خهندان-
لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان وهڵامێكى توندى وهزارهتى پهروهرده دهداتهوه و رایدهگهیهنێت، دابەشكردنی دو موچەی مانگەكانی (8 و 9)ی ئامانجی بایكۆتهكهیانه، دهشڵێت، "ئەم بێباكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دوری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات".
لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان له راگهیهندراوێكدا له وهڵامی راگهیهندراوهكهی وهزارهتی پهروهرده، باسی لهوهكردوه، "چاوەڕێی حكومەتی هەرێم بوین، كە بۆ یەكجاریش بێت یەك داواكاری مامۆستایانی نیگەران جێبەجێ بكات، سەرەڕای (ڕاگرتنی موچە و پاشەكەوتی موچە و موچەی هەڵپەسێردراو و بڕدراو و چارەكە موچە و سێ روبعە موچە) كە لە 8 ساڵی رابردودا وەڵامی ئەرێنی داخوازی مامۆستایان بداتەوە و موچەی مانگەكانی (7 و 8 ) بەیەكەوە دابەش بكات".
ئەم بێباكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دوری نێوان حكومەت و مامۆستا فراوانتر دەكات
ئاماژهی بهوهشكردوه، ئەمجارەش حكومهتی ههرێم كادری هەستیارترین سێكتەری بەڕێوەبردن و حوكمداری فەرامۆشكرد، "بۆیە ئەم بێباكییەی حكومەت نیگەرانییەكان و مەودای دوری نێوان (حكومەت و مامۆستا) فراوانتر دەكات و هێندەی تر كەرتی پەروەردە و فێركردن بەرەو ئیفلیجی دەبات".
داواكارین لە حكومەتی هەرێم موچەی هەردو مانگەكانی 8و 9 و شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجبكات
لقی سلێمانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دهڵێت، "بۆ راستكردنەوەی دۆخەكە و ئاشتەوایی گشتی داواكارین لە حكومەتی هەرێم موچەی هەردو مانگەكانی (8و 9) شایستە داراییەكانی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجبكات، جێبەجێ كردنی ئەم داواكارییە دەبێتە متمانە بەخشینەوە و بوژاندنەوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن".
موچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و سوپاسی رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەن
ئێوارهی ئهمڕۆ وەزارەتی پەرەوردەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، موچە مافێکی بنەڕەتی مامۆستایان و فەرمانبەرانە و سوپاسی رۆڵی دڵسۆزانەی مامۆستایان دەکەن، هەمو لایەنێکیش لە دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و هۆکارەکانی دروستبونی ئەو دۆخە ئاگادارن کە ڕوبەروی کوردستان کراوەتەوە.
زیاتر لە دو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردوە، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە
ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە دو هەفتەیە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەستیپێکردوە، بەڵام لە هەندێک ناوچە دەوام نەکراوە، وەک ئاماژەیان پێدا موچە مافی بنەڕەتی مامۆستایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵی بەردەوامی بەدەستهێنانی شایستە داراییەکانی کوردستانە لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ.
ئەوەش خراوەتەڕو، داواکارن بە زوترین کات دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربون لەو ناوچانە بکرێتەوە، چونکە دەرئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی ڕابردو زیانی هەبوە و هیچ بوارێک نییە تا گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت.