پەیوەندی نێوان ئاینو سیاسەتو دەوڵەت و دەسەڵات، مەسەلەیەکی ئاڵۆزی کۆنی نوێیە، قسەی زۆرو جۆراوجۆری تێدا کراوە، ئەزموونی بەیەکەوەبوون و لێکجیابوونەوەی جیاوازمان لەو پەیوەندیەدا لە ئارادایە. ھەتا (ئاین) و (دەسەڵات ) و (دەوڵەت)و بە گشتی (سیاسەت) یش مابن، ئاسان نیە قسەی کۆتایی لەم روەوە بکرێت، چونکە بە گۆڕینی قۆناغە مێژووییەکان، جیاوازی فۆرمەکانی پیادەکردنی دەسەڵات، کۆمەڵگەی سیاسی، تێگەیشتنە باو و زاڵەکانی ئاین، پەیوەندی نێوان (ئاین)و (سیاسەت) و (دەسەڵات)یش گۆڕانیان بەسەردا دێت. ھەر ئەوەش وای کردووە مێژووی مرۆڤایەتی زیاد لە شێوازێکی پەیوەندی لەو روەوە تاقی بکاتەوە.
ھەڵبەت من ناخوازم لەم وتارە کورتەدا، بەو جۆرەی پێویستە و دەیخوازێت، قسە لەسەر پەیوەندی نێوان (ئاین)و (سیاسەت) و دەسەڵات بکەم. بەڵکو تەنھا دەخوازم ئاماژە بە رێسایەکی نیمچە چەسپاو و بەمێژو و واقیع پشتڕاست کراوە لەو روەوە بکەم. کە ئەویش ئەوەیە ھەموو پێکەوە بوونو تێکەڵاوبوونێکی (ئاین)و (دەسەڵات) و (سیاسەت) وەک رێسایەکی گشتی، سیاسەت و دەسەڵات، (ئاین) ملکەچی ستراتیژو بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتو بۆ خۆی دەقۆزێتەوە و بەھرەی لێ دەبات.
ئەم رێسایە لە سایەی دەوڵەتی نوێو و ھەژموونە ترسناکەکەی بەسەر ژیانو کۆمەڵگەو کایە جۆراوجۆرەکانو ئامرازە زۆرو زەوەندەکانی بەردەستی، بۆ کۆنترۆڵکردنو ئاراستە کردنو سزادان، زۆرترو روونتر دەردەکەوێتو دەچەسپێت، مەسەلەکەش بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە بوونو نەبوونی نیازی باشەوە نیە.
واتە ھەژموونی سیاسەت بەسەر ئایندا، بەتایبەتیش لە دنیای ئیسلامدا و ملکەچکردنی بۆ خواستەکانی خۆیو ئەو دەست بژێرەی ئاراستەی دەکات، مەرج نیە لە ھەموو کاتو شوێنێکدا پەیوەندی بە بوونی نیازی خراپەوە ھەبێت، بەڵکو مەسەلەکە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە زۆرلێکردن (اکراھات)ەکانی سیاسەتو تەماحو خواستەکانی دەسەڵاتو ھاوکێشەی ھێزەکانو بەرژەوەندییە گرێدراوەکان بە ستراتیژەکانی پیادەکردنی دەسەڵاتەوە. واتە ھەندێ جار فشاری زۆرلێکردنەکانی سیاسەت وا لە سیاسەتمەداری دینی دەکات بە پێچەوانەی قەناعەتە دینییەکانی خۆی و بەرژەوەندییەکانی ئاینەوە بڕیار دەدات. (ئاین) یش بەتایبەتی لە (ئیسلام)دا کە دژی دامەزراوەیی بوونە (جگە لە فۆرمی شیعەگەرایی)، ملکەچە بۆ شرۆڤەو لێکدانەوەی جۆراوجۆرو جیاواز، لەوانەش لێکدانەوەی فەرمی، واتە لێکدانەوەی دەسەڵات و دەوڵەت، کە ڕوونە ئەو لێکدانەوە زۆر زەحمەتە پێچەوانەی ستراتیژی باوی دەستەبژێری فەرمانڕەوا بێت.
لەلایەکی ترەوە ھەروەک (عەلی کوڕی ئەبی گالب) خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان وتویەتی: قورئان پەرتوکێکە لەنێو دوو بەرگداو بێ دەنگە، ئەوە پیاوەکانن بەناوی ئەوەوە دەدوێن، بە ھەمان شێوە لە دۆخی تێکەڵبوونی (ئاین)و (دەسەڵات)دا ئەوەی بەرژەوەندی (ئاین) دیاری دەکات، ھەمان کەسو گروپە کە بەرژەوەندی سیستم و دەوڵەت دیاری دەکات. مەینەتیەکەش لەوەدایە لە دۆخێکی نادیموکراسدا یاخود دیموکراسییەکی شکڵیدا، دەستەبژێری فەرمانڕەوا ناتوانێت لە ڕوانگەی بەرژەوەندی کۆمەڵو دەوڵەت و دەستەبەر کردنی ھەلو مەرجەکانی گەشەپێدان ونان و ئاشتی و ئازادیو پێکەوە ھەڵکردنەوە، پەیوەندی نێوان (سیاسەت)و (دین) دیاری بکات. بە حوکمی ئەوەی کارێکی لەو جۆرە لە دوای کودەتای مەعاویەی کوڕی ئەبی سوفیانەوە، تەنھا لە سایەی سیستمێکی شۆرۆکراسدا یاخود دیموکراسی ڕاوێژکاریدا (بە دەربڕینی ھابرمار)، دەرفەتی وەھا تێڕوانین و دەستنیشانکردنی پەیوەندییەکە بۆ چاکەی گشتی و (ئاین)و (سیاسەت) و پێش ھەردووکیشیان چاکەی مرۆڤ و کۆمەلڕ، دەستنیشان بکرێت.
بە کورتی لە ئێستای جیھانی ئیسلامیو بەتایبەتیش خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، فۆرمی زاڵی پەیوەندی نێوان (ئاین) و (سیاسەت) پاشکۆیی ئاینو زاڵبوونی سیاسەتێکی شێواوی بەرھەمھێناوە، چونکە سیاسەتێک سلڕ لە خراپ بەکارھێنانی ئاین بۆ مەرامی خۆیو دەستەبژێری دەسەڵاتدارو سیستم نەکاتەوە، بە واتا مەدەنی و تەنانەت سیکۆلار و دیموکراسەکەش، دەسەڵاتگەرا و لەڕێ لادراو و ناوەرۆک شێواوە. بە حوکمی ئەوەی دۆخی ئاسایی و سروشتی ئەوەیە کە ھەر یەک لە (ئاین) و (سیاسەت) رێز لە تایبەتمەندی یەکتر بگرن و لە پێناو خێرو خۆشی گشتی و کارابوونو بەدروستمانەوەی ھەریەکەشیاندا، لەسەر ئاستی کۆمەڵدا یەکتر تەواو بکەن، بە سیفەتی دوو کایەی گرنگو بنەڕەتی و دوو رەھەندی سەرەکی ناسنامەی گشتی لە کۆمەڵدا. ئەم دیدەش دەتوانێ (ئیسلامی)و (سیکولار)ە دیموکراسخوازەکان سەبارەت بە دیاریکردنی سروشتی پەیوەندی نێوان (ئاین) و (سیاسەت) لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانیدا کۆبکاتەوە. چونکە (ئیسلامی) ییەکی راستگۆ نابێت بە فۆرمی ئاینی پاشکۆ، واتە راڤەیەکی پاشکۆگەرانەی ئاین بۆ دەسەڵات رازی بێت، بە حوکمی ئەوەی بە ئامرازکردنی (ئاین ) بۆ مەرامی سیاسی تێدایە. ئەو دۆخەش دۆخی سوکایەتی کردنە بە ئاین، ئەمە جگە لەوەی (دەسەڵات) لە ھەندێ روەوە بەرەو سەرەڕۆیی و گەندەڵی دەبات.
دیموکراسخوازێکی سیکولاریش نابێت بە ئاینی پاشکۆ رازی بێت، کە بە داخەوە نزیکەی تێکڕای سیکولارەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و دەسەڵاتەکانیان بەو جۆرەبوون و بەو جۆرەن. چونکە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ بێلایەننەبوونی دەوڵەت و خراپبەکارھێنانی دەسەڵاتو لە ھەندێ رووشەوە نادیموکراسی بوونی، ھەڵبەت ئەم بابەتە یەکجار گرنگە وتولدەکێشی و لەسەرمان نوسیوە، خواحەزکات زۆرتریشی لەسەر دەنوسین، بۆیە لێرەدا بۆ روونکردنەوەی زیاتری مەبەست لە دەستەواژەی ئاینی پاشکۆ ئاماژە بە (٣) نموونەی گەرم و ئامادە دەکەین کە لە ماوەی مانگێکی رابردوودا لە سێ وڵاتی جیاوازدا خراونەتە ڕوو ..
یەکەم : پرسی مۆڵەتپێدان بە ئافرەتانی سعودیە بۆ لێخوڕینی ماشێن :
ھەروەک دەزانین دەسەڵاتدارانی سعودیە لە ساڵانی ر ابردوودا رێگایان بە ئافرەتان نەدەدا ماشێن لێبخوڕن و مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن. ھەر ئافرەتێک پێچەوانەی ئەو بڕیارەش بجوڵایەتەوە، دووچاری لێپێچینەوەی یاسایی دەبوو! تا ڕادەیەکیش ئاماژەبوو بە دەرچوون لە (نیزام) و (ئاداب)ی گشتی !.
دیارە بۆ ئێمە مانان لە کوردستان چ جای خۆرئاواییەکان، ئەم جۆرە رەفتار و مامەڵە کردنە لەگەلڕ ئافرەت، بە سەیرو سەمەرە دێتە پێش چاو. بەڵام لە ھەمووی سەمەرە تر بە دینی کردنی ئەم بێ مافی و پرسە بوو. واتە دامەزراوەی ئاینی فەرمی لە سعودیە پاساوی دینی بۆ ئەم بڕیارە کارگیرییە دادەتاشیو وای دەخستەڕوو، شەریعەتی ئیسلام رێگا بە مافو کارێکی لەو جۆرە بە ئافرەتی موسڵمان نادات!! لە کاتێکدا پرسەکە تەواو پەیوەست بوو بە داب و نەریتەوە و (ئاین) بە زۆر راپێچی ناو مەسەلەکە کرابوو.
کێشەکەش لەوەدایە لە وڵاتێکدا کە ھەر لە بنەڕەتەوە و ھەر لە سەدەی حەڤدە و سەردەمی خودی موحەممەدی کوڕی عەبدولوەھاب و بنەماڵەی (ێل سعود ) ەوە، لە سەر ھاوپەیمانێتی بانگەوازێکی دینی (وەھابیەت) و(دەسەڵاتی سیاسی) بنەماڵەیەک دامەزراوە، سیستم ھەمیشە لافی بوونی رەوایەتیەکی ئاینی بۆ خۆی لێدەدات. بەشێ لەو رەوایەتیەش لەوەوە بەدەست دەھێنێت، کە بڕیارەکانی پاساوی دینیان ھەبێت، ئەرکی دامەزراوەی دینیشە بە ھەر شێوازێک بووە، کە تەنانەت گەر بە زۆر لە خۆکردن و بەکار بردنی (رای مەرجوح) و بەڵگە داتاشینەش بووە، دەبێت ئەو ئەرکە راپەڕێنێت!! چونکە جگە لەوەی ھاوپەیمانێتیەکە و نفوز و مانەوەی پێگەی خۆی ئەوە دەخوازێت، بە گوێرەی بنەماکانی سەلەفیەتی وەھابیەتیش، پادشای وڵات (ولی ڕمر)ە و، گوێڕایەڵی (ولی ڕمر)یش ئەرکێکی ئاینی یە !!
ھەر ئەوەش زۆرجار جۆرێک لە (احراج)ی و دژبە یەکی بۆ دامەزراوەکە دروست دەکات، چونکە فەرمانڕەوا بە گوێی ئەم ناکاتو بڕٍیاری بۆ دەرناکات، ھەر لە بنەڕەتیشەوە ئەم مافی بڕیاری نیە و ئەوپەڕی دەتوانێت ئامۆژگاری بکاتو راوێژو پێشنیار پێشکەش بکات، لەم نموونەیەشدا ئەم کێشەیە بە جوانی خۆی خستە ڕوو. چونکە ھەر ئەوەندەی فەرمانڕەواکان رایان لە مەسەلەی مۆڵەتدان بە ئافرەتان بۆ لێخوڕینی ماشێن گۆڕی (دیارە بە کاریگەری شازادە)، راستەو ڕاست ھەمان ئەو زانا و دامەزراوە ئاینیانەی ھەتا دوێنێ پاساوی ئاینیان بۆ مۆڵەتپێنەدان دەھێنایەوە، بەڵگەیان بۆ ئاسایی بوونی بڕیارەکە و بێ کێشەبوونی لەڕووی شەرعەوە دەخستە ڕوو!! بێ ئەوەی ھیچ شتێک گۆڕابێت، ئەوەی گۆڕابوو تەنھا ڕای فەرمانڕەوا بوو، بە گوێرەی ئەوەش راڤە ئاینی و شەرعیەکانیش گۆڕانیان بە سەردا ھات.
ئەوەش بەڕوونی و بێ پەردە دۆخی پاشکۆیی ئاینە.
دووەم: ھەڵوێستی ئەزھەر دژ بە مافی چارەنووسی گەلی کوردستانی باشوور:
زانکۆی ئەزھەر دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستاندا، لە پەیجی فەرمی خۆیدا ھەڵوێستێکی دژ بە خواستی کوردستانی باشوور بڵاو کردەوە .
ھەڵبەت دوای ئەوەی دەوڵەتی (میسر) دژایەتی خۆی بۆ ریفراندۆمەکە و دابەشکردنی عێراق خستبووە ڕوو، گەر سەیری ناوەرۆکی ھەڵوێستە راگەیەنراوەکەی ئەم زانکۆ ئیسلامیە دێرینە ئەسیرە بکەین، ھەست دەکەین نەک ھەر لەڕووی ھەڵوێستەوە، بەڵکو تەنانەت لەڕووی زمانی دەربڕین و لۆژیکی پشت نوسینەکەشەوە، پاشکۆیی و ناڕەسەنی پێوە دیارە! دەقی نوسراوەکە لەبەرگیراوەیەکی کالڕ و کرچی زمانی ناسیونالیزمی باوی عەرەبی و سیاسەتی فەرمی وڵاتەکەیە. بۆ نموونە ناوی کوردستان ناھێنێ و نوسراوە (ناوچەکانی باکوری کۆماری عێراق) .
گەر سەیری پاساوەکانیش بکەین بۆ رەتکردنەوەی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان، یاخود ئەو لۆژیکەی پشتی پێ دەبەستێت، دەبینین دووپاتکردنەوەی زمانی ئەو بەشە لە ناوەندە ناسیونالیستی یە عەرەبیەکەیە کە دژی خواستەکانی گەلی کوردستانن. لە وێنەی:
• سووربوون لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێراق.
• دژایەتی دەوڵەتان و بەتایبەتیش دەوڵەتە عەرەبییەکان بۆ بانگەشەی جیابوونەوە و دابەشکاری (کە مەبەستی کوردستانە)
جا دەڵێ : ئەم بانگەوازە دەبێتە ھۆی دابەشکردنی نەتەوەی عەرەب و ئیسلام، ھەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیلیش لەکاتی بانگەشەی جیابوونەوەدا، بەڵگەی ئەوەیە کە ھەنگاوەکە دەستی گومانکارانەی لە پشتەوەیە!!
ئەمە لەکاتێکدا باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە قاھیرەیە، بەڵام رژێم لە میسردا ھەوڵی ئەم جۆرە بەکارھێنانەی مەسەلەی ئیسرائیل دەدات. وەک بەشێ لەپێداویستی یەکانی شەرعاندن و پەردەپۆشکردنی پەیوەندی یەکەی خۆی لەگەڵیدا و خۆخاڵیکردنەوەی ھەندێ کەس و ناوەندی ناڕازی لەم روەوە، لەڕێی ھەناردەکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، کە تورکیاش ھەمان تاکتیک بەکار دەھێنێت .
دواتر ئەزھەر داوا لە ھەمو پێکھاتەکانی عێر اق دەکات کە بە یەکڕیزی ھاوبەش ھەوڵی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق بدەن !!
لە دیدێکی تەواو نەتەوە پەرستانەی ساختە و درۆی عەرەبیشەوە وایدەخاتە ڕوو، کە تاسەروبەندی ھاتنی سوپای ئەمریکا و روخاندنی رژێمی عێراق، عێراق نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەی نێوان پێکھاتەکانی بووە!! بە پێکھاتە نەتەوەییەکانیشەوە. کە لە جەوھەردا ستایشێکی بێ پەردەی سەردەمی حوکمڕانی بەعس و (سەدام حسێن)ە. بە سەنجدان لەم ھەڵوێستە، یاخود فتوا سیاسیە، زۆر بە سانایی ھەست بەوە دەکەین، کە ئەوشتەی ئەم دەقە و (ئاین) پێکەوە دەبەستێتەوە، تەنھا و تەنھا دەرچوونیەتی لە زانکۆی ئەزھەر، دەنا لەڕووی لۆژیک، پاساو و زمانی داڕشتن و بەھاو پێوەرەکانی داوەریکردنی ناوی دوور و نزیک پەیوەندی بە (ئیسلام)و شەریعەتەوە نیە، تەنانەت بە مانا فقھی یە مێژووییەکەشی، چ جای بەھاو مەبەستەکان (مقاید) ەکانی. ھەر سیاسی و دامەزراوەیەکی تری ناسیونالیستی عەرەبی دژ بە ریفراندۆم ھەر بەو جۆرە قسەدەکات و پاساوی ھەڵوێستەکانی دەداتەوەو مەبەستەکانی دەردەبڕێت !! ھەروەک وتمان ئەمەش نەک ئەزھەر بە تەنھا دەکات بە پاشکۆی سیاسەتی وڵاتی میسر، ( کە ڕەنگە بەشێ لە ئەرکەکە بۆ تەواو کردنی ئەوشتە بێت کە حکومەت نایەوێت خۆی بیکات و بیڵێت) بەڵکو لەڕووی فکری و زمان و لۆژیکیشەوە سەربەخۆیی لەدەستداوە و ھیچ رەسەنایەتی یەکی ئیسلامی و شەرعیی پێوە دیار نیە.
سێھەم: ھەڵوێستی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی:
ھەروەک دەزانین ھەڵوێستی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لەمەڕ ریفراندۆمەکەی گەلی کوردستانی باشوور لە چەند خاڵێکدا پوخت بوبۆوە بەم جۆرە :
(ڕ) رەتکردنەوەی ریفراندۆمەکە و دابەشکردنی عێراق و گەڕانەوە بۆ ژێر سەقفی دەستوور.
(ب) بانگەشە بۆ ئازارنەدان و پێشێلنەکردنی مافی برا کوردەکان.
(ج) ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەڕێی گفتوگۆوە.
کە ئەوەش ھەمان ھەڵوێستی حکومەت و دەستەبژێری حوکمڕانی شیعە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە، گەرچی پێم وایە سیستانی لە زانایانی سعودیە و ئەزھەریش بە حوکمی پێکھاتەی دامەزراوەیی ئاینزای شیعە و پەیوەندی نێوان تاکی موسڵمان و پیاوی ئاینی و سیاسەت و دین، لە دەربڕینی ھەڵوێستیدا ئازاد ترە .
بەڵام لە چوارچێوەی ئەم نموونەیەشدا بە حوکمی ئەوەی پیاوی ئاینی راستەوخۆ (وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و لوبنان) یاخود ناڕاستەوخۆ (نموونەی سیستانی لە عێراقدا) خۆی سیاسەت دەکات، وە لەسەر ئاستی ململامنێی مەزھەبی و پێداویستی یەکانی بەرەوپێشبردنی پیرۆژەی سیاسی شیعەگەرایی لە سەر ئاستی جیھاندا بیر دەکاتەوە، ھەمان ھاوکێشەی پێشوو، واتە پاشکۆیی ئاین و مەزھەب بۆ سیاسەت، رەنگە بە شێوەیەکی توندتر بێتە کایەوە، گەرچی ڕواڵەت ھاوکێشەش پێچەوانەی ئەمە خۆی نیشان بدات.
لەبەر ئەوە فتواکەی سیستانی رێگای نەگرت لەوەی حەشدی شەعبی ھێرش بکاتە سەر کوردستان و لە ھەندێ ناوچەشدا تاوان دژ بە خەڵک ئەنجام بدەن، چونکە ھەر لە بنەڕەتەوە فتواکە رۆڵی دەستەبەر کردنی رووپۆشی ئاینی بۆ بڕیار و کردە سیاسیو سەربازییەکانی بینی. ماوەتەوە بڵێین کە ھەموو ئەوەی وتمان واتای ئەوە ناگەیەنێ کۆی (ئاین ) و زانا و ئاینداران لەو دۆخە پاشکۆییەدا دەستەمۆ دەکرێن. بەڵکو لە بەرەنجامی کۆتاییدا فۆرمێ لە (ئاین)ە ئەو رۆڵە دەیبینێ و لە ھەمان کاتدا فۆرمێکی تر دژی دەوەستێتتەوە. عێراق ئەوەش ئەوەیە دکتۆر عەلی شەریعەتی ناوی شەڕی فۆرمەکانی ئاینی دژ بە یەکتر لێناوە.
ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی