نەبونی یاسا، حاڵەتەکانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی لە عێراق زیاددەکات

02:49 - 23/09/2023

2139جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

لە ماوەی 10 رۆژدا 14 حاڵەتی هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی لە عێراق تۆمارکراوە، زۆربەی قوربانییەکانی ئەو تاوانانەش ژنانن، شارەزایانیش رەخنە لە کەموکوڕتی یاسای سزادانی عێراقی دەگرن، بەوپێیەی هیچ یاسایەک نیە مامەڵە لەگەڵ تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بکات.  

پۆلیسی کۆمەڵایەتی عێراق لە رایەگەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی پۆلیسی کۆمەڵایەتی سەر بە فەرمانگەی پەیوەندی و راگەیاندنی بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە، لە ماوەی 10 رۆژی رابردو 44 حاڵەتی هەڕەشەکردنی ئەلیکترۆنی و توندوتیژی خێزانی راگرتوە، هەوەها 9 کەسی هەڵهاتوی گەڕاندوتەوە بۆ خێزانەکانیان.

10 حاڵەتی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی لە ماوەی 14 رۆژدا

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی 10 رۆژدا 14 حاڵەتی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی تۆمارکراوە، هەروەها لەو ماوەیەدا حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی گەیشتوەتە 30 حاڵەت.

بەپێی ئاماری پۆلیسی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی ساڵی رابردو هەزار و 950 حاڵەتی هەرەشەکردنی ئەلیکترۆنی تۆمارکراوە، زۆربەی قوربانییەکانی ئەو حاڵەتەش ژنانن، هەندێکیان لە تەمەنی هەرزەکاریدان و ئەوانی دیکە تەمەنیان لە سەرو 15 ساڵە.

هیچ یاسایەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرەشەی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا بونی نییە

پێشتر خالد مەحنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، یاسایەکی دیاریکراو لە عێراقدا نییە، بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی بکات، پۆلیسیش یاساکانی ژمارە 111ی ساڵی 1969 بەرامبەر ئەو حاڵەتانە بەکاردەهێنن، کە لە بنەڕەتدا ئەو یاسایە تایبەتە بە سوکایەتی پێکردن.

لەلایەکی دیکەوە محەمەد سامەرائی شارەزای یاسایی عێراقی ئاماژەی بەوەکرد، تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، ئەو تاوانانەن کە لە رێگەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە ئەنجامدەدرێن، لە رێگەیەوە هێرشدەکرێت سەر بنکەیەکی زانیاری یان تۆڕێکی زانیاری.

ئامێرە ئەلکترۆنییەکان جگە لە هێرش بۆ سەر تۆڕەکانی زانیاری، بۆ هەڕەشەکردنی خەڵکیش بەکاردەهێنرێن

بەڵام لە هەندێک تاوانی دیکەی ئەلیکترۆنی، ئەو ئامێرە ئەلکترۆنیانە وەک ئامڕازی هەرەشەکردن بۆ سەر کەسێک بەکاردەهێنرێن، لە عێراقیش هێشتا کورتهێنان لە یاسای تاوانی ئەلکترۆنی بەدی دەکرێت، چونکە هیچ یاسایەک نیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایل و کۆمپیتەر یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرەشە لە خەڵکی دەکەن.

نیشانەکردن

عێراق