خهندان-
هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری، راگهیهندراوێكى بڵاوكردهوهو دهڵێت، هاوپەیمانی لە پڕۆگرامی سیاسی و بڕیاری رێكخراوەیی خۆیدا ئەوەی چەسپاندوە كە پڕۆژەی كۆكەرەوەی ناو ماڵی كوردەو بەشێك نییەو نابێت لە پەرتەوازەیی، بۆیە بڕوای تەواویان بە كاری هاوبەش هەیە بۆ دەربازكردنی كوردستان لە قەیران و سەختی باری ئابوری و بژێوی خەڵك.
دهقى راگهیهندراوهكه
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
راگەیەندراوێك بۆ ڕای گشتی
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
هاودیدانی ئازیز،
هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لە پڕۆگرامی سیاسی و بڕیاری رێكخراوەیی خۆیدا ئەوەی چەسپاندوە كە پڕۆژەی كۆكەرەوەی ناو ماڵی كوردەو بەشێك نییەو نابێت لە پەرتەوازەیی، بۆیە بڕوای تەواومان بە كاری هاوبەش هەیە بۆ دەربازكردنی كوردستان لە قەیران و سەختی باری ئابوری و بژێوی خەڵك.
لەماوەی رابردوودا لە میانەی گفتوگۆكانی ئەم دوواییەی نیوان هاوپەیمانی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پاش ڕاوێژیّكی زۆر و چڕوپڕ، د بەرهەم و كۆمەڵێك لە هەڤاڵانی یەكگرتنەوەی خۆیان كردە بژاردە ووازنامەی پێشكەش بە دەستەی دامەزرێنەرو ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی كردووە. پاش تاوتوێ كردنی ئەم پرسە و بە رەچاوكردنی دۆخی سیاسی هەرێم و عیراق و ناوچەكە، بەرێزەوە وازنامەكەی و خۆی و ئەو هەڤاڵانەی بڕیاریان داوە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان یەكبگرنەوە پەسەند كرد، لێرەشەوە دەخوازین پێگەی سیاسی و كەسایەتی بەڕێز دكتۆر بەرهەم بخرێتە خزمەت بەرژەوەندیەكانی خەڵكی كوردستان بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەی كە عیراق و كوردستانی پێداتێپەر دەبێت.
بەڕێزان..
دوپاتی دەكەینەوە كە هاوپەیمانی وەك پرۆژەیەكی سیاسی و مەدەنی و بەهاكانی هاوپەیمانی بۆ خزمەتی خەڵك و برەودان بە چاكسازی بەردەوام دەبێت، و سەبارەت بە بڕیاڕدان لە شێواز و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و كاری ئایندەی هاوپەیمانی بەمزوانە كۆبوونەوەی فراوانی هاوپەیمانی ئەنجام دەدەین.
هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری