خهندان-
سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگری روسیا کۆی گشتی زیانەکانی ئۆکرانیای لە ماوەی مانگی ڕابردودا راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئۆکرانیا زیاتر لە 17 هەزار کوژراو بوە، لە کاتێکدا کرێملن ڕایگەیاندوە، کە تانکی ئەبرامزی ئهمریكی وەک ئەوانی دیکە دەسوتێت.
سێرگی شۆیگو لە کۆبونەوەی وەزارەتی بەرگری روسیا ئهمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، هێزەکانی روسیا بەردەوامن لە چالاکییەکانیان لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بۆ تێکشکاندنی دوژمن.
لەم مانگەدا زیاتر لە 17 هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون
شۆیگو باسی له زیانەکانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا كرد و ڕایگەیاند، زیاتر لە 17 هەزار کەس بوە و زیاتر لە 2.7 هەزار یەکە چەک و کەرەستەی سەربازی.
لەنێو ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکاندا 7 ئۆتۆمبێلی شەڕکەری پیادەی برادلی ئەمریکی هەن
وەزیری ڕوسیا ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکاندا 7 ئۆتۆمبێلی شەڕکەری پیادەی برادلی ئەمریکی و دو تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی و تانکێکی چالنجەری بریتانی هەبون.
هێزەکانی روسیا بە شێوەیەکی بەرچاو ناوچەی کۆنتڕۆڵیان فراوانتر کردوە
شۆیگو وتی، "هێزەکانی روسیا بە شێوەیەکی بەرچاو ناوچەی کۆنتڕۆڵیان لە نزیک سێنکۆڤکا و پترۆپاڤلۆڤکا بە ئاراستەی کوبیانسکی فراوانتر کردوە".
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا
ئهوهشی خستهڕو، "ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەردەوامن لە پڕچەککردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، هەروەها کیێڤ له رێگهی سەربازە مەشقپێنەکراوەکانییهوه هێرشی بێمانا ئهنجامدهدات و ئەم جۆرە کارانە تەنها ئۆکرانیا بەرەو لەناوبردن دهبات".
وەزیری بهرگری روسیا وتیشی، وهزارهتهكهی کاردەکات بۆ زیادکردنی توانای شەڕی هێزە چەکدارەکان، لەوانەش بە دەستەبەرکردنی چەکی هاوچەرخ و باشترکردنی مەشق و راهێنانەکان.