هەواڵی ئەمڕۆ

سودانی و رەئیسی له‌ نیویۆرک كۆبونه‌وه‌؛ تاران له‌باره‌ی چه‌ككردنی هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات سوپاسی به‌غدا ده‌كات

09:18 - 21/09/2023

2170جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئێران له نیویۆرک كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، عێراق هەرگیز رێگە نادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەک چۆن رەتیدەکاتەوە زیان بە ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەی بگەیەنرێت، تارانیش ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ناوچەکانی نزیک سنوری باکوری عێراق.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، محەمەد شەیاع سودانى له نیویۆرک لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە خولی 78هەمینی کارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کۆبوەوە و جەختی کردەوه‌ لە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، ئاماژەی بە گرنگی خێراکردنی هەوڵەکان کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵات، لە وانە پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر بۆ گواستنەوەی گەشتیاران لە نێوان هەردو وڵاتدا.

عێراق هەرگیز ڕێگە نادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ

سودانی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسی له‌وه‌كردوه‌، "عێراق هەرگیز ڕێگە نادات خاکەکەی بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەک چۆن رەتیدەکاتەوە زیان بە ئاسایش و سەروەریی وڵاتەکەی بگەیەنرێت، بۆیە پێویستە هەمو کێشەکان لەگەڵ دراوسێ هەرییەمێکاندا بخرێنە چوارچێوەی وتوێژەوە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی قەیرانەکان".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، ره‌ئیسی سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە حکومەت و گەلەکەیەوە پێشکەش بە عێراق و حکومەت و هاوڵاتیانی کرد، بۆ ئەو میواندارییە باشەیان کە پێشکەشی زیارەت کارانی مەزراگە پیرۆزەکان کرا لە کاتی بەشدارییکردنیادا لە یادکردنەوەی چلەی ئیمام حوسێن و هاوڵەکانی، هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵاتی بە گرنگ و نایاب وەسف کرد.

ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ناوچەکانی نزیک سنوری باکوری عێراق

سه‌رۆكی ئێران هاوكات جەختی کردەوە لەوەی کە گرنگە بەرپرسانی هەردو وڵات هەوڵ بدەن بۆ پتەوکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییە دو قۆڵییەکانەوە، هەروەها ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی ناوچەکانی نزیک سنوری باکوری عێراق.