خه‌ندان-
مانگی (تشرینی یەکەم/10) نزیکدەبێتەوە له چوارەمین ساڵیادی گەورەترین ناڕەزایەتییەکانی عێراق لە دوای ساڵی 2003وه، لەکاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگیی کە حکومەت بەڕێوەدەبات، روبەڕوی "کابوس"ی نرخی دۆلار دەبێتەوە، مه‌ترسیی ئه‌وه له ئارادایه كه ئه‌مریكا سزا بەسەر ژماره‌یه‌ك بانكی دیكه‌دا بسەپێنرێت، كە سەر بە لایه‌نه‌كانی شیعه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه سودانی به‌بێ بینی بایدن گه‌ڕایه‌وه به‌غدا.
لەبری ئەوەی بەهای دینار وەک چاوەڕوان دەکرا بەرزببێتەوە، به‌ڵام دەستی بە دابەزین کرد، پێش گەڕانەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق له دوای به‌شداریكردنی لە کۆبونەوەکانی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له نیویۆرک، كه به‌بێ بینی جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا گه‌ڕایه‌وه.
هه‌رچه‌نده عێراق بڕیاریداوه كه پابەندی مەرجەکانی ئەمریکا بێت، به‌ڵام ئەو پابەندبونە کاریگەرییەکی سنورداری لەسەر بازرگانی قاچاغی دۆلار هەیە
له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردودا به‌های 100 دۆلار 157 هه‌زار دیناری تێپه‌ڕاند، هه‌رچه‌نده عێراق بڕیاریداوه كه پابەندی مەرجەکانی ئەمریکا بێت و پارە بگوازێتەوە لەڕێگەی پلاتفۆرمێکی جیهانییەوە کە واشنتن چاودێری دەکات، به‌ڵام ئەو پابەندبونە کاریگەرییەکی سنورداری لەسەر بازرگانی قاچاغی دۆلار هەیە، کە پێدەچێت زۆربەیان بۆ ئێران بچێت، کە روبەڕوی رۆژئاوا دەبێتەوە.
ترس هەیە لە فراوانکردنی سزاکان لەسەر ئەو بانکانەی سەر بە حزبە شیعەکانن، وەک ئەوەی پێشتر رویدا
سەرچاوە ئاگادارەکان به رۆژنامه‌ی "المدی"-یان راگه‌یاندوه، کە لایەنەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا وازیان لە بەستنەوەی قەیرانی دۆلار بە ئەمریکاوە هێناوە، ترس هەیە لە فراوانکردنی سزاکان لەسەر "ئەو بانکانەی سەر بە حزبە شیعەکانن، وەک ئەوەی پێشتر رویدا".
14 بانکی عێراقی له‌لایه‌ن بانكی فیدڕاڵی ئه‌مریكاوه سزادراون
لە مانگی (تەمموز/7)دا 14 بانکی عێراقی له‌لایه‌ن بانكی فیدڕاڵی ئه‌مریكاوه سزادراون و بەهای دیناریش دابه‌زینێكی مێژویی تۆمارکرد، لەوکاتەدا زانیاریه‌كان ئاماژەیان بەوە دەکرد، کە ئەو بانکانەی سزا دراون سەر بە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان بون و رەنگە سزاکان زیاتر بكرێن.
ترسی "گەمارۆ نوێیەکان" بە سەردانێکی یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەغدا نوێ بوەوە
ترسی "گەمارۆ نوێیەکان" بە سەردانێکی ئەلیزابێس رۆزنبێرگ، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ بەغدا، پێش ئەوەی سودانی گەشت بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێ بوەوە، شارەزایانی بواری ئابوری پێیانوابو کە سەردانەکەی رۆزنبێرگ بۆ یارمەتیدانی بانکی ناوەندی نییە، وەک لە هه‌واڵه فەرمییەکەدا هاتوە، بەڵکو بۆ هەڕەشەکردنە لە سزای نوێ ئەگەر قاچاغچێتی بەردەوام بێت.
قەیس خەزعەلی سەپاندنی مەرجەکانی واشنتنی بۆ گواستنەوەی دۆلار لە عێراق بە "جەنگی ئابوری" وەسف کردبو
پێش ئەوەش قەیس خەزعەلی، ئه‌مینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هه‌مانه‌نگی، سەپاندنی مەرجەکانی واشنتنی بۆ گواستنەوەی دۆلار لە عێراق بە "جەنگی ئابوری" وەسف کردبو.
هاوپەیمانی شیعەکان بێده‌نگی هه‌ڵبژارد کاتێک سەرۆک وەزیران بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت و دوێنێ شه‌ممه‌ش سەردانەکە کۆتایی هات و گه‌ڕایه‌وه به‌غدا، پرسی دۆلاریش له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریكا لە لوتکەی فایلەکاندا بو.
لەبری ئەوەی چاوەڕوانی بەرزبونەوەی نرخی دینار بکرێت، پێش گەڕانەوەی سودانی، جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزی
لەبری ئەوەی چاوەڕوانی بەرزبونەوەی نرخی دینار بکرێت، دوای ئەوەی سودانی لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا کۆبونەوە، جارێکی دیکە دراوەکە داڕما، به‌ڵام له‌ناكاو دوێنێ جارێكی دیكه به‌های دینار كه‌مێك به‌رزبونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌بینی.
نەبیل مەرسومی، مامۆستای ئابوری لە زانکۆی "المعقل" لە بەسرە پێیوایە بەردەوامی دابەزینی بەهای دینار بە مانای شکستی دانوستانەکانە بۆ گۆڕینی دۆلار بە دراوەکانی تر لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران.
پێدەچێت ئەمریکا رەتیکردبێتەوە "یۆرۆ و یوانی چینی و درهەمی ئیمارات" لە ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و ئێران‌دا بەکاربهێنرێت
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ دەڵێت، پێدەچێت ئەمریکا رەتیکردبێتەوە "یۆرۆ و یوانی چینی و درهەمی ئیمارات" لە ئاڵوگۆڕی نێوان عێراق و ئێران‌دا بەکاربهێنرێت، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌كات كه رەنگە واشنتن ئەو رێوشوێنەی بە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زانیبێت.
پێش ئەوەی بچێتە نیویۆرک، سودانی هەنگاوی نوێی لە پرسی قەیرانی ئاڵوگۆڕی دۆلاردا ڕاگەیاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئەو هەنگاوانە بازاڕی هاوتەریب "دابەش دەکات".
سەرۆک وەزیران دوپاتی کردەوە، "لایەنی ئێرانی لە دوایین کۆبونەوەدا حکومەتی ئاگادار کردەوە کە مامەڵەکردن بە دۆلار رابگرێت و له‌جێگه‌ی ئه‌و بە یۆرۆ، یوان، درهەم، دیناری عێراقی، یان تمه‌نی ئێرانی مامه‌ڵه بكرێت".
سودانی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێهێناوە، لەکاتێکدا وەک چاوەڕوان دەکرا چاوی بە بایدن بکەوێت
دوێنێ نوسینگەی سودانی رایگەیاند، سودانی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کۆتایی پێهێناوە، لەکاتێکدا وەک چاوەڕوان دەکرا چاوی بە جۆو بایدن، سەرۆک ئه‌مریكا بكه‌وێت، به‌ڵام دیداره‌كه ئه‌نجامنه‌درا.
زانیاریه‌كان ئاماژە بەوە دەکەن، کە رەنگە سەردانەکە بۆ کاتێکی تر دواخرابێت، کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا بێت، ئەوەش بە هۆکارێک کە رەنگە پەیوەندی بە قەناعەتنەکردنی واشنتنەوە هەبێت بە هەنگاوەکانی حکومەت سەبارەت بە پرسی پەیوەندی لەگەڵ تاران.
پێدەچێت ئەنجامی سەردانەکە "نه‌رێنی" بێت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی
پێدەچێت ئەنجامی سەردانەکە "نه‌رێنی" بێت بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرەڕای دڵنیاییەکانی حکومەت، چونکە یەکەمیان ترسی ئەوەی هەیە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەسەر پرسی نرخی دۆلار دروستببێت لەگەڵ نزیکبونەوەی ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی مانگی (تشرینی یەکەم/10).
محەمەد نوری، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، پێشتر رەخنەی لە عه‌لی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی عێراق گرتبو کە هیچ چارەسەرێکی ستراتیژی رونی نییە بۆ ئەوەی "لە قەیرانەکە دەربچێت".