە جوانییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕەسەنایەتییەکەی ئەوە بوو کە پەرۆشیی هاوبەشی هەبوو، لەبیرمە هەشتاکان قوتابی بووم، کە پێشمەرگەیەک شەهید دەبوو بێ ئەوەی بپرسن سەر بە کام لایەنە، ئەو ڕۆژە و دواتریش قوتابخانە ماتەم دایدەگرت، ئەمە بەهای هاوبەش بوو. ئەوکات سیاسەت بۆ مێژوو دەکرا نەک بۆ فریودان و شێواندنی بەها و سایکۆلۆجیای خەڵک؛ چونکە ئەخلاق و سیاسەت دوانەن. نەبوونی یەکێکیان نەمانی بەهای ئەوی دیکەیانە. بەداخەوە لە کوردستاندا لە ئەنجامی کاڵبوونەوەی ڕەسەنایەتی و کاریگەریی ئایدۆلۆجیای دەرەوەی ماڵی کورد، گومان لەسەر هەموو شتی دوێنێ و ئەمڕۆی خۆمان دروست دەکەین؛ خوێ دەکەینە برینی ناسۆری یەکتری، بۆیە ئەو چەواشەکارییانەی کە دەکرێت، مەکینەی گەورەی لەپشتە، بۆیە باوەڕی گەورەی دەوێ کە بەرەنگاری ببێتەوە؛ چونکە هۆشیاریی ساختە بەرهەم دەهێنێت. ترازانی گەورە لەنێوان ئەخلاق و سیاسەتدا دروست دەکات. ئەگەر بپرسین کەرامەتی گەلێک، تاکێک، لەسەرچی هەڵچنراوە، ئەوا دەڵێین: "لەسەر ئەخلاقی مرۆڤ هەڵچنراوە؛

 

بەمانایەکی دیکە ئەخلاقی مرۆڤ لەسەر کەرامەتی و کەرامەتی لەسەر ئەخلاقی هەڵچنراوە". بۆیە ئەو جەنگە دەرونییەی بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەو دوو بنەمایەی نیە، بۆیە ئاساییە دوژمنانی کوردستان بڵێن پارتی فرسەتی کوشتووە، چونکە لە دامەزراندنی پارتییەوە ئەم جۆرە لە ململانێیە لەتەک دوژمنانی کورد هەبووە و هەندێک جاریش  لەگەڵ ڕکەبەرەکانیدا ململانێ هەبووە؛ لەبەر ئەوە ملمکانێکان دوو شێواز بوون؛ دوژمنانی کوردستان سەرقاڵی يئیستیفزازکردنی پارتی بوون، پارتی سەرقاڵی ئاڵنگاری بووە، ئیستیفزازچییەکان هەمووکات دەتوانن ئیستیفزاز بکەن، چونکە بەڵگە و ئەقڵ و لۆژیک و بیرکردنەوە و بەرپرسیارێتی ناوێت.

 

ئەمە جۆرێکە لە نمایشی چاوقایمانە،  ئەمە هیچ جێگای نیگەرانی نیە تا ئەو شوێنەی دوژمن ئەم کارە دەکات، چونکە ئەگەر دوژمن ئەم کارە بە پارتی نەکات، من باوەڕم بە پارتی نامێنێت. کارەسات ئەوەیە دارێک و دەهۆڵێک بدەن بەدەست خۆمانەوە و دەهۆڵەکەیان بۆ بکوتین، ئاخر کورد دەڵێ مردوو کە مرد، شەیتان لە کۆڵی دەبێتەوە، جا بزانە شەیتان شەرم لە ڕەفتاری لەو جۆرە دەکاتەوە. کە کەسيک دەمرێ بێیت و  گومانی لەسەر دروست بکەیت، ئەمە بێویژدانیی پەتییە. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا و لەو نزیکانەشدا سەرکردەی جیاجیا بەر ڕەحمەتی خودا کەوتوون، بەڵام نەمدی کادرێکی پارتی هەڵەیەکی وا بکات و گومان لەسەر مردنەکەی دروست بکات، بەڵکو هەندێ جار کادری پارتی پۆستی هاوخەمیی بۆ نووسیوون؛ چونکە دروستکردنی گومان هی ئەو کەسانەیە پێزانینیان بۆ جوانی و بۆ چاکە نیە، بۆیە داوام لە کەسی یەکەمی حیزبەکان هەیە، لەوانەی خاوەنی بڕیارن، ڕێگا لەم جۆرە سەخافەتە بگرن. چونکە بەتەواوی بەهای هاوبەشمان وردوخاش دەکات. ئەمەش هەمووان دەخاتە نێو زەلکاو و تێیدا دەخنکێین. بۆیە پەشیمان ببنەوە و گومان لەسەر فرسەتەکان دروست مەکەن، چونکە دکتۆر فرسەت بۆ گێڕانەوەی فرسەت بۆ ژیانی هاونیشتیمانیان بوو بە قوربانی؛ بۆیە تکایە، تکایە، جارێکی دیکەش بیربکەنەوە!


ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی