هەواڵی ئەمڕۆ

بەرپرسێکی حکومەتی ھەرێم: برادەرانی ئێران ڕازیین بە ڕێکارەکانی پاراستنی سنور

08:56 - 20/09/2023

4241جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران رایگه‌یاند، ھەرێم و ئێران لێک تێگەیشتنیان ھەیە بۆ پاراستنی سنوری نێوانیان، ده‌شڵێت، "شەش مانگە ھیچ ھێرشێک و کردەوەیەک دژی ئێران ئەنجام نەدراوە لەناو خاکی ھەرێم و ھێندەی منیش ئاگادارم برادەرانی ئێران ڕازیین بە ڕێکارەکانی پاراستنی سنور لەلایەن ھەرێمی کوردستان".

لەگەڵ  ئێران گەیشتوینەتە ڕێککەوتن لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە ھێرشی چەکداری نه‌کرێتە سەر ئێران
عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکانی ھەرێم و ئێران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوه‌، "لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گەیشتوینەتە ڕێککەوتن لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستانەوە ھێرشی چەکداری نه‌کرێتە سەر ئێران، یان بارەگای فەرمیی لەسەر سنوری نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران ھەبێت، ھەنگاوی باش نراون بەڵگەشمان ھەیە ماوەی شەش مانگە ھیچ کردەوەیەک دژی ئێران لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان نەکراوە، ئێرانیش خۆی ئەوە دەزانێت".
رێگە نادەین ھیچ کەسێک ببێتە مەترسی بۆسەر دراوسێکانی ھەرێم ھەم بۆ تورکیا و ھەمیش بۆ ئێران
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا لێکتێگەیشتن ھەیە و ئێرانیش رەزامەندە لەسەر ئەو ھەنگاوانەی نراون، "ئێمەیش رێگە نادەین ھیچ کەسێک ببێتە مەترسی بۆسەر دراوسێکانی ھەرێم ھەم بۆ تورکیا و ھەمیش بۆ ئێران".
ئەوەی لەتوانای ھەرێمی کوردستاندابێت لەڕوی ئەمنییەوە ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی سنورەکان
عەبدوڵا ئاکرەیی باسی له‌وه‌شكرد، "ئەوەی لەتوانای ھەرێمی کوردستاندا بێت لەڕوی ئەمنییەوە ئەنجامی دەدات بۆ پاراستنی سنورەکان، لەبەرئەوەی بازرگانی و ھاتوچۆی ھاووڵاتییانی ئێمە لەسەر سنوورەکانە، ھێندەی منیش ئاگادارم برادەرانی ئێران ڕازین بە ڕێکارەکانی پاراستنی سنور لەلایەن ھەرێمی کوردستان".

دوێنێ سێشه‌ممه‌ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، سەرجەم ئەو بارەگایانەی لە سنوری هەرێم و ئێران جێگیرکرابون ولەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەدەبران، بە شێوەیەکی یەکجاری چۆڵکران.

ئاماژەیان بەوەشکردوە، هێزی سنوری عێراقی لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە و ئاڵای عێراق لەسەر بارەگاکان بەرزکراوەتەوە، دوپاتی دەکەنەوە کە ئاسایشی سنوری عێراق ئەرکێکی هاوبەشە.