وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا داوای رێگه‌گرتن له‌ "شه‌ڕێكی گه‌وره‌" ده‌كات

07:57 - 23/09/2023

7374جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا له‌ وتاره‌كه‌یدا له‌ كۆبونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان هێرشیكرده‌ سه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا و داوایكرد، وڵاتانی جیهان رێگری له‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ بكه‌ن و رایگه‌یاند، وڵاتانی رۆژئاوا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیان نابن و له‌ ئیمپڕاتۆریه‌تێكی "درۆ" دروستكراون.

سێرگی لاڤرۆڤ له‌ میانی كۆبونه‌وه‌ی سیاسی گشتیی خولی 78ه‌مین كۆبونه‌وه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ڕایگه‌یاند، "زۆرجار ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا پابه‌ندبونه‌كان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ و جێبه‌جێی ناكه‌ن، به‌و پێیه‌ی ڕۆژئاوا ئیمپراتۆریه‌تێكی درۆیه‌".

ئه‌مریكییه‌كان و ئه‌وروپییه‌كان كه‌ خویان گرتوه‌ به‌ بێڕێزیه‌وه‌ ته‌ماشای باقی جیهان بكه‌ن

وتیشی، "ئه‌مریكییه‌كان و ئه‌وروپییه‌كان كه‌ خویان گرتوه‌ به‌ بێڕێزیه‌وه‌ ته‌ماشای باقی جیهان بكه‌ن، زۆرجار به‌ڵێن ده‌ده‌ن و به‌ڵێنه‌كانیان ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، له‌وانه‌ش به‌ڵێننامه‌ی نوسراو و یاسایی پابه‌ندكه‌ر، دواتر به‌ ساده‌یی جێبه‌جێی ناكه‌ن، وه‌ك سه‌رۆك ڤلادمیر پوتن سه‌رۆكی روسیا ده‌ڵێت، ڕۆژئاوا ئیمپراتۆریه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی درۆیه‌".

ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی جارێكی تر وه‌ك چۆن له‌ ڕابردودا چه‌ندینجار ڕویداوه‌، ئێستا له‌ گۆڕه‌پانێكدا وه‌ستاوه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا داوایكرد ڕێگری له‌ چونه‌ ناو شه‌ڕێكی گه‌وره‌ بكرێت و وتی، "ئه‌مڕۆ مرۆڤایه‌تی جارێكی تر وه‌ك چۆن له‌ ڕابردودا چه‌ندینجار ڕویداوه‌، ئێستا له‌ گۆڕه‌پانێكدا وه‌ستاوه‌، چۆنێتی گه‌شه‌كردنی مێژو په‌یوه‌سته‌ به‌ ته‌نها ئێمه‌وه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شدایه‌ ڕێگری بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چینه‌ ناو شه‌ڕێكی گه‌وره‌ و داڕمانی كۆتایی میكانیزمه‌كانی هاوكاری ده‌وڵه‌ت و نێوده‌وڵه‌تی كه‌ له‌لایه‌ن نه‌وه‌كانی باوباپیرانمانه‌وه‌ دامه‌زراون".

"سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌وڵه‌ ته‌نیا به‌ هێنانه‌دی هاوسه‌نگییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ مسۆگه‌ر ده‌كرێت

ده‌شڵێت، "سه‌ركه‌وتنی ئه‌م هه‌وڵه‌ ته‌نیا به‌ هێنانه‌دی هاوسه‌نگییه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌مو وڵاتانی ئه‌ندام له‌ هه‌مانكاتدا ڕێزگرتن له‌ سروشتی نێوان حكومه‌ته‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌مان مسۆگه‌ر ده‌كرێت".

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "پێویسته‌ ڕه‌چاوی شێوازی دادپه‌روه‌رانه‌تر بكرێت بۆ پێكهێنانی ئه‌مینداریه‌تی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، هه‌روه‌ها ده‌بێت سه‌رله‌نوێ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ بناغه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بكرێت كه‌ له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دوه‌م دامه‌زرا".

سێرگی لاڤرۆگ باسی له‌وه‌شكرد، گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌ربازی ناتۆ له‌ ناوچه‌ی ئاسیا و زه‌ریای هێمن كه‌ ئاڕاسته‌ی ڕوسیا و چین ده‌كات، مه‌ترسییه‌كانی شوێنێكی گه‌رمی ته‌قینه‌وه‌ی نوێی گرژی دروست ده‌كات و بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌ش واشنتن كار له‌سه‌ر دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی سه‌ربازی-سیاسی ده‌كات".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، "په‌ره‌سه‌ندنی هیستریای سه‌ربازی له‌لایه‌ن واشنتن و هاوپه‌یمانه‌ ئاسیاییه‌كانی له‌ نیمچه‌ دورگه‌ی كۆریادا جێگه‌ی نیگه‌رانیه‌".

نیشانەکردن

روسیا