وەزیری دارایی عێراق په‌یامێكی له‌باره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌

05:50 - 09/09/2023

38060جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دارایی عێراق له‌په‌یامێكدا سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ زیاتر له‌ پشكی خۆی له‌ بودجه‌ وه‌رگرتوه‌، پشكەشی بۆ شه‌ش مانگی دوه‌می ئه‌مساڵ بڕی ترلیۆنێک و 500 ملیار دینارە.

بەشی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لیژنەی دارایی بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی و بە ئامادەبونی ئەندامەكانی میوانداری تەیف سامی وەزیری دارایی كرد، لەكۆبونەوەكەدا كۆمەڵێك تەوەر گفتوگۆیان لەسەر كراوە، لەوانە كۆكردنەوەی گومرگ و باج بەشێوەی ئەلیكترۆنی، گفتوگۆكردن لەسەر تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی، پلەی كار و گرێبەستەكان لە بودجەدا، هەروەها دابینكردنی بودجە بۆ پارێزگاكان و ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە .

 كارەكانی لیژنەی دارایی بە پەسەندكردنی بودجەی گشتی كۆتایی نایەت

سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاندوە، كارەكانی لیژنەی دارایی بە پەسەندكردنی بودجەی گشتی كۆتایی نایەت، بەڵكو كارەكانی بەردەوامن لە بەدواداچون بۆ دەركردنی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە بۆ چارەسەركردنی هەمو كێشەكان.

لەكۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی ڕونكردنەوەیەكی وردی لەبارەی دۆسیەی باج و گومرگی و گرنگی جێبەجێكردنی بەشێوەی ئەلیكترۆنی داوە، بۆ ئاسانكاری مامەڵەی دارایی و نەهێشتنی گەندەڵی بەربڵاوی نێوان بەڕێوەبەرایەتییەكانی گومرگ و باج و نەبونی ژێرخانی دەروازە سنورییەكان بۆ جێگیركردنی ئامێرە مۆدێرنەكان بۆ پەیوەندی ئەلیكترۆنی و راشیگەیاندوە، "پێویستییان بە پەسەندكردنی یاسای نوێ و هەمواركردنەوەی یاساكان دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن رێکارە نوێیەکان جێبەجێ بكەن".

وەزیری دارایی سەبارەت بەموچەی فەرمانبەران لە پەیامێكدا رایگەیاندوە، لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە پشكی خۆی لە بودجەدا پارەی بۆ نێردراوە، هەروەها بۆ شەش مانگی دوەمی ئەمساڵ پشكی هەرێم ترلیۆنێک و 500 ملیار دینارە.

 

باسی لەوەشكردوە، پێویستە حكومەتی ھەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێبكات و ئەوەش بە رادەستکردنی داھاتە نەوتی و نانەوتییەکان و ئاشکراکردنی راستی قەبارەی پارەی بەدەستھاتوی داهاتەكان دەبێت.