خه‌ندان-
سبه‌ی كاره‌كانی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی له سلێمانی ده‌ستپێده‌كات و سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت، له كۆنگره‌دا په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبه ته‌مه‌ن 48 ساڵەكه هه‌موار ده‌كرێته‌وه به ئامانجی چه‌سپاندنی "مه‌ركه‌زییه‌ت و مه‌رجه‌عییه‌ت"، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه ده‌یان سه‌ركرده‌ی باڵا و كادیری دیاری یه‌كێتی به‌هۆكاری جیاواز به‌شداری ناكه‌ن و له‌ماوه‌ی دو رۆژی رابردوشدا هه‌ندێك له‌وانه هۆكاری به‌شدارینه‌كردنیان رونكردوه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، له پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیكدا كه كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆی سبه‌ی چوارشه‌ممه له ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی ده‌ستپێده‌كات ده‌یان سه‌ركرده‌ی حزبی له ئاستی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌شداری ده‌كه‌ن و بانگهێشتنامه‌ش بۆ كونسوڵ و نوێنه‌ری وڵاتانی له هه‌ولێر نێردراوه، رۆژی یه‌كه‌میش تایبه‌ت ده‌بێت به میوانان و ته‌نها نمایشی مێژو و تێكۆشانی یه‌كێتی له رێگه‌ی به‌ڵگه‌فیلم، دۆكیۆمێنت و ڤیدیۆوه بۆ میوانان نیمایش ده‌كرێت.
سبه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌شداریكردن له پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی ده‌گاته سلێمانی و وتارێک پێشکه‌ش دەکات
سه‌رچاوه‌یه‌ك له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به خه‌ندان-ی راگه‌یاند، سبه‌ی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ به‌شداریكردن له پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی ده‌گاته سلێمانی و ناوبراو له كۆنگره‌كه‌دا وتارێک پێشکه‌ش دەکات، كه چه‌ندین پرس له خۆده‌گرێت.
ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی عێراقی سبه‌ی ده‌گه‌نه سلێمانی و به‌شداری كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ن
هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی عێراقی سبه‌ی ده‌گه‌نه سلێمانی و به‌شداری كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ن له‌وانه، هادی عامری، قه‌یس خه‌ز عه‌لی و عه‌ممار حه‌كیم و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری دیكه‌ی عێراق، له‌ناوی هه‌رێمیشدا سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌كان و كه‌سایه‌تییه‌كان بانگهێشتكراون.
بڕیار له‌باره‌ی سێ ئه‌نجومه‌ن ده‌درێت كه پێكهاتون له ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی و شاره‌زایان
له رۆژی دوه‌می كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا كاره‌كانی هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حزبه‌كه ده‌ستپێده‌كات و بڕیار له‌باره‌ی سێ ئه‌نجومه‌ن ده‌درێت كه پێكهاتون له ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی (کە پێدەچێت ناوه‌كه‌ی بگۆڕێت بۆ ئه‌نجومه‌نی دانایان) و ئه‌نجومه‌نی پشتیوانیی كه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ی تائێستا یه‌كلایی بوه‌ته‌وه به‌شدارینه‌كردنی ده‌یان سه‌ركرده‌ی دێرین و كادیری حزبه‌كه‌یه
به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، ئه‌وه‌ی تائێستا یه‌كلایی بوه‌ته‌وه به‌شدارینه‌كردنی ده‌یان سه‌ركرده‌ی دێرین و كادیری حزبه‌كه‌یه كه به‌هۆكاری جیاواز سبه‌ی له شاشه‌وه بینه‌ری كۆنگره‌كه ده‌بن، له ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی ته‌نها دلێر سه‌ید مه‌جید و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا به‌شداری ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه له كۆسره‌ت ره‌سوڵ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و عه‌دنان موفتی به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه به‌شداری ناكه‌ن، ئه‌وه جگه له به‌شدارینه‌كردنی مه‌لا به‌ختیار و ئه‌رسه‌لان باییز و حاكم قادر حه‌مه‌جان كه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان دوێنی له په‌یامێكی ڤیدیۆیدا به‌ڕونی هۆكاری به‌شدارینه‌كردنی خسته‌ڕو.
لاهور شێخ جه‌نگی به‌فه‌رمی وازهێنانی خۆی له یه‌كێتی راگه‌یاند
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه لاهور شێخ جه‌نگی و نزیكه‌كانی ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه (26ی ئه‌یلولی 2023) به‌فه‌رمی وازهێنانی خۆیان له یه‌كێتی راگه‌یاند، هاوكات خه‌ندان زانیویه‌تی، ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی دیاری یه‌كێتی به‌شداری له كۆنگره‌كه ناكه‌ن، له‌وانه د. به‌رهه‌م ساڵح كه ئێستا به سه‌ردانێكی نافه‌رمی له ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكایه و ناوبراویش هیچ په‌یامێكی له‌وباره‌یه‌وه نه‌داوه.
له پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا ژماره‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ 10 كه‌س كه‌مده‌بنه‌وه
سه‌ركه‌وت زه‌كی، لێپرسراوی مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتیی به میدیای حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند، "له‌پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا ژماره‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ 10 كه‌س كه‌مده‌بنه‌وه و هه‌روه‌ها پێشنیاری دروستكردنی سێ ئه‌نجومه‌نمان كردوه، كه بریتین له ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی پشتیوانی".
بافڵ تاڵه‌بانی كه سه‌رۆكه به‌بێ هیچ ركابه‌رێك هه‌ڵده‌بژێردرێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌نجومه‌نی سه‌كردایه‌تی پێكدێت له 51 كه‌س، كه سه‌رۆك و 50 ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ده‌بێت"، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ی دێت بافڵ تاڵه‌بانی كه سه‌رۆكه به‌بێ هیچ ركابه‌رێك هه‌ڵده‌بژێردرێت و هیچ جێگرێكیشی نابێت، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی حزبه‌كه ململانێ‌یان بۆ به‌ده‌ستهێنانی پۆستی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌ستپێكردبو، به‌ڵام ئه‌وه یه‌كلایی بوه‌ته‌وه كه سه‌رۆك جێگری نابێت.
سەرۆکی یەکێتی وتارێکی تایبەت پێشکەش دەکات و باس له مێژوی حزبه‌كه
لە کۆنگرەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی وتارێکی تایبەت پێشکەش دەکات و باس له مێژوی حزبه‌كه، دۆخی ئێستای یه‌كێتی و هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، دواتریش لیژنەکانی كۆنگره دروست دەکرێن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب ئامادەیە و لە کۆنگرەدا دەنگی لەسەر دەدرێت.
هه‌ر له كۆنگره‌دا په‌یكه‌رێكی نوێ بۆ مه‌كته‌ب و مه‌ڵبه‌نده‌كانی حزبه‌كه دروستده‌كرێت و به‌شێك له مه‌ڵبه‌نده‌كان تێكه‌ڵ ده‌كرێن.
ئه‌وه یه‌كه‌مینجاره كه یەکێتی كۆنگره‌ی پێش واده‌ی دیاریکراو كۆنگره به‌ڕێوه‌ده‌چێت
یه‌كێتی كه ته‌مه‌نی 48 ساڵه تائێستا پێنج كۆنگره‌ی به‌ستوه، ئه‌وه یه‌كه‌مینجاره كه كۆنگره‌ی پێش واده‌ی دیاریکراو كۆنگره به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كۆنگره‌كه‌ش له كاتێكی هه‌ستیاردا ده‌به‌ستێت كه دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی، دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ناسه‌قامگیره و ئه‌وه‌ش وایكردوه هه‌ندێك له ئه‌ندامان و چاودێرانی دۆخی یه‌كێتی به نیگه‌رانییه‌وه له ره‌وشی ئێستای حزبه‌كه بڕوانن، كه پێده‌چێت ئاینده وه‌ڵامی ئه‌و نیگه‌رانییه بداته‌وه.