راوێژکارێکی سودانی: پڕۆژەکانی وەبەرهێنان گەشەسەندنی ئابوری بۆ عێراق فەراهەم دەکەن

03:33 - 19/09/2023

1567جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی زیادبونی داهاتە گشتییەکان، پێشبینی دەکرێت کورتهێنانی بودجە پڕبکرێتەوە و ئەوەش وا دەکات ئەو خەرجییەی بۆ پڕۆژە وەبەرهێنانەکانی بودجە تەرخانکراوە، بە خێرایی جێبەجێبکرێت، لە ئەنجامدا پێشکەوتن و گەشەپێدانی دارایی لە عێراق بەدی دەکرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وردی کاتەکانی خەرجی لە یاسای بودجە بەو شێوەیە بەرێوەدەچێت کە لە ڕەشنوسەکەدا داڕێژراوە، ئەوەش وێنەدانەوەی دەبێت لەسەر رۆڵی بودجە لەسەر رێرەوی پلانی دارایی ساڵانە.

زیادبونی داهاتەکانی نەوت هاوکار دەبێت لە پڕکردنەوەی کورتهێنان

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە خەرجییەکانی ئێستای وەک موچەی مانگانە و پشتیوانی و پابەندییەکانی وەزارەتی دەرەوەی پەیوەست بە قەرزە دەرەکییەکان، زیادبونی داهاتەکانی نەوت هاوکار دەبێت لە پڕکردنەوەی کورتهێنان و تێپەڕاندنی قەرزکردن بۆ بەردەوامیدان بە خەرجی بودجە.

بەجێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە لە بودجە خەرجییان بۆ تەرخانکراوە، داهاتی ناوخۆ زیاد دەکات

ئەوەشی خستەڕو، خەرجی وەبەرهێنان لەسەر ئەو پڕۆژانەی بەپێی پێشەنگییان پلانیان بۆ دانراوە، راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی داهاتی ناوخۆ، بە مەرجێک پابەندی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و کاتە دیاریکراوەکان بەبێ دواکەوتن هەبێت.

زیادبونی داهاتەکان جەخت لە سەرکەوتنی پلانی ساڵانەی دارایی عێراق دەکاتەوە

باسی لەوەشکرد، زیادبونی داهاتەکانی گشتییەکانی نەوت و داهاتەکانی دیکەش، سەرکەوتنی خەرجییەکانی پلانی ساڵانەی دارایی لە بودجە دوپاتدەکاتەوە، پڕکردنەوەی کورتهێنانیش خەرجییە وەبەرهێنانەکان خێراتر دەکات، ئەوەش دەبێتە بناغەیەک بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی دارایی.

نیشانەکردن

عێراق ئابوری_عێراق