بافڵ تاڵەبانی بۆ باڵیۆزی سوریا: گفتوگۆكردن تەنها رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانه‌

04:29 - 13/09/2023

1998جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ باڵیۆزی سوریا لە عێراق كۆبوه‌وه‌ و رایگه‌یاند، چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن تەنها رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبونە بەسەر ئاڵنگارییەکاندا، لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشدا هاوکار و پشتیوان دەبن.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە ماڵی مام جه‌لال لە بەغدا پێشوازیکرد لە سەتام جەدعان ئەلدندح، باڵیۆزی سوریا لە عێراق  و لەدیدارەکەدا گەشەپێدانی پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان یەکێتی، هەرێمی کوردستان و سوریا جەختیلێکرایەوە، دۆخی گشتیی عیراق و ناوچەکە و بەردەوامیی هەوڵەکان بەئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەکرا.

فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکان فاکتەرێکی گرنگی سەرکەوتنی هەوڵەکانە
لەبارەی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و هەنگاوەکانی روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، "فراوانکردنی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکان فاکتەرێکی گرنگی سەرکەوتنی هەوڵەکانە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و روبەڕوبونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستان".
چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن تەنها رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانە
سەبارەت بە دۆخی سوریا و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان بافڵ تاڵه‌بانی وتی، "چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن تەنها رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبونە بەسەر ئاڵنگارییەکاندا، لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجەشدا ئێمە هاوکار و پشتیوان دەبین".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، باڵیۆزی سوریا لە عێراق ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی سەرۆک مام جەلال کرد لە دانانی بناغەی پەیوەندیی مێژویی نێوان سوریا و هەرێم و رایگەیاند، "هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لەیادناکەین و بەڕێزەوە یادی دەکەینەوە، بێگومان دەبێت بە هەمان رێڕەوی سەرۆک مام جەلالدا هەنگاوبنێین و پەیوەندییەکانمان بەرفراوانتر و هەماهەنگییەکانمان زیاتر بکرێن".

نیشانەکردن

بافل تاڵەبانى سوریا