خه‌ندان ورده‌كاری بڕیاری به‌غدا بۆ ره‌وانه‌كردنی پاره‌ی سێ مانگی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوده‌كاته‌وه‌

03:08 - 17/09/2023

22664جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا بڕیاریدا به‌ ره‌وانه‌كردنی دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، واتا بۆ هه‌ر مانگێك 700 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌.

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا تاوتوێی پێشنیاری هه‌رێمی كوردستان كه‌ داوایكردبو 800 ملیار دینار بۆ موچه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت، كراوه‌، به‌ڵام به‌ ده‌نگی زۆرینه‌ی وه‌زیره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریداوه‌ دو ترلیۆن و 100 ملیار دینار ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات بۆ موچه‌ی مانگه‌كانی 7، 8 و 9ی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.

 ئه‌و پاره‌یه‌ی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت به‌ "قه‌رز" ده‌درێته‌ هه‌رێم
خه‌ندان زانیویه‌تی، ئه‌و پاره‌یه‌ی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت به‌ "قه‌رز" ده‌درێته‌ هه‌رێم، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆشدا ئه‌مینداری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق راسپێردراوه‌ به‌په‌له‌ رێوشوێنه‌كانی ناردنی پاره‌كه‌ بۆ هه‌رێم ته‌واوبكات.
هەرێم داوایکردبو چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار بده‌نه‌ هه‌رێم بۆ موچه‌ی شەش مانگ، بەڵام دەنگ لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار دراوه‌
14ی ئه‌م مانگه‌، شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران گه‌یشته‌ به‌غدا و داوایكرد مانگانه‌ تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار بده‌نه‌ هه‌رێم بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا بۆ هه‌ر مانگێك بڕیار له‌ ناردنی 700 ملیار دینار دراوه‌.
موچه‌ی مانگه‌كانی 7 و 8 واتا ترلیۆنێك و 400 ملیار دینار پێكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت 
خه‌ندان زانیویه‌تی، ئه‌وه‌ی رونبوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ موچه‌ی مانگه‌كانی 7 و 8 واتا ترلیۆنێك و 400 ملیار دینار پێكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا باس له‌وه‌كراوه‌، كه‌ بۆ موچه‌ی مانگی 9 له‌ ئێستادا سیوله‌ له‌به‌رده‌ستدا نیه‌ و له‌ ئاینده‌دا 700 ملیار دیناری پاره‌ی موچه‌ی مانگی 9ی قه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌كرێت.

پێشتر ئاوات شێخ جه‌ناب، وه‌زیری دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبو، داهاتی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم مانگانه‌ 320 ملیار دیناره‌، به‌وپێیه‌ش له‌گه‌ڵ 700 ملیار دینار كه‌ به‌غدا مانگانه‌ ره‌وانه‌ی ده‌كات، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی لێبكات كه‌ 940 ملیار دیناره‌ بۆ هه‌ر مانگێك.