دژەتیرۆری کوردستان (CTG) زانیاری نوێ له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی عه‌ربه‌ت ئاشكرا ده‌كات

07:07 - 18/09/2023

13020جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) رایگه‌یاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربون، ده‌شڵێت، "لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا".

بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری کوردستان (CTG) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت  لە سلێمانی لەلایەن داگیرکەران و ناحەزانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە فرۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج کە بەداخەوە 3 هەڤاڵ و پێشمەرگەی قارەمانی دژەتیرۆری کوردستان شەهیدبون و 3 پێشمەرگەی تریشمان برینداربون".

لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشیمان بۆ شەهیدبونی هەڤاڵەکانمان هیوای زوچاکبونەوەش بۆ بریندرەکانمان دەخوازین بۆ هەمولایەکیشی روندەکەینەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر ئەم تاوانە تیرۆریستییە دەستپێکردوە کە بەچاوساغی نۆکەرانی بێگانە و سیخوڕانی ناوخۆیی ئەنجامدرا، بێسزا تێناپەڕێت و هەر لایەن و جاسوسێک هاوکاربوبیت روبەڕوی سزاو یاساو ویژدانی نەتەوەکەمانی دەکەینەوەو  تۆڵەی شەهیدەکانمان لە ئەستۆی ئێمەیە و ناهێڵین خوێنی گەشیان  بەهەدەربڕوات".
لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیاریەکان بە شاراوەیی دەهێڵینە
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "بۆ رایگشتی روندەکەینەوە لەبەر سەلامەتی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکان زانیاریەکان بە شاراوەیی دەهێڵینە وەو لەداهاتودا راستتییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئاشکرادەکەین".