هەواڵی ئەمڕۆ

بریتانیا و نەتەوە یەکگرتوەکان ئیدانەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە دەکەن

07:54 - 18/09/2019

1491جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
هەریەک لەسەرۆک وەزیرانی بریتانیا و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانی ئیدانەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکان و کەرەستەی کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییان کرد.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لەمیانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئیدانەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیەی کردوە و  لەلایەکی دیکەشەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئیدانەی هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ هەریەک لەسعودیە و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایانگەیاند هێرشی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، ئەمریکا بەڵێنی سپاندنی سزای زیاتر و گۆشەگیرکردنی ئێرانی دا و سعودیەش داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەکات.

حوسییەکانی یەمەن بۆ شاردنەوەی بابەتەکە بەرپرسیارێتی خۆیان نیشانداوە

لای خۆشییەوە، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشی سەر کەرەستەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ئەنجامدراون و حوسییەکانی یەمەن بۆ شاردنەوەی بابەتەکە بەرپرسیارێتی خۆیان نیشانداوە.

لەماوەی رابردودا کۆماری ئیسلامی ئێران رەتیکردەوە دەستی لەهێرشەکانی سەر کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیەدا هەبوبێت و ئەمریکاشی بەهۆکاری ئاژاوە و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەقەڵەمدا.

نیشانەکردن

ئێران_ئەمریكا