هەواڵی ئەمڕۆ

واده‌یه‌كی نوێ بۆ پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز ئاشكرا ده‌كرێت

09:05 - 21/09/2023

4388جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ده‌توانرێت یاسای نەوت و غاز لە عێراق  بە "راگری یاسا دواخراوەکان" ناوببرێت، دوای 15 ساڵ لە پێشکەشکردنی لە ئەنجومەنی نوێنەران، تائێستا بە هۆکاری سیاسی دواخراوه‌، لەكاتێکدا یاساکە بەپێی رەشنوسەکەی، رێگە بە رێککەوتنی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان دەدات کە گەرەنتی قازانج بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان دەکات و حکومەتی ناوەندیش داهاتی نەوتی دەمێنێتەوە لە سەرانسەری وڵاتدا لەسەر بنەمای پشک دابەشی دەکات.

عه‌لی المشكور، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باح-ی راگه‌یاندوه‌، "یاسای نەوت و غاز بابەتی ناکۆکی حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستانه‌، بەوپێیەی هەردوکیان لە گۆشەنیگای خۆیانەوە سەیری دەکەن، خاڵە مشتومڕاوییەکانی پڕۆژه‌ یاساكه‌ کە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە داڕێژراون، پێویستیان بە کات هەیە بۆ چارەسەرکردن".

یەکێک لە خاڵە مشتومڕاوییەکان له‌ یاساكه‌دا پێکهێنانی دەسەڵاتی یاسای نەوت و غازە
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنەی نەوت و غاز باسی له‌وه‌شكرد، "یەکێک لە خاڵە مشتومڕاوییەکان له‌ یاساكه‌دا پێکهێنانی دەسەڵاتی یاسای نەوت و غازە، کە جگە لە حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێم نوێنەری پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانیش لەخۆدەگرێت و سەرۆکەکەی وەزیری فیدڕاڵییە لە وه‌زاره‌تی نەوت، لەکاتێکدا هەرێم دەیەوێت وەزیری نەوتی هەرێم ده‌سه‌ڵاتی هاوشێوه‌ی هه‌بێت".
پێشبینی دەکات دوای هەڵبژاردنەكان  یاسای نه‌وت و غاز پەسەند بکرێت
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، پێشبینی دەکات دوای هەڵبژاردنەكانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كه‌ 18ی مانگی 12ی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، یاسای نه‌وت و غاز پەسەند بکرێت، لە عێراقدا دو دەوڵەت نییە، بەڵکو حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێم هەیە، هاوكات داوای ناوەندگەرایی یاساکە دەکات بۆ ئەوەی ڕەچاوی مافەکانی پارێزگاکان و هەرێم بکرێت.