خهندان-
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، یەکێک لەو فڕۆکەوانانەی شاری هەڵەبجەی لە ساڵی 1988 بۆردومانکرد، لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ خێزانەکەی بە ئازادی دەژین و هیچ کەسێکیش پێشێلکاری بەرامبەر نەدەکردن.
مەحما خەلیل پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کەناڵی "التغییر"ی عێراقی رایگەیاند، "هەموان شایەتی روداوی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بون و ئێستاش شوێنەوارەکانی لەبەرچاودایە، بەڵام ئەو فڕۆکەوانەی هەڵەبجەی کیمیاباران کرد، خۆی و خێزانەکەی لە هەرێمی کوردستان بە ئازادی دەژین و کەسێکیش پێشێلکاری بەرامبەر ئەنجام نادەن".
کیمیابارارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988
لە رۆژی 16ی (ئازار/3)ی ساڵی 1988 لە کۆتا رۆژەکانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران، شاری هەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعسی پێسوی عێراقەوە بۆردومانکرا، بەهۆیەوە پێنج هەزار کەس شەهیدبون و زیات لە 10 هەزار کەسی دیکە برینداربون.
کیمیابارانەکە لەلایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە ئەنجامدرا
کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بە جینۆساید ناسێنرا، هەروەها پەرلەمانی کەنەداش ئەو هیرشەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند، بۆردومانکردنی هەڵەبجە بە سەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجید ناسراو بە "عەلی کیمیایی" فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەو سەردەمەی عێراق ئەنجامدرا و لە ساڵی 2007 لە سێدارە درا.