خهندان-
رابیحە حەمەد، ئهندامی سهركردایهتیی یەکێتی رایگەیاند، چالاکی دەزگای هەواڵگیری تورکیا (میت) لەناو شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە زیادبوندایە، ئەوەش مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستکردوە.
ڕابیحە حەمەد، كه هاوكات بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتییه لە بەغدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه، "تورکیا بەردەوام هەڕەشە لە هەرێم دەکات، فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکی بەسەر هەرێمدا دەسوڕێتەوەو مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروستکردوە، بەتایبەت هێرشی درۆنەکانی تورکیا ناوچە سنورییەکانی تێپەڕاندوەو لەناو جەرگەی هەرێم خەڵک دەکاتە ئامانج".
بونی میتی تورکیا لە ناو شاروشارۆچکەکان "لە زیادبوندایە"
ئاماژهی بهوهشكرد، بونی میتی تورکیا لە ناو شاروشارۆچکەکان "لە زیادبوندایە"، ئەمە تەنها مەترسی لەسەر سلێمانی دروست نەکردوە، بەڵکو بوەتە مەترسی بۆ سەر هەمو کوردستان و قەوارەکەش، مەرج نییە هاوکارانی تورکیا کەسی تورک بن، ئەوەتا وەزیری بەرگری تورکیا ناوی هێز و لایەنی سیاسی دەهێنێت.
18ی ئەم مانگە، فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا، فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج، هێرشەکە بوەهۆی گیان لەدەستدان و برینداربونی ژمارەیەک کارمەندی دەزگای دژە تیرۆری یەکێتی.
زۆربەی لایەنە عێراقییەکان سهركۆنهی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەتیان کرد
ڕابیحە حەمەد، دەڵێت، "زۆربەی لایەنە عێراقییەکان سهركۆنهی هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی عەربەتیان کرد، بەڵام سهركۆنهكردن سودی نییە، دەبێت ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بنێت".
سەرباری بەردەوامی هێرشی فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق جگە لە سەرکۆنەکردن و ئیدانە کردنی هێرشەکان، هیچ هەنگاوێکی کرداری بەرامبەر تورکیا نەگرتووەتەبەر.
حکومەتی عێراق بۆ هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان نانێت
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، وتی، "حکومەتی عێراق بۆ هەنگاوی کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان نانێت، دەبێت خۆی وەڵام بداتەوە، ئایا ژێر بە ژێر دەستی لە هێرشەکاندا هەیە، یاخود هەڵوێستی بۆ وەرناگیرێت؟".
خۆ عێراق قەرزاری تورکیا نییە تا هەنگاوی بەرامبەر نەگرێتە بەر، لە مەسەلەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشدا لەگەڵ عێراق، تورکیا سودمەندی سەرەکییە
هەروەها وتیشی، "تورکیا گەمارۆی ئاوی خستوەتە سەر عێراق و خەریکە دیجلەو فورات وشک دەکات، خۆ عێراق قەرزاری تورکیا نییە تا هەنگاوی بەرامبەر نەگرێتە بەر، لە مەسەلەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشدا لەگەڵ عێراق، تورکیا سودمەندی سەرەکییە، گەر عێراق دەرگای بازرگانی بەڕوودا دابخات، دەیان دەرگای تری هەیە بیکاتەوەو تورکیا گەورەترین زەرەر دەکات".
عێراق کارتی فشاری زۆرە و بەکاری ناهێنێت
رابیحە حەمەد جەختیکردەوە، "عێراق کارتی فشاری زۆرە و بەکاری ناهێنێت، ئایا بابەتی ژێر بە ژێر لە ئارادایە و نایەوێت هەڵوێست وەربگرێت، یان دەیەوێت هەرێم زیاتر لاواز ببێت".
بەردەوام هۆشداری دەدەینە بافڵ تاڵەبانی لە زیادبونی چالاکییە تیرۆرستییەکان لە سلێمانی
یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا، ڕایگەیاند، "بەردەوام هۆشداری دەدەینە بافڵ تاڵەبانی لە زیادبونی چالاکییە تیرۆرستییەکان لە سلێمانی، داوامانکردوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گروپە تیرۆرستییەکان بپچڕێنێت، ئهگەر نا دۆخی داهاتو لە بەرژەوەندی سلێمانی نابێت".
وەزیری بەرگری تورکیا، دەڵێت،"ئاگاداری هەموو شتێکین، لەگەڵ دۆستە عێراقییەکانمان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتووگۆداین لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام نامانەوێت هەنگاوی بنەڕەتی بنێین".
یەکێتی پشت ئەستورە بە جەماوەرەکەی و چۆک دانادات بۆ هێرش و فشارەکان
ڕابیحە حەمەد، لەبارەی هۆشدارییەکانی وەزیری بەرگری تورکیا بە سەرۆکی حزبەکەی، وتی، "یەکێتی پشت ئەستورە بە جەماوەرەکەی و چۆک دانادات بۆ هێرش و فشارەکان، سەرۆک بافڵ لەوە گەورەترە تەسلیمی ئەمری واقیع بکرێت، ئهگەر بیانەوێت بەداخستنی فڕۆکەخانە و هێرش، یەکێتی ناچار بکەن، تا چییان بوێت بۆیان بکرێت، یەکێتی ئەمە ناکات."
بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، وتیشی، "یەکێتی لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا مامەڵە لەگەڵ هەڕەشەو فشارەکان دەکات، کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد دەکات".