خهندان-
بۆ یەکەم جار لە دوای کشانەوەی روسیا لە رێککەوتنامەی هەناردەی دانەوێڵە، یەکەم کەشتی هەڵگری گەنمی ئۆکرانیا بە دەریای رەشدا بەرێکەوت، ئەوەش وەک تاقیکردنەوەی توانای ئۆکرانیا لە کردنەوەی بەندەرەکانی بۆ پرۆسەی هەناردە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کەشتییەکی هەڵگری دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە بەندەری چۆرنۆمۆرسکەوە بە دەریای رەشدا بەرێکەوتوە، ئەوەش دەبێتە یەکەمین کەشتی کە لە دوای کشانەوەی روسیا لە رێککەوتنامەی هەناردەی دانەوێڵە، گەنمی ئۆکرانیا بگوازێتەوە.
زۆربەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بە رێگای وشکانیدا هەناردە دەکرێت
لە ئێستادا ئۆکرانیا زۆربەی دانەوێڵەکانی لە رێگەی هێڵی ئاسنین و بارهەڵگر بە رێگای وشكانیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا هەناردە دەکات، بەڵام ئەو رێرەوانە تێچوی زیاتر دەخاتە سەر ئۆکرانیا.
گەنمی ئۆکرانیا کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی جوتیارانی ئەوروپا دروستدەکات
هەناردەی گەنم و دانەوێڵەکانی دیکە بۆ وڵاتانی دراوسێ، کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی جوتیاری ئەو وڵاتانە دروستدەکات کە گەنمی ئۆکرانی هاوردە دەکەن، بۆیە هەندێک لە وڵاتان هاوردەی گەنمی ئۆکرانیان قەدەغەکردوە.
لە مانگی ئایاری ئەمساڵ، یەکێتی ئەوروپا لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەی گەنمی ئۆکرانیا هاتە دەنگ، بە بڕیاری یەکێتی ئەوروپا رێگە بە ئۆکرانیا درا گەنم بە نێو ئەو وڵاتانە هەناردە بکات، بەڵام پۆڵەندا و سلۆڤاکیا و هەنگاریا پابەندی نەبون.
جگە لەوەش هەناردەی گەنمی ئۆکرانیا لە رێگەی روباری دانوبەوە بەردەوامە، بەڵام ئەو رێرەوە بەردەوام لەلایەن روسیاوە بە سیستەمی موشەکی بۆردومان دەکرێت.