هەواڵی ئەمڕۆ

بەرپرسێکی عێراق زانیاری لەبارەی دەستپیکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات

07:38 - 03/10/2023

2959جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆبونەوەی زیاتر لە نێوان تورکیا و عێراق لەسەر پرسی هەناردەی نەوت ئەنجامدەدرێت، لەمجارەشدا رێژەی هەماهەنگی تورکیا لەسەر ئەو پرسە دەردەکەوێت، ئەوەش دوای ئەوەی وەزیری وزەی تورکی وتی، "لەم هەفتەیەدا بۆرییە نەوتییەکانی جەیهان دەکەونەوە کار."
بەرپرسێکی نەوتی عێراق بە ئاژانسی "رۆیتەریز"ی راگەیاند، بەم نزیکانە کۆبونەوەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەسەر پرسی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە، لەمجارەشدا رێژەی نەرم و نیانی و هەماهەنگی تورکیا لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە شێوەیەکی رونتر دەردەکەوێت.

بۆری نەوتی جیهان دەست بە کار دەکاتەوە

لە رۆژی رابردو ئالپ ئەرسەلان بایرەکدار، وەزیری وزەی تورکیا لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی پێترۆڵ لە ئەبوزەبی رایگەیاند، لەم هەفتەیدا هێڵی بۆرییە نەوتییەکانی جەیهان دەست بەکار دەکەنەوە.

عێراق تا ئێستا بێدەنگە

هاوکات، تا ئێستا هیچ راگەیەنراوێکی فەرمی عێراق لە بارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاونەکراوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 25ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ لە دوای دەرچونی بڕیاری ژوری نابژیوانی پاریس، لەسەر دۆسیەی نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، لە بەرژەوەندی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.