خەندان-
نه‌دیم جان وه‌زیری ته‌ندروستی پاكستان رایگه‌یاند، ده‌رزی (ئاڤاستین) له بازاڕه‌كان كێشراوه‌ته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی بوه هۆی هه‌وكردنی توندی چاو و له‌ده‌ستدانی بینایی له توشبوانی شه‌كره له پارێزگای په‌نجاب، هه‌روه‌ها فه‌رمانی لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ركردوه و پۆلیسیش به‌دوای دابینكه‌رانی ئه‌و ده‌رزیه‌دا ده‌گه‌ڕێت.
نه‌دیم جان له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، دۆسیه‌یه‌ك له دژی دو دابینكه‌ری هه‌ڵهاتوی ده‌رزی دروستكراوی ناوخۆیی كه به ئاڤاستین ناسراوه تۆمار كراوه.
حكومه‌تی ناوخۆیی په‌نجاب لیژنه‌یه‌كی له پێنج پسپۆڕ پێكهێناوه
وتیشی، "حكومه‌تی ناوخۆیی په‌نجاب لیژنه‌یه‌كی له پێنج پسپۆڕ پێكهێناوه بۆئه‌وه‌ی به‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌ته بكه‌ن و له ماوه‌ی سێ ڕۆژدا ڕاپۆرتێك پێشكه‌ش بكه‌ن".
توشبوانی نه‌خۆشی شه‌كره له لاهور و كاسور و ناوچه‌كانی دیكه ده‌رزی ئاڤاستین وه‌رده‌گرن
جه‌مال ناسر به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی په‌نجاب ڕایگه‌یاندوه، "توشبوانی نه‌خۆشی شه‌كره له لاهور و كاسور و ناوچه‌كانی دیكه ده‌رزی ئاڤاستین وه‌رده‌گرن بۆ چاره‌سه‌ركردنی زیانه‌كانی تۆڕه‌ی چاو".
به‌كارهێنانی ده‌رزی ئاڤاستین بۆته هۆی هۆی توشبون به هه‌وكردنی سه‌خت و دواجار بۆته هۆی له‌ده‌ستدانی بینین بۆ ده‌یان نه‌خۆش.
له كۆتایی مانگی (نیسان/4)ی ساڵی 2013 له هه‌رێمی كوردستان، 30 نه‌خۆش ده‌رزی ئاڤاستینیان بۆ به‌كارهێندرا و دواتر دۆخی ته‌ندروستیان تێكچو، بۆ چاره‌سه‌ریش ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا كران، له‌و رێژه‌یه‌ش نۆ كه‌سیان چاویان ده‌رهێندرا و 21 دیكه‌شیان زیان به چاویان گه‌یشت و به‌رده‌وام چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌یانی ده‌ركرد، به‌جۆرێك ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌ردو چاویان ده‌رهێندرا به‌بڕی 500 هه‌زار دۆلار، ئه‌وانه‌ی یه‌ك چاویان ده‌رهێندرا به‌بڕی 300 هه‌زار دۆلار، ئه‌وانه‌شی زیان به‌چاویان گه‌یشت به‌بڕی 200 هه‌زار دۆلار قه‌ره‌بوكرانه‌وه.