خهندان-
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگهیاند، خاوەنی ئەو هۆڵەی ئاگری لێکەوتەوە لە قەزای حەمدانیە لە لایەن دامەزراوەکانمانەوە دەستگیرکرا.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "دوای ئەوەی شەوی ڕابردو لە کارەساتێکی دڵتەزێندا لە هۆڵێکی بۆنەوئاهەنگەکان لە قەزای حەمدانییەی سەر بە پارێزگای نەینەوا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوەی سەدان هاوڵاتی بونە قوربانی، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ژمارەیەک کەس دەرچو لەنێویاندا خاوەنی هۆڵەکە بەناوی (سمیر سلیمان کرومی رفو اسو)".
لە هەولێر خاوەنی هۆڵەکەیان دەستگیرکرد و بە فەرمانی دادوەر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کرا
ئاماژهی بهوهشكرد، دوابەدوای گەیشتنی فەرمانی دەستگیرکردن، ئەمڕۆ چوارشەممە (27ی ئەیلولی 2023) دامەزراوەکانیان لە شاری هەولێر خاوەنی هۆڵەکەیان دەستگیرکرد و بە فەرمانی دادوەر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق کرا.
شەوی رابردو ئاگر لە هۆلێکی بۆنە و ئاهەنگ لە ناوچەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە
شەوی رابردو ئاگر لە هۆلێکی بۆنە و ئاهەنگ لە ناوچەی حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە، لە کاتی روداوەکەش لە هۆڵەکەدا ئاهەنگێکی گەورەی هاوسەرگیری بەرێوەدەچو.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەهۆی روداوی ئاگرکەوتنەوەکەوە 93 کەس گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە 100 کەسیش برینداربون، ژمارەی ئامادەبوانی ئاهەنگەکەش نزیکەی هەزار کەس بوە.