هەواڵی ئەمڕۆ

ئه‌و كچه‌رۆژنامه‌نوسه‌ی‌ له‌گرژییه‌كانی‌ خانه‌سۆر برینداربوو گیانی‌ له‌ده‌ستدا

01:32 - 23/03/2017

8256جار خوێندراوەتەوە

نوژیان ئه‌رهان


خه‌ندان- خۆشناو حسێن

نوژیان ئه‌رهان ئه‌وكچه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ی كورد كه‌ له‌شه‌ڕ و پێكدادانی ناوچه‌ی خانه‌سۆری‌ سه‌ر به‌ شه‌نگال بریندار بوو گیانی له‌ده‌ستدا.

به‌پێی ئاژانسی فورات نیوز نزیك له‌ په‌كه‌كه‌، نوژیان ئه‌رهان له‌ 3ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ئه‌نجامی شه‌ڕ وپێكدادانه‌كانی نێوان پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژئاوای سه‌ر به‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ و شه‌رڤانانی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شه‌نگال یه‌به‌شه‌، له‌ ناوچه‌ی خانه‌سۆر بریندار بووه‌.

ئاماژه‌به‌وه‌كراوه‌، شه‌وی ڕابردوو له‌نه‌خۆشخانه‌ی شاری حه‌سه‌كه‌ی‌ رۆژئاوای كوردستان گیانی له‌ ده‌ستداوه‌.

توبا ئاكیلماز ناسراو به‌ (نوژیان ئه‌رهان) له‌ دایكبووی ناوچه‌ی حیلوانی سه‌ر به‌ پارێزگای ئۆرفای باكوری كوردستانه‌ و له‌ ساڵی 2005ه‌وه‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی ده‌كات.

ڕۆژی‌ سێ ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌ناوچه‌ی‌ خانه‌سۆری‌ شه‌نگال پێكدادان له‌نێوان هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ ڕۆژ و یه‌كینه‌كانی‌ به‌رخۆدانی‌ شه‌نگال یه‌به‌شه‌، ڕوویدا و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك كوژراون و برینداربوون.

چه‌ند ڕۆژێك دواتر خۆپیشاندانێك له‌ ناوچه‌ی‌ خانه‌سۆر سه‌ر به‌ قه‌زای‌ شنگال گرژی‌ لێكه‌وته‌وه‌و خۆپیشانده‌رێك كوژرا، میدیاكانی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێن "ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌  به‌ته‌قه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ له‌شكری‌ رۆژ كوژراوه‌"، به‌ڵام له‌شكری‌ رۆژ ره‌تیكرده‌وه‌ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران كردبێت.

دواتر وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان په‌كه‌كه‌ی‌ به‌هۆكاری‌ رووداوه‌كان تۆمه‌تباركردووه‌و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردووه‌"PKK له‌ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وام خه‌ریكی ئیستفزازكردنی هێزه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ به‌ریه‌ككه‌وتنێك ڕووبدات".

وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ وتبووی‌"دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی ئه‌مڕۆدا هه‌رچی ڕوویدابێت، پۆلیسی مه‌ده‌نی كه‌ چه‌ندینیان به‌ركه‌وتوون، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپرس نیه‌، ته‌نیاPKKبه‌رپرسه‌"

خۆپیشانده‌رانی‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌، ئاڵای‌ هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌یان به‌رزكردبووه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ هێرشی‌ داعش بۆ سه‌ر قه‌زای‌ شنگال له‌ئابی‌ 2014 وه‌ له‌و سنوره‌ جێگیربوون

میدیاكانی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ڵێن، "له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ له‌شكری‌ رۆژه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌ خۆپیشانده‌ران كراوه‌و به‌هۆیه‌وه‌ خۆپیشانده‌رێك گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌و چه‌ند كه‌سێكیش دیكه‌ش برینداربوون".

ئه‌و خۆپیشانده‌ره‌ی‌ كوژرا ژنێك بوو به‌ناوی‌ (نازێ نایف) ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، به‌پێی میدیاكانی‌ په‌كه‌كه‌

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی‌ یه‌به‌شه‌ دوای‌ رووداوه‌كه‌ به‌ خه‌ندان-ی‌ رایگه‌یاند، خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌لایه‌ن "گه‌لی‌ شنگاله‌وه‌ رێكخراوه‌و یه‌كێك له‌ خۆپیشانده‌ران به‌ فیشه‌ك گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌و چه‌ند كه‌سێكی‌ دیكه‌ش برینداربوون".

به‌ڵام رائید شه‌ڕڤان دێركی‌ فه‌رمانده‌ی‌ له‌شكری‌ رۆژ له‌ خانه‌سۆر به‌خه‌ندان-ی‌ وت، هێزه‌كانی‌ ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌قه‌یان له‌ خۆپیشانده‌ران نه‌كردووه‌ "ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كوژراوه‌ ئێمه‌ ته‌قه‌مان لێنه‌كردووه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ موئامه‌ره‌یه‌و ده‌یانه‌وێت بیكه‌نه‌ سه‌ر ئێمه‌".

شوێنی‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ خانه‌سۆر بووه‌ كه‌ سێی‌ ئه‌م مانگه‌ پێكدادانی‌ له‌نێوان هێزه‌كانی‌ یه‌به‌شه‌و له‌شكری‌ رۆژ به‌خۆوه‌ بینی‌.

نیشانەکردن

شەنگال