ئەمڕۆ رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئەمریکا و ئێران ئەنجامدەدرێت

01:59 - 18/09/2023

1552جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-
بڕی شەش ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە سویسراوە حەواڵەی هەژمارە بانکییەکانی قەتەڕ کراوە و ئامادەکاری دەکرێت بۆ پڕۆسەی رادەستکردنەوەی دیلەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، "هەنگاو و پلانەکان بەبێ کێشە بەرێوەدەچن." 

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، قەتەر بە بەپرسە ئێرانی و ئەمریکییەکانی راگەیاندوە، کە بڕی شەش ملیار دۆلار لە سویسراوە حەوڵەی هەژمارە بانکییەکانی قەتەر کراوە.

پێنج دیلی ئەمریکی دەگوازرێنەوە بۆ یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی ئێران
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، بەم زوانە پێنج دیلی ئەمریکی دەگوازرێنەوە بۆ یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی ئێران و رەوانەی دەوڵەتی قەتەر دەکرێن، وە سەرجەمیان لە تەندروستییەکی باشدان.
سەرجەم هەنگاوەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە باشی بەرێوەدەچێت
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو فڕۆکەیەی دیلە ئەمریکییەکان دەگوازێتەوە تایبەتە بە دەوڵەتی قەتەر و یەکێک لە دیلەکان دو ئەندامی خێزانەکەی لەگەڵدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، "سەرجەم هەنگاوەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان بە باشی بەرێوەدەچێت."

ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ ئەمریکا پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئەنجام دەدەن و پێنج دیلی ئەمریکی و ئێرانی رادەستی هەردولایەن دەکرێن.
یەکێک لە دیلە ئێرانییەکان لە ئەمریکا دەمێنێتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، دو لە دیلەکانی ئێران دەگەرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و یەکێکیان لە ئەمریکا دەمێنێتەوە و یەکێکی دیکەیان دەچێتە وڵاتێکی سێیەم، وە هیوادارن سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشورەوە بگەرێنەوە سەر هەژمارە بانکییەکانی تاران.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی رابردو هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا رایانگەیاند، رێککەوتون لەسەر رادەستکردنەوەی چەند دیلێک و گەڕاندنەوەی بڕی شەش ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران لە کۆریای باشور و ئەو پڕۆسانەش بە نێوەندگیری قەتەر بەرێوەدەچێت.
 

نیشانەکردن