هەواڵی ئەمڕۆ

كێشه‌كانی بزوتنه‌وه‌ به‌ جیابونه‌وه‌ كۆتاییهات؛ به‌شێكیان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و حزبه‌ی 45 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زرا

05:21 - 03/10/2023

2962جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دوای ناکۆکیەکانی نێوان هەردو باڵی بزوتنەوە و دو هەوڵی سەرنەگرتویان بۆ بەستنی کۆنگرەی هاوبەش، دواجار باڵی کامیلی حاجی عەلی جیابونەوەی خۆیان و دروستکردنی حزبێکی نوێیان ڕاگەیاند، محەمەد بازیانی، وتەبێژی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی ده‌ڵێت، "گەڕاینەوە بۆ سەرەتا، بۆ ئەو حزبەی ناوی بزوتنەوەی یەکبونی ئیسلامی بو لە ساڵی 1978، بەڵام بە واقعی ئێستاوە، ئێمە پێشتر چەکداربوین چەکمان بەدەستەوە بو". 

محەمەد بازیانی، وتەبێژی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی كه‌ كامیل حاجی عه‌لی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاند، "گەڕاینەوە بۆ سەرەتا، بۆ ئەو حزبەی ناوی بزوتنەوەی یەکبونی ئیسلامی بو لە ساڵی 1978، بەڵام بە واقعی ئێستاوە، ئێمە پێشتر چەکداربوین چەکمان بەدەستەوە بو، بەڵام لە ئێستادا حکومەت هەیە ئاسایش هەیە و پۆلیس هەیە، ئێستا حەرەکەکەمان چەکداری نییە و حەرەکەیەکی مەدەنییە بۆ ئەوەی بە فعلی ئەو پێگە گەورەییەی کە بزوتنەوە هەیبو بێتەوە ناو واقعی حال، بۆ ئەوەی برایەتیشمان تێکنەچیت و تەشەنوج دروستنەبێت وامان بە باشزانی جیا ببینەوە".

بەشێکی زۆر یان دەتوانم بڵێم هەمویان لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە لە ساڵی 78ەوە لەناو ئەم تەرەفەن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "بەشێکی زۆر یان دەتوانم بڵێم هەمویان لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە لە ساڵی 78ەوە لەناو ئەم تەرەفەن، ئێمە زۆر دەستمان درێژ کردو شەڕمان لەسەر ڕابەرایەتی نەبو، بەڵام ئەوان دەستیان نەهێنایە پێشەوە بۆ ئەوەی یەکڕیز بین".
ئێستا ئەو بزوتنەوەی ئیسلامییە پێگەی هیچ نەماوە
وتەبێژی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی دەڵێت، "ئێستا ئەو بزوتنەوەی ئیسلامییە پێگەی هیچ نەماوە، لە موئتەمەرەکەدا هەوڵدرا دەمەزەرد بکرێتەوە و لە واقعی ئێستادا بێت، تەئسیراتی ئیجابی هەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆر بچوک بوه‌وە".
 وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، باس لە سەرکەوتنی حزبەکەی دەکات
لە بەرامبەردا عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژی بزوتنەوەی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، باس لە سەرکەوتنی حزبەکەی دەکات لە دوای کۆنگرەو دەڵێت، "جیابونەوەیان هیچ کاریگەریەکی لەسەرمان نابێت".
جیابونەوەیان هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئێمە نابێت
راشییگەیاند، "جیابونەوەیان هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئێمە نابێت، کۆنگرەی ئێمە خەریکی کارەکانی خۆیەتی، پەیڕەوی ناوخۆمان قبوڵکرد، بەسەرپەرشتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەنگدان بۆ ڕابەریش کرا و ئەندامانی کۆنگرە زیاتر لە 1400 بۆ 1500 کەس بەشداربون ئەمڕۆ زۆربەی ئەندامان هاتن، چونکە دوای ئەوەی زانیان کە ئەو برادەرانە ڕازی نین بە بزوتنەوەو دەیانەوێت حزبێکی نوێ ڕابگەیەنن زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانی ئەوانیش بەشداری کۆنگرەکەی ئێمەیان کرد".
بزوتنەوە لە ساڵی 1978ەوە بە ڕابەرایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران دامەزراوە
بزوتنەوە لە ساڵی 1978ەوە بە ڕابەرایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران دامەزراوە، لە سەرەتادا ناوی بزوتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بو، لە ساڵی 1992ەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کردوە و لە ڕوی پێگەی جەماوەریەوە لە ڕیزبەندی سێهەمدابو، لە ڕابردوشدا جیابونەوەی تری بە خۆیەوە بینیوەو هەریەک لە عەلی باپیر کە ئێستا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریە لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی تر لەو حزبە جیا بونەوە، لە ئێستاشدا بە هۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە جارێکی تر جیابونەوە دروستبو.