هەواڵی ئەمڕۆ

نرخی نەوت لە سەرەتای بازرگانی ئاسیادا بەردەوامە لە دابەزین

08:48 - 21/09/2023

1786جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

نرخی نەوت لە سەرەتای بازرگانی ئاسیادا ئەمڕۆ پێنجشەممە دابەزی، دوای ئەوەی گەورەترین دابەزینی لە ماوەی مانگێکدا لە خولی پێشودا تۆمارکرد، لەکاتێکدا چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سود لە ئەمریکا کاریگەرییەکانی دابەزینی عەمبارەکانی نەوتی خاوی لەو وڵاتە سڕییەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت 67 سەنت واتا به‌ڕێژه‌ی 0.72% دابەزیوە و گەیشتوەتە 92.86 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نرخی نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکا 71 سەنت کە دەکاتە 0.79% دابەزیوە و گەیشتوەتە 88.95 دۆلار، کە نزمترین ئاستە لە دوای 14ی ئەیلولەوە.

یەدەگی فیدڕاڵی رێژەی سودی وەک خۆی هێشتەوە
شرۆڤه‌كاران لە یاداشتێکدا بۆ کڕیارەکانی دەڵێن، "یەدەگی فیدڕاڵی لە کۆبونەوەی دوێنێی لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدڕاڵیدا رێژەی سودی وەک خۆی هێشتەوە، وەک ئەوەی بە شێوەیەکی بەرفراوان چاوەڕوان دەکرا، بەڵام هێشتا وەک وەستانێکی کاتی سەیر دەکرێت، کە هەندێک فشار دەخاتە سەر سەروەت و سامانە مەترسیدارەکان وەک نەوت.
بانکی ناوەندی ئەمریکا رێژەی سودی پاراست و لە هەمانکاتدا پابەندبو بە سیاسەتی توندکردنەوە
بانکی ناوەندی ئەمریکا رێژەی سودی پاراست و لە هەمانکاتدا پابەندبو بە سیاسەتی توندکردنەوە، ئەوەش بەو مانایەیە، کە پێش کۆتایی ساڵ بەرزبونەوەی پێشبینیکراو لە رێژەی سوددا هەیە.
پابەندبون بە سیاسەتی توندکردنەوە  فشاری دابەزینی لەسەر نرخی نەوت دروستکرد
پابەندبون بە سیاسەتی توندکردنەوە بوەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بۆ بەرزترین ئاست لە سەرەتای مانگی ئازارەوە، ئەوەش فشاری دابەزینی لەسەر نرخی نەوت دروستکرد، چونکە بەهێزی دۆلار بە گشتی کاڵا سەرەتاییەکانی وەک نەوت بۆ کڕیاران گرانتر دەکات لە چاو خاوەن دراوەکانی دیکە.

بازاڕەکانی وزە کاردانەوەیەکی کەمیان بەرامبەر بەو داتایانە نیشاندا کە دوێنێ چوارشەممە لەلایەن ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە، کە هەفتەی رابردو دابەزینی کۆگاکانی نەوتی خاوی نیشاندا، ئەوەش هاوتەریبه‌ لەگەڵ پێشبینییەکان.
 لە هەفتەی رابردودا دو ملیۆن و 140 هەزار بەرمیل لە کۆی کۆگاکاندا دابەزینی بەخۆوە بینیوە
ئەو داتایانە دەریانخستوە، کە لە هەفتەی رابردودا دو ملیۆن و 140 هەزار بەرمیل لە کۆی کۆگاکاندا دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

نیشانەکردن

نەوت