خهندان-
رێخکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگهیاند، دو رۆژ لهمهوبهر كچێكی كوردی خهڵكی كرماشان بهناوی ئارمیتا گەڕاوەند كه تەمەنی 16 ساڵانه بەهۆی لێدانی لهلایهن هێزهكانی تایبهت بە کۆنتڕۆڵکردنی حیجابی زۆرەملێ لە مێترۆی تاران کەوتوەتە کۆماوه و لە نەخۆشخانەی "فەجر"ی تاران لە ژێر کۆنتڕۆڵی توندی ئەمنییەتیدا خەوێندراوە و بێهۆشه.
رێخکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو له راپۆرتێكدا بڵاویكردهوه، بەر لە نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەی رابردو (1ی 10ی 2023) هێزەکانی حکومەتی ئێران لە مێترۆی "شەهۆدا"ی تاران، بە بیانوی نهپۆشینی حیجاب هێرشیان کردوەتە سەر ئارمیتە گەڕاوەند-ی تەمەن 16 ساڵان، خەڵکی کرماشان و دانیشتوی تاران، لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چوە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.
لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی لە نەخۆشخانەی فەجر جێبەجێکراون
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەیهوە رایگەیاند، لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی لە نەخۆشخانەی فەجر جێبەجێکراون و رێگە بە هیچ جۆره سەردانیکردنێک تەنانەت لەلایەن بنەماڵەکەشییەوە بۆ لای ئەو کچە مێردمنداڵە نادرێت.
مریەم لوتفی، رۆژنامەنوسی رۆژنامەی شەرق کە بۆ ئەنجامدانی راپۆرتێک سەردانی ئەو نەخۆشخانەی کردبو، دەستبەسەرکرا
رێخکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دهڵێت، دوێنێ دوشهممه مریەم لوتفی، رۆژنامەنوسی رۆژنامەی شەرق کە بۆ ئەنجامدانی راپۆرتێک سەردانی ئەو نەخۆشخانەی کردبو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا، دوای کاتژمێرێک لە بڵاوبونهوهی ههواڵی دهستگیركردنهكهی، ئازادکرا.
میدیا و راگەیاندنەکانی سەر بە حکومەت لێدران و کوترانی ئەم کچە مێرمنداڵە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بەدرۆ دەخەنەوە
له راپۆرتهكهدا هاتوه، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی لێدان و بارودۆخی ناجێگیری ئارمیتا گەڕاوەند، میدیا و راگەیاندنەکانی سەر بە حکومەت بەشێوەیەکی سیستماتیک و هاوکات لێدران و کوترانی ئەم کچە مێرمنداڵە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە بەدرۆ دەخەنەوە و بەرپرسانی حکومەت دهڵێن، "هیچ چەشنە بەرکەوتنێکی فیزیکی روینەداوە"، ئەم بانگەشانە بەپشتبەستن بە ڤیدیۆیییەکی کورتی دەستکاریکراو لە گۆشەی دەرهوەی شەمەندەفەرەوە بڵاودەکەنەوە.
هۆکاری لەهۆشخۆچونی ئارمیتا گەڕاوەندیان بە نزمی پەستانی خوێن گەڕاندوەتەوە
هەروەها، میدیاکانی حکومەت، هۆکاری لەهۆشخۆچونی ئارمیتا گەڕاوەندیان بە نزمی پەستانی خوێن گەڕاندوەتەوە، کە بەلەبەرچاوگرتنی نهێنیکاری، جێگیرکرانی هێزێکی زۆری ئەمنییەتی لە نەخۆشخانە و ڕێگری لە ئیزنی چاوپێکەوتن، نیگەرانی رای گشتی بۆ دوبارەبونەی سیناریۆی مردنی ژینا ئەمینی دروستکردووە.
لەلایەکی دیکەوە لەماوەی دو رۆژی ڕابردودا هیچ هەواڵێک لە بنەماڵەی ئەو کچە مێرمنداڵە، بەتایبەتی باوکی و دایکی بەناوەکانی بەهمەن گەڕاوەند و شەهێن ئەحمەدی و بڵاونەبوەتەوە، کە "ئەوەش دەرخەری کۆنتڕۆڵی توندی ئەمنییەتی و گوشار بۆ سەر ئەم بنەماڵەیەیە بەمەبەستی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی هەرچەشنە زانیارییەکە".