وه‌زیری به‌رگری عێراق چاره‌نوسی هێزه‌ كوردیه‌كانی ئێران ئاشكراده‌كات

08:26 - 20/09/2023

2521جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سابت عه‌باسی وه‌زیری به‌رگری عێراق رایگه‌یاند، ئاماده‌بونی ئۆپۆزسیۆنی كوردی ئێران له‌ پێنج ئۆردوگای ناوخۆی وڵاتدا سنوردار ده‌كرێت، "پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق هێڵی سوریه‌ و رێگه‌ی پێناده‌ین". 

سابت عه‌باسی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر سنوری ئێران جێگیركراون، ده‌ستوری عێراقیش ڕێگه‌ به‌ بونی هیچ ڕێكخراوێكی چه‌كداری نادات له‌سه‌ر سنوره‌كانمان، سه‌رجه‌م هێزه‌ كوردیه‌كانیش كه‌ له‌ هه‌رێمی كرودستانن بۆ پێنج ئوردوگا له‌ناوخۆی عێراق ده‌گوازرێنه‌وه‌.

ڕێگه‌ ناده‌ین سه‌روه‌ری عێراق پێشێل بكرێت

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "ڕێگه‌ ناده‌ین سه‌روه‌ری عێراق پێشێل بكرێت، ئه‌مه‌ش هێڵی سوره‌، هه‌روه‌ها ڕێگه‌ ناده‌ین خاكه‌كه‌مان بكرێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هیچ یه‌كێك له‌ وڵاتانی دراوسێ، رێگه‌ی دیپلۆماسی و سیاسیمان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا".

ڕاوێژكاری سه‌ربازی له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ن

سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، وه‌زیری به‌رگری عێراق دوپاتیكرده‌وه‌، هیچ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌سه‌ر خاكی عێراق نییه‌ و وتی، "ڕاوێژكاری سه‌ربازی له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ن كه‌ ڕاوێژكاری له‌باره‌ی مه‌شق و ڕاهێنان و پڕچه‌ككردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن".

ئێمه‌ پێویستمان به‌ هێزی شه‌ڕكه‌ر نیه‌

سابت عه‌باسی باسی له‌وه‌شكردوه‌، لیژنه‌یه‌كی باڵای سه‌ربازی له‌ نێوان به‌غدا و واشنتن بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی تیرۆر و ڕێكخستنی كاری ڕاوێژكاران پێكهێنراوه‌، كۆبونه‌وه‌كانی لیژنه‌كه‌ش به‌رده‌وامن و دوایین كۆبونه‌وه‌ش چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا له‌ بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د ئه‌نجامدرا، "ئێمه‌ پێویستمان به‌ هێزی شه‌ڕكه‌ر نیه‌ و هێزه‌كانمان ئاماده‌ن بۆ پاراستنی خاكی عێراقییه‌كان".

نیشانەکردن

عێراق