خەندان-
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكانی هەولێر رایگەیاند، هێزەكانیان لەناو شاری هەولێر شەش تۆمەتباریان دەستگیركردوە كە لەچوارچێوەی تۆڕێكی بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەردابون، یەكێك لە تۆمەتبارەكانیش هەوڵی خۆكوشتنیداوە و بەبرینداری دەستگیركراوە.
هێزهكانمان لەسەر رێگای بەحركە توانیان شەش تۆمەتبار دەستگیربكەن
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەكانی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری ئاساییش لەسەر تۆڕێكی بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەر، تیمەكانمان لەشاری هەولێر لە هەردو گەڕەكی گەنجان سیتی و بەرامبەر هەرشەم دو، لەسەر رێگای بەحركە توانیان شەش تۆمەتبار دەستگیربكەن".
یەكێك لەتۆمەتبارەكان دوای تەقەكردن لەكارمەندەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان ههوڵی خۆكوشتنیداوه
ئاماژەی بەوەشكرد، "یەكێك لەتۆمەتبارەكان دوای تەقەكردن لەكارمەندەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان لەكاتی دەستگیركردنی، هەوڵی خۆكوشتنی داوە و لەئەنجامدا خۆی برینداركردوە، دەستبەجی لەلایەن تیمەكانمانەوە تۆمەتبارەكە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەو تا ئێستاش لەژیاندایە".
ئەوەشیخستۆتەڕو، "هەندێ كەناڵی میدیایی لەسەر ئەم بابەتە چەند هەواڵ و زانیاری ناراستیان بڵاوكردۆتەوە".