خهندان-
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران رایانگەیاند، سەرجەم بارەگای هێزە کوردییەکان لە عێراق و هەرێم بە شێوەیەکی یەکجاری چۆڵکران، هێزی عێراقی لەو نزیک بارەگاکان بڵاوەیان پێکراوە و ئاڵای عێراق بەرزکراوەتەوە و دەشڵێن، "پاراستنی سنوری عێراق ئەرکێکی هاوبەشە."
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، سەرجەم ئەو بارەگایانەی لە سنوری هەرێم و ئێران جێگیرکرابون ولەلایەن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەدەبران، بە شێوەیەکی یەکجاری چۆڵکران.
ئاڵای عێراق لەسەر بارەگاکان بەرزکراوەتەوە
ئاماژەیان بەوەشکردوە، هێزی سنوری عێراقی لەو ناوچانە بڵاوەیان پێکراوە و ئاڵای عێراق لەسەر بارەگاکان بەرزکراوەتەوە، دوپاتی دەکەنەوە کە ئاسایشی سنوری عێراق ئەرکێکی هاوبەشە.
گفتوگۆ باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان
ئەوەشیان خستوەتەڕو، سەرجەم ئەو هێزانە بۆ ناوچەیەک دور لە سنوری عێراق و هەرێم گواستراونەتەوە و چەککراون، ئەوەی گرنگە ئەوەیە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرسەکان، باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 19ی مانگی (ئازار/3)ی ئەمساڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رێککەوتنێکی ئەمنیان بۆ چەککردن و دورخستنەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان واژۆکرد.