مه‌لا به‌ختیار: به‌شداری كۆنگره‌ی پێنجه‌می یه‌كێتی ناكه‌م

04:15 - 25/09/2023

6866جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، دڵنیایه‌ هەمو ئەندامانی یەکێتی جگە له‌وانه‌ی "كه‌رامه‌تی خۆیان فرۆشتوه‌" خەمێکی گەورەیان لە ئەنجام و بنەمای کۆنگرەکە هەیە، ده‌شڵێت، "ئەوانەی لە کۆنگرەی پێشو دەرچون بە مافی دیموکراسی دەرنەچون، ئەوانەی کە دەریشنەچون لەسەر نەفرۆشتنی کەرامەتی سیاسییان دەرنەچون".

مەلا بەختیار ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند، سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبوتەوە، بافڵ تاڵەبانی پێیوایە یەکێتی لە دۆخێکی باشدایە و لە هەڵبژاردنی داهاتو ئەنجامی باش دەهێنن و دەوڵەتان لێی رازین و دو مانگی دیکە سەردانی تورکیا دەکات و کێشەکان چارەسەر دەکات.

بە نیازن 31 کەس بخەنە ئەنجومەنی باڵا، داوام کردوە پڕۆژەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا بنێرن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لە کۆنگرەی ئەمجارەدا بە نیازن 31 کەس بخەنە ئەنجومەنی باڵا، داوام کردوە پڕۆژەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا بنێرن بۆ ئەنجومەنەکە تاوەکو پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام نەیان ناردوە.

ئۆباڵی بەشدارینەکردنی ئێمە دەکەوێتە سەر مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بە تایبەتی بافڵ تاڵەبانی

مەلا بەختیار باسی له‌وه‌شكردوه‌، "ئۆباڵی بەشدارینەکردنی مەلا بەختیار و ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی باڵای یەکێتی لە کۆنگرەی ئەمجارە، دەکەوێتە سەر مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بە تایبەتی بافڵ تاڵەبانی، کۆنگرەکانی پێشو ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک تەنها ئامادەکاری بۆ دەکرا، سەرجەم هەڵوێست و رەخنەی ئەندامەکان کۆدەکرانەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرا پاشان کۆنگرە دەبەسترا".

لە کۆنگرەی ئەمجارە هەڵبژاردن بونی نییە، تەنها دەستنیشانکردن هەیە

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوه‌، "لە کۆنگرەی ئەمجارە هەڵبژاردن بونی نییە، تەنها دەستنیشانکردن هەیە، گوێ بەوەنەدراوە کە کادرە پێشکەوتوەکان و کەسوکاری شەهیدان هەڵببژێردرێن، بە ئەندامانی دیکە وتراوە کە دەنگ نەدەن بەو کەسانە".

 یەکێتی لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی رێژەی ئەگەری دەنگەکانی کەمیکردوە، سەرجەم دەرگاکانی رێککەوتنی داخستوە

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "یەکێتی لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی رێژەی ئەگەری دەنگەکانی کەمیکردوە، سەرجەم دەرگاکانی رێککەوتنی داخستوە، سەرەنجامی کۆی سیاسەتی ساڵانی رابردوی یەکێتی، یەکێتی کردوەتە بە بەشێک لە شکستەکانی حکومەت، هیچ خالێکی نەرێنی حکومەت نییە یەکێتی تێدا نەبوبێت".

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2021 یەکێتی بە رێژەی 177 هەزار و 520 دەنگ دابەزیوە

په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، مه‌لا به‌ختیار وتی، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ساڵی 2021 بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی پێشو دەنگەکانی یەکێتی بە رێژەی 177 هەزار و 520 دەنگ دابەزیوە، تەنها 6%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەر لە بەراورد ئەو دو پڕۆسەی هەڵبژاردنە، رێژەی دەنگەکانی پارتی 145 هەزار و 479 دەنگ دابەزیوە، گۆڕانیش 177 هەزار دەنگ کەمیکردوە، واتا بە سەرجەم حزبەکانەوە 500 هەزار و 190 دەنگیان لەدەستداوە".

64% خەڵکی هەرێم و کوردی ناوچە کێشەلەسەرەکان بایکۆتی دەنگدانیان کردوە

مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت، "64% خەڵکی هەرێم و کوردی ناوچە کێشەلەسەرەکان بایکۆتی دەنگدانیان کردوە، هەمو تاکێکی کورد دەزانن بەرپرسەکان چۆن گەندەڵی دەکەن و لە کام نەوت دەبەن و لە کام خاڵی سنوری قاچاخچێتی دەکەن".

 ئەو هەڵسوکەوتەی لە ئێستادا بەرامبەر ئەندامانی یەکێتی بەکاردەهێنرێت، تەنها لە سیاسەتی حزبە دیکتاتۆرییەکاندا بەدیم کردوە

رونیشیكرده‌وه‌، "ئەو هەڵسوکەوتەی لە ئێستادا بەرامبەر ئەندامانی یەکێتی بەکاردەهێنرێت، تەنها لە سیاسەتی حزبە دیکتاتۆرییەکاندا بەدیم کردوە، لاهور شێخ جەنگی و لایەنگرەکانی لە یەکێتی دورخرانەوە و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ لیستی جیاوازی خۆیان دروستبکەن و دروستیشی دەکەن".

له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار باسی له‌وه‌كردوه‌، "راستە ریفراندۆم بنەما و مافی هەرێمی کوردستانە، بەڵام شکستیهێنا و ناتوانرێت ئینکاری لە شکستەکەی بکرێت، لە کاتی ریفراندۆم دەرکەوت، کە هیچ دەوڵەتێکی پشتیوانی هەرێم نییە".

نیشانەکردن

یەکێتی