خەندان-
لە روداوێکی نێو زنجیرە روداوهكانی دیکەی هاوشێوە، کچێکی گەنجی تەمەن 23 ساڵی عێراقی لە کاتی نەشتەرگەرییەکی جوانکاری دەرهێنانی چەوری لە یەکێک لە ناوچەکانی بەغدای پایتەختی عێراق گیانی لەدەستدا، سهندیكای پزیشكانیش هۆشداری لهبارهی نهشتهرگهری دهدات و به تامی "مهرگ" وهسفیدهكات.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێشتا بە دوای ئەو تۆمەتبارە دەگەڕێن کە نەشتەرگەری جوانکاری و دەرهێنانی چەوری بەبێ مۆڵەت ئەنجامداوە و خۆی وەک پزیشکی نەشتەرگەری ناساندوە.
زۆرینەی خەڵکی عێراق لەلایەن ئەو ناوەندانەوە لە ڕێگەی کەمی تێچوی نەشتەگەرییەکانەوە فریودەدرێن
روداوێکی تۆقێنەر دوبارە دۆسیەی بڵاوبونەوەی ناوەندەکانی جوانکاری هەڕەمەکی بێ مۆڵەت و نا پەیوەست بە رێکارە تەندروستییەکان لە عێراق کردەوە، زۆرینەی خەڵکی عێراق لەلایەن ئەو ناوەندانەوە لە ڕێگەی کەمی تێچوی نەشتەگەرییەکانەوە فریودەدرێن.
شێواندنی جەستە و نەخۆشکەوتن و گیانلەدەستدان بەهۆی جوانکارییەوە بەردەوامە
سەرەڕای ئەوەی لایەنی حکومی تایبەت بە چاودێری کەرتی تایبەتی تهندروستی لە هەڵمەتەکانی دژی بڵاوبونەوەی ناوەندە بێ مۆڵەتەکانی جوانکاری کاردەکەن و چەندین شوێنیان داخستوە، بەڵام هێشتا شێواندنی جەستە و نەخۆشکەوتن و گیانلەدەستدان بەهۆی جوانکارییەوە بەردەوامە لهو ناوەندانەی نەشتەرگەری ئهنجامدهدهن.
پێویستە ژمارەی هەڵمەتەکانی داخستن و بەرەنگاربونەوەی ئەو شوێنانە دو هێندە بکرێن
بە بڕوای شارەزایان، پێویستە ژمارەی هەڵمەتەکانی داخستن و بەرەنگاربونەوەی ئەو شوێنانە دو هێندە بکرێن، سزای خاوەن و دامەزرێنەرەکەیان بدرێت و هاوڵاتیان لە مەترسی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ناوەندانەی گومانیان لێدەکرێت هۆشیار بکرێنەوە.
لە کاری ناوەندەکانی جوانکاری عێراق پشێوی بەدی دەکرێت
دکتۆر حسێن شبر جێگری سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق رایگەیاند، لە کاری ناوەندەکانی جوانکاری عێراق پشێوی بەدی دەکرێت و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بونە بە بازاڕی وەبەرهێنان و قازانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەموکوڕی رێکارە یاساییەکانیش بەرامبەر ئەو ناوەندانە و ئەو کەسانەی کاری تێدا دەکەن لە بواری جوانکاری هۆکارێکی دیکەن لە بەردەوامی حاڵەتەکانی تێکچونی جەستە و گیانلەدەستدان.
سادەیی رێکارە یاساییەکان ئەو لایەنانە هاندەدەن کە زیاتر پێشێلکاری بکەن
ئەوەشیخستەڕو، سادەیی رێکارە یاساییەکان ئەو لایەنانە هاندەدەن کە زیاتر پێشێلکاری بکەن و گۆڕانکاری و بەشداریکردنی زیاتر لە بواری جوانکاریدا بکەن، لە ئێستادا ئەو کارە پزیشکییە خەریکە دەبێتە تاوانێکی راستەقینە.
دکتۆر حسێن شبر باسی لەوەشکرد، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق هەندێک کات توانای بەدیکردنی هەمو سەرپێچییەکانیان نییە و هەندێکجاریش روبەروی فشار دەبنەوە، دۆخی ئێستای ئەو حاڵەتە پێویستی بە باری لە ناکاوە بۆ روبەڕوبونەوەی.