هەواڵی ئەمڕۆ

تاران دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن رەتدەکاتەوە؛ دەنگۆى گفتوگۆ لە ژاپۆن هەیە

05:36 - 03/10/2023

1472جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئێران دانوستانی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا رەتکردەوە، بەڵام رەزامەندی خۆی لە دەستپێشخەرییەکەی عومان دوپاتکردەوە، بۆ شکاندنی بنبەستی رێڕەوی دیپلۆماسی بە ئامانجی زیندوکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، ئەوەش لەکاتێکدایە دەنگۆی گفتوگۆ لە ژاپۆن هەیە.

ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا رایگه‌یاند، پلانی سوڵتان هەیسەم بن تاریق سوڵتانی عومان بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی "دەستپێشخەرییەکی کردەییە" بۆ لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان واشنتن و تاران، "ئەم دەستپێشخەرییە نە رێککەوتنێکی نوێیە و نە پڕۆژەیەکی نوێیە". 

پێشوازی لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی وڵاتانی دۆست و لە نێویاندا عومان دەکەین
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وەک چەندین جار رایانگەیاندوە، "پێشوازی لە هەوڵ و دەستپێشخەرییەکانی وڵاتانی دۆست و لە نێویاندا عومان دەکەین بۆ گەڕانەوەی هەمو لایەنەکان بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی".
رێڕەوی دیپلۆماسی و ئاڵوگۆڕی پەیام هەردوکیان کراوەن و ئەم ڕێڕەوەش بەردەوامە
ناسر کەنعانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "رێڕەوی دیپلۆماسی و ئاڵوگۆڕی پەیام هەردوکیان کراوەن و ئەم ڕێڕەوەش بەردەوامە، بەڵام دانوستانی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکادا نابێت، پلانیش بۆ دانوستانی راستەوخۆ نییە".

وتەبێژەکە خۆی لە وردبونەوە لە پرسی "دەستپێشخەریی شارەزایانی ئێران" بەدورگرت کە لە راپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی ماڵپەڕی "سێمافۆر"ی ئەمریکی و کەناڵی "ئێران ئینتەرناشناڵ" کە کەناڵی زمانی فارسی کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئاشکرابو، لێکۆڵینەوەکە باس له‌ ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوان شارەزایانی ئەمریکی بە رەچەڵەک ئێرانی و بەرپرسی بەشی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە پەیوەندییەکی نزیکی بە سوپای پاسدارانەوە هەیە ده‌كات.
 31 سیناتۆر نامەیەکیان بۆ پنتاگۆن نارد، لە نامەکەدا پرسیار ده‌كه‌ن و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن
ناوەڕۆکی ئەو پەیامانە توڕەیی لە نێو ئه‌ندامانی ئەمریکا و بەتایبەتی لەنێو ئەندامانی کۆنگرێسدا دروستکرد، چونکە 31 سیناتۆر نامەیەکیان بۆ پنتاگۆن نارد، لە نامەکەدا پرسیار ده‌كه‌ن، کە چۆن توێژەرێکی ئەمریکی – ئێرانی مۆڵەتی ئەمنیی پێدراوە بۆ ئەوەی پۆستێکی باڵا لە وەزارەتەکەدا هەڵبگرێت، دوای ئەوەی لە تیمی دانوستانکاری ئەتۆمی دور خرایەوە.
نامانەوێت لە چوارچێوەی پرسە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و کێبڕکێی نێوان لایەنەکاندا بچینە ناو هەندێک پرسەوە
کەنعانی له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی، "نامانەوێت لە چوارچێوەی پرسە ناوخۆییەکانی ئەمریکا و کێبڕکێی نێوان لایەنەکاندا بچینە ناو هەندێک پرسەوە، بە تایبەت کە هەندێک هەوڵی یاریکردن بە کارتی ئێران و بابەتەکانی پەیوەست بەوەوە دەدەن".

لەلایەکی دیکەوە کەنعانی باسی له‌وه‌كرد، "ئێران بەکارهێنان و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ڕەتدەکاتەوە"، هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پابەندنەبونی ئێران بە رێککەوتننامەی چەکی ئەتۆمی، وتی، "ئێمە بە توندی ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌، تۆمەتی درۆ و بێ بنەمان".

نیشانەکردن

ئەمریکا ئێران