خەندان-
دوای چەندین ساڵ لە گیانلەدەستدانی هەردو سەکردەی رژێمەکانی پێشوی لیبیا و عێراق وردەکاری لە بارەی ناکۆکییەکانیانیان ئاشکرا دەکرێت، سەرەتای ناکۆکییەکانیش لە دوەم سەردانی سەدام حسێن بۆ لیبیا دەستپێدەکات و لەو کاتەوە بێ متمانەیی لە نێوان هەردو رژێم دروستبو.
ماوەی چەندین ساڵ ناکۆکی لە نێوان عێراق و لیبیا هەبو هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ناکۆکیانەش بێ متمانهی لە نێوان موعەمەر قەزافی و سەدام حسێندابو بەو پێیەی سەدام حسێن دەیوست هەژمونی حزبی بەعس لە لیبیا زیاد بکات و ئەمەش قەزافی نیگەران کردبو.
سەرەتای ئاڵۆزییەکانی نێوان لیبیا و عێراق
عەلی سەبتی باڵیۆزی پێشوی عێراق لە لیبیا چیرۆکی کارکردنی خۆی وەک عێراقییەک لە لیبیا باس دەکات و دەڵێت، بۆ ماوەی 10 ساڵ لە لیبیا کاری کردوە و ئەرکەکەی قورس بوە بەوپێیەی پەیوەندییەکانی نێوان لیبیا و عیراق ئاڵۆز بوە و ئەو ئاڵۆزییەش لە سەردانی دوەمی سەدام حسێن بۆ لیبیا دەستی پێکرد لەو کاتەی کە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بو.
سەدام حسێن بە شێوەیەکی نهێنی چاوی بە عومەر دوعبەیس کەوت
لەو سەردانەدا سەدام حسێن بە شێوەیەکی نهێنی چاوی بە عومەر دوعبەیس ئەمینداری نهێنی حزبی بەعس لە لیبیا کەوت و موعەمەر قەزافی سەرۆکی لیبیاش ئاگادری ئەم چاوپێکەوتنە نەبو و ئەوەش بێ متمانەیی لە نێوان هەردو کەسایەتی سەدام و قەزافی دروستکرد.
دابەشبونی سیاسەتی لیبیا
موعەمەر قەزافی پەیوەندی لەگەڵ جوڵانەوەی ناسڕیە و بە سەرکردایەتی جەماڵ عەبدولناسڕی سەرۆکی پێسوی میسڕ هەبو لە هەمانکاتدا حزبی بەعسی عێراقی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵاتی لە لیبیا دەدا و بەو شێوەیە سێ لایەنی هەوڵدەر بۆ گرتنی دەسەڵات لە لیبیا دروستبو و ناسڕییەکان بونە رێکخراوێکی سیاسی سەربەخۆ و بەرپرسە سەربازییەکانیش بەسەر ناسڕییەکان و بەعسییەکان دابەشببون و لەو کاتەدا بەعسییەکانی لیبیا لەلایەن عومەر دوعەیبس سەرکردایەتی دەکران.
ناکۆکییەکان لە سەردەمی جەنگی عێراق – ئێران؛ پەیامەکانی سەدام و قەزافی
لە ساڵی 1980 لەو کاتەی جەنگی نێوان عێراق و ئێران هەڵگیرسا قەزافی پشتیوانی لە ئێران دەکرد و عێراقیش هەڕەشەی ئێرانی لەسەر بو و پێویستی بە هاوکاری لیبیاش بو و پشتیوانیەکانی قەزافیش بۆ ئێران نیگەرانییەکانی نێوان عێراق و لیبیای زیاتر کرد.
شەڕی نێوانتان بێ مانایە و هەمویان لە دۆزەخن
لە میانەی بەردەوامی جەنگ قەزافی پەیامێکی کۆدرێژکراوی ئاڕاستەی سەدام حسێن کرد و دەیوت، "شەڕی نێوانتان بێ مانایە و هەمویان لە دۆزەخن چونکە موسڵمان موسڵمانی کوشتوە".
کوژراوەکانی ئێمە لە بەهەشتن و کوژراوەکانی ئەوان و باوکی تۆش لە دۆزەخن
سەدام حسێن لە بەرامبەردا پێی وتبو، "کوژراوەکانی ئێمە لە بەهەشتن و کوژراوەکانی ئەوان و باوکی تۆش لە دۆزەخن".
جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە 22ی مانگی (ئەیلول/9) دەستی پێکرد و بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەردەوامبو و بە درێژترین جەنگی سەدەی 20 دادەنرێت و یەکێک بو لە جەنگە خوێناوییەکان زیانێکی زۆری لە روی ئابوریی مرۆییەوە هەبو.