ئەمریکا: هەوڵی گەڕاندنەوەی سەقامگیری ئابوری عێراق دەدەین

12:53 - 19/09/2023

1429جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-
بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، عێراق توانیویەتی متمانەی کەرتی بانکی و نەختینەییی بگەرێنێتەوە و هەمو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی سەقامگیری ئابوری بگەرێتەوە عێراق.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە،  محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران، لەگەڵ بریکاری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا کۆبونەوە گفتگۆیان لە بارەی هەماهەنگییەکانی نێوانیان کرد.


چەند رێکارێکیان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی دارایی گرتوەتەبەر
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبونەوەکە سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، حکومەتی بەغدا لەگەڵ بانکی ناوەندی چەند رێکارێکیان بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی دارایی گرتوەتەبەر، هەمان ئەو رێکارانە دەبێتە کلیلێک بۆ ئەنجامدانی چاکسازی ئابوریش.

هەوڵەکان بۆ سنوردارکردنی سپیکردنەوەی پارە بەردەوامە
ئەوەشی خستوەتەڕو، هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بۆ سنوردارکردنی کردوەکانی سپیکردنەوەی پارە و جێبەجێکردنی رێکارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە.
دامەزراوە بانکییەکانی عێراق خاوەن متمانەن
هەر لەو کۆبونەوەیە براین نێڵسن بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، چاکسازییە حکومییەکانی عێراق لە کەرتی بانکی و دارایی و گەڕاندنەوەی متمانەی دامەزراوە داراییەکانی عێراق بە گرنگ دەزانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیە بە هەماهەنگی کار لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق لە بوارەکانی حەواڵەی بانکی و بازرگانی بکات، هەروەها هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری ئابوری عێراق دەدەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی رابردو سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە ئەمریکا و بڕیارە، لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و باس لە پرسە ئەمنییەکانی سنوری سوریا و نوێکارییەکانی کەرتی بانکی و نەختینەیی عێراق بکەن.