خهندان-
میدیاکانی چین بڵاویانكردهوه، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا دهگاته شاری هانگژۆ لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتهكه و چهندین دیدار لە چەند شارێکی چین ئهنجامدهدات، لەوانەش کۆبونەوەی لوتکە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاند، بڕیارە ئەسەد لەگەڵ زیاتر لە دەیان کەسایەتیی بیانی بەشداری لە مەراسیمی کردنەوەی یارییە ئاسیاییەکان بکات كه له وڵاتی چین بهڕێوهدهچێت.
ئەسەد سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا دەکات لە زنجیرەیەک کۆبونەوەدا لە چەند شارێکی چین
نوسینگەی سەرۆکایەتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەدابو، ئەسەد سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا دەکات لە زنجیرەیەک کۆبونەوەدا لە چەند شارێکی چین، لەوانەش کۆبونەوەی لوتکە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین.
بەشار ئەسەد لەلایەن سەرۆکی چینەوە بانگهێشتکراوە
بەگوێرەی ئاژانسی سانای سوریا، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا سەردانەکەی بۆ چین دەستپێدەکات، ئەوەش لە وەڵامی بانگهێشتی فەرمی شی جینپینگ، سەرۆکی چین، ئهوهش یهكهمین سهردانی فهرمی بەشار ئەسەدە بۆ ئەو وڵاتە لە ماوەی نزیکەی 20 ساڵدا.
پەیوەندی نێوان سوریا و چین، پەیوەندییەکی جیۆ سیاسییە و هیچ رەهەندێکی ئابوری پێوە دیار نییە، سوریا وەک باڵانسێکی ستراتیژییە بۆ چین، نەک تەنها لە روی سامانە سروشتییاکانییەوە، بەڵکو لە روی پێگەی جوگرافی و ئەو رۆڵەی لە هاوکێشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەتی.